ناپلیۆن پۆناپارت

له‌لایه‌ن: - بەناز بەها - به‌روار: 2021-07-19-15:26:00 - کۆدی بابەت: 5961
ناپلیۆن پۆناپارت

ناوه‌ڕۆك

ناپلیۆن

ناپلیۆن کە بە ناپلیۆنی یەکەمیش ناسراوە (بە ئینگلیزی: Napoleon Bonaparte)، ئیمپڕاتۆر و سەرۆکی سووپای فەڕەنسا بوو و لەسەرەتای سەدەی ١٩ زۆربەی خاکی ئەوروپای داگیرکرد.
لە دوورگەی کۆرسیکا لەدایکبووە و لە ماوەی شۆڕشی فەڕەنسادا (١٧٨٩-١٧٩٩) بەخێرایی چەندین پلەی سەربازی وەرگرت و لە ساڵی ١٧٩٩ـدا، لە کودەتای فەڕەنسا دەسەڵاتی سیاسی داگیرکرد بۆ خۆی، ناپلیۆن لە ساڵی 1804ـیشدا بوو بە ئیمپڕاتۆر، پاش شکست هێنانیشی لە جەنگی واترلۆ (بەلیجیکی ئێستا) لە ساڵی  ١٨١٥ دا، دوورخرایەوە بۆ دوورگەیەکی دوورەدەست بەناوی "ست هێلێنا" لە باشووری زەریای ئەتڵەسی و هەر لەوێ لە ساڵی ١٨٢١ کۆچی دوایی کرد. 

ژیانی ناپلیۆن پێش چونە ناو سووپا

لە ساڵی ١٧٦٩ لە دوورگەی کۆرسیکا لەدایک بووە، لە کڵێسا ناویان نا ناپلیۆن دی پۆناپارت، بەڵام پاش ئەوەی هاوسەرگیری کرد لە ساڵی ١٧٩٦ ناوی خۆی کردە ناپلیۆن پۆناپارت.
کۆرسیکا تا ئەندازەیەک سەربەخۆ بوو، ئەمەش پاش ئەوەی کە لەلایەن فەڕەنساوە لە نێوان ساڵانی ١٧٦٨ - ١٧٦٩ داگیرکرابوو (جینۆیا بەشێوازێکی ناوەکی دوورگەکەی کۆنتڕۆڵ کردبوو).
دایکی ناپلیۆن (ماریا لێتیزیا پۆناپارت) و باوکی (کارلۆ ماریا دی پۆناپارت) پاش ئەوەی پاڵپشتی یاساکانی فەڕەنسایان کرد، تەواوی ئەندامانی خێزانەکە لەلایەن حکوومەتی فەڕەنساوە بە خانەدانە ناوەنجیەکانی فەڕەنسا ناسێران. 
ئەم پێناساندنە وای کرد ناپلیۆن ئاسانتر بتوانێت بچێتە قوتابخانەی سووپا و وەک ئەفسەری تۆپهاوێژ چەندین خولی بینی.
پۆناپارت لە زمانی فەڕەنسیدا باش نەبوو، هەتاکو چووە قوتابخانەی سەربازی لە "برینێ"ـی فەڕەنسا لە نێوان ساڵانی ١٧٧٩-١٧٨٤ و لەبواری سەربازیدا زیاتر و زیاتر گەشەی سەند بەتایبەت لە ئەکادیمیای سەربازی لە پاریس، لە ساڵی ١٨٧٥ خوێندنی تەواوکرد و نوێنەرایەتی ئەوەی پێ سپێردرا کە ببێتە ئەفسەری تۆپهاوێژ لە سووپای فەڕەنسا.

گەیشتنی پۆناپارت بە هێز

شۆڕشی فەڕەنسا کە لە ساڵی ١٧٨٩ دەستی پێکرد، بووە هۆی سەرپەڕاندنی پادشای ئەوکاتەی فەڕەنسا (لویسی شانزەیەم)، ئەوەش ژینگەیەکی سیاسی ناجێگیری خوڵقاند کە تێیدا پۆناپارت دەیتوانی هێزە سەربازییەکەی بەکاربهێنێت و بەخێرایی بگاتە دەسەڵات.
دەرکەوتنی ئەو لە ساڵی ١٧٩٣دا بوو، کاتێک گرووپێکی دڵسۆز بۆ پادشایەتی فەڕەنسا بە هاوکاری بەریتانییەکان شاری تۆولانیان داگیرگرت.
دەوڵەتی کۆماری فەرمانی دەرکرد بۆ دووبارە بەدەستهێنانەوەی شارەکە، بۆ ئەمەش ناپلیۆن پۆناپارت وەک سەرۆکی ئەم فرمانە دەست بەکاربوو بۆ ئەوەی ئەوێ بخەنەوە ژێر ڕکێفی خۆیان، بۆ ئەو مەبەستەش ناپلیۆن خۆی پلانەکەی داڕشت و شارەکەی گرتەوە، پاشان لە ساڵی ١٧٩٥دا، پۆناپارت هاوکاری سەرکردایەتی کردنی هێزێکی سەربازی کرد بۆ نەهێشتنی یاخیگەری لە پاریس.

لەساڵی ١٧٩٦دا، پۆناپارت وەک فەرماندەی هێزەکانی فەڕەنسا لە ئیتاڵیا دیاریکرا و لە ماوەی ساڵێکدا هێزەکانی بەشێکی زۆری ئیتاڵیا و بەشێکی ئۆستۆریایان داگیرکرد، هەرێمە داگیرکراوەکان ناچارکران کە پارە و شمەک بدەنە فەڕەنسا، پۆناپارت سوودی لە ڕێپێوانی خێرا وەرگرت بۆ ڕێگری کردن لە هێز و دابەشکردنی هێزەکانی دوژمن.
ئەو سەربازەکانی بەشێوازێکی ستراتیژی جێگیر دەکرد بۆیە کاتێک شەڕێک ڕووی دەدا هێزەکەی ئەو زیاتر دەرکەوتن لەوەی دوژمن، ناپلیۆن ستایشی سەربازەکانی دەکرد و بە "برایانی چاکەکار" ناوی دەبردن و هەوڵی دەدا ورەیان بە بەرزی ڕابگرێت.
سەرکەوتنە سەربازییەکەی لە ئیتاڵیا ناوبانگی پۆناپارتی لە فەڕەنسا بەرزکردەوە، ئەمەش وایکرد لە حکوومەتی کۆماری فەڕەنسادا پێگەی دەسەڵاتی زیاتر بێت، پۆناپارت لە ساڵی ١٧٩٨دا سەرکردایەتی هەڵمەتی سەربازی فەڕەنسای کرد بۆ میسڕ (ئەو وڵاتەی کە لەلایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە کۆنترۆڵ کرابوو) و دەیویست میسڕ و بەشێکی زۆری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش داگیربکات. 
کاتێک لە گرتنی باکووری میسردا هەڵمەتەکەی سەرکەوتنی بەدەست هێنا، هێزەکانی پۆناپارت پەرتەوازەبوون، ئەوەش پاش ئەوەی کە بەریتانییەکان لە شەڕی نیلدا کەشتیەکی جەنگی فەڕەنسایان تێک شکاند، کە بووە هۆی ئەوەی فەڕەنسا نەتوانێت هێز و پێداویستی بۆ سەربازە ماندووەکانی پۆناپارت بنێرێت.
لەو هەڵمەتەدا لایەنی زانستی زیاتر گەشەی سەند و پۆناپارت تیمێکی گەورەی زانستی لەگەڵ خۆیدا هێنا، و چەندین زانیاری و لێکۆڵینەوەیان لەبارەی مۆمیاکراوە کۆنەکانی میسڕ کۆکردەوە، لە هەمووی گرنگتر بەردی (ڕوزیتا) یان دۆزیەوە کە دەتوانرا لە ڕێگەیەوە هێما و نوسینی هیرۆگلیفی میسرییە کۆنەکان بخوێنرێتەوە.

ئەو کاتەی کە سەربازەکانی پۆناپارت لە میسر گیریان خواردبوو، دۆخی فەڕەنسا بەرەو خراپ بوون دەچوو، نەمسا و ڕووسیا چوونە پاڵ بەڕیتانیا و ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بۆ شەڕکردن لە دژی فەڕەنسا. لە فەڕەنساش خەڵکی دڵسۆزی پاشایەتی شۆڕشێکیان بەرپا کرد و هەوڵیان دەدا حکومەتەکەیان بپارێزن، پۆناپارت سوودی لەو بارودۆخە وەرگرت و ساڵی ١٧٩٩ میسری بەجێهێشت و گەڕایەوە فەرەنسا و سەرکردایەتی کودەتایەکی سەربازی کرد، پاشانیش بە "کونسوڵی یەکەم"ـی فەرەنسا دەستنیشان کرا. 
پۆناپارت لە ساڵی ١٨٠٢دا دەستکەوتی سەربازی بەرچاوی هەبوو، لەوانەش : لە فەڕەنسا دەنگی یاخی بوانی کپ کردەوە و ئیتاڵیای داگیرکردەوە و وڵاتانی تری ناچار کرد داوای ئاشتی بکەن و دان بە شکستهاتنی سووپاکانیان بدەن لە مەیدانی جەنگدا.

جەنگەکان و کۆچی دوایی

جەنگە ناپلیۆنییەکان کە لە نێوان ساڵانی ١٨٠٣ -١٨١٥ڕوویان دا، کۆمەڵە جەنگێکی مەزن بوون کە ئیمپڕاتۆریەتی فەڕەنسا و هاوپەیمانەکانی بە سەرکردایەتی ناپلیۆنی یەکەم لەدژی کۆمەڵە بزوتنەوەیەکی بەهێزی ئەوروپایی کە پێکەوە یەکیەتی جیاوازیان درووست کردبوو، ڕوویاندا، لەم ماوەیەدا فەڕەنسا توانی زۆربەی خاکی ئەوروپا بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی.
ئەو جەنگانە لە بەرئەنجامی کێشە و جیاوازییە چارەسەرنەکراوەکانی پەیوەندیدار بە شۆڕشی فەڕەنساوە سەریان هەڵدابوو.

ناپلیۆن پاش ئەوەی لە ساڵی ١٧٩٩دا بوویە کونسوڵی یەکەمی فەڕەنسا، کۆمەڵێک بێ سەروبەری و ئاژاوەی کۆمارەکەی وەک میرات هەڵگرتەوە، بەڵام دەستی کرد بە چاکسازی و پاش ئەوە داراییەکی جێگیر و بیرۆکراسییەکی بەهێز و سوپایەکی مەشقپێکراوی تۆکمەی بۆ دەوڵەتەکە بنیادنا.
لە ساڵی ١٨٠٥دا ئەوروپا و ڕووسیا سێهەمین هاوپەیمانیان بەست و لەگەڵ فەڕەنسا شەڕیان کرد، لە وەڵامدا ناپلیۆن لە (ئاوستێرلیتز) و لە کانوونی یەکەمی ١٨٠٥دا سووپا یەکگرتووەکەی ئەوروپا و ڕووسیای تێک شکاند، کە بە مەزنترین سەرکەوتنی ئەو دەستنیشان کرا.

لە دەریاشدا بەریتانییەکان هێزی یەکگرتووی دەریایی ئیسپانیا و فەڕەنسایان لە جەنگی (ترافلگار) و لە ٢١ی تشرینی یەکەمی ١٨٠٥دا، تێک شکاند. ئەم سەرکەوتنە، کونتڕۆڵی بەریتانییەکانی بەسەر دەریاکاندا دەستەبەر کرد و ڕێگری کرد لە داگیرکردنی خودی بەریتانیاش.
پرەشا لە بەهێزتر بوونی فەڕەنسا دەترسا، بۆیە چوارەم هاوپەیمانی لەگەڵ ڕووسیا، سوید و ساکسنی بەست و لە تشرینی یەکەمی ١٨٠٦دا  دووبارە شەڕ لە نێوانیاندا ڕووی دایەوە، ناپلیۆن پرەشیەکانی لە جێنا و ڕووسەکانیشی لە فریدلاند وەدەرنا، ئەمەش ئاشتییەکی نائارامی خوڵقاند، ئاشتینامەکە بەردەوام نەبوو و شکستی هێنا و لە ساڵی ١٨٠٩دا جەنگ بەرپا بوویەوە و پێنجەم هاوپەیمانی کە هاوپەیمانییەکی ناتۆکمە و لاواز بوو بە سەرکردایەتی نەمسا بەسترا. سەرەتادا نەمساییەکان لە ئەسپێرن- ئیسلینگ سەرکەوتنێکی ناوازە و مەزنیان بەدەست هێنا، بەڵام پاش ماوەیەکی کەم و بەخێرایی لە واگرام شکستیان هێنا.

ناپلیۆن بەهیوای دابڕاندن و لاوازکردنی بەریتانیا لە ڕووی ئابوورییەوە و لەرێی سیستەمە کیشوەریەکەوە، هێرشکردنە سەر پورتوگالی وەک تەنها ویلایەتی کیشوەری ئەوروپا، بە بژاردە بینی. 
پاش داگیرکردنی لیزبۆن (پایتەخت و گەورەترین شاری پورتوگال) لە کانوونی یەکەمی ١٨٠٧دا و بەئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە هێزی فەڕەنسی لە ئیسپانیادا، ناپلیۆن سوودی لەم دەرفەتە وەرگرت و لەگەڵ ویلایەتە پێشووەکەی خوی ڕووبەڕوو بوویەوە. خێزانی پاشایەتی ئیسپانیای لەسەرکار لادا و لە ساڵی ١٨٠٨دا براکەی خۆی کردە پادشای ئیسپانیا.
ئیسپانییەکان و پورتوگالیەکان بە پاڵشتی بەریتانییەکان شۆڕشێکیان بەرپا کرد و لە ساڵی ١٨١٤دا و پاش شەش ساڵ لە شەڕکردن فەڕەنسییەکانیان لە ئیبریا دەرکرد.

هاوکات ڕووسیا ئامادەنەبوو ئەو بارگرانییە قبوڵ بکات کە بەهۆی کەمبوونەوەی بازرگانییەوە هاتبووە پێش، بۆیە سیستەمی کیشوەری هەڵوەشاندەوە و ناپلیۆنی ناچار کرد کە لە ساڵی ١٨١٢دا هێرش بکاتە سەر ڕووسیا، و ئەنجامی کەمپینەکە بە کارەسات کۆتایی هات و نزیکیش بوو لە ڕووخانی سوپا مەزنەکەی ناپلیۆن.
بۆ هاندانی شکستی زیاتری فەڕەنسا سوید و نەمسا و پرەشا و ڕووسیا شەشەمین هاوپەیمانی نوێیان بەست و کەمپینێکی نوێیان لە دژی فەڕەنسا دەست پێ کرد، لە تشرینی یەکەمی ١٨١٣دا و لەلایپزیگ و پاش چەندین پێکداچوونی ناسەرکەوتوو بە تەواوی شکستیان بە ناپلیۆن هێنا. 
پاشان هاوپەیمانان لە ڕۆژهەڵاتەوە هێرشیان کردە سەر فەڕەنسا, لەکاتێکدا شەڕی نیمچە دوورگەیی گەیشتبوویە باشووری ڕۆژئاوای فەڕەنسا.

هێزەکانی هاوپەیمانان لە کۆتایی مانگی ئاداری ١٨١٤دا، پاریسیان داگیرکرد و ناپلیۆنیان خستە ژێر فشاری وازهێنان لە پاشایەتی و گۆشەگیر بوون، ئەو بۆ دوورگەی ئێلبا دوورخرایەوە و بۆوربۆنەکانیان گەڕاندەوە سەر دەسەڵات.
ناپلیۆن لە مانگی شوباتی ١٨١٥دا ڕایکرد و بۆ ماوەی ١٠٠ ڕۆژ کۆنتڕۆڵی فەڕەنسای کردەوە، پاش پێکهێنانی هاوپەیمانی حەوتەم هاوپەیمانان لە حوزەیرانی ساڵی ١٨١٥ و لە واتەرلۆ بۆ هەمیشە کۆتاییان بە ناپلیۆن هێنا و بۆ دوورگەی ساینت هێلێنا دووریان خستەوە و پاش شەش ساڵ هەر لەوێ کۆچی دوایی کرد.

جۆسیفن

هاوسەرگیری ناپلیۆن و جۆسیفن لەسەر بنەمای خۆشەویستی و سۆز بووە نەک دەستکەوتی سیاسی، بەڵام بە هۆکاری سیاسی کۆتایی هات کاتێک ئاشکرا بوو کە جۆسیفن ناتوانێت میراتگرێک بخاتەوە.

ماری جۆزێف ڕۆز تاچەر دێ لا پەیجری لە ساڵی ١٧٦٣ لە مارتینیک لە خێزانێکی کریۆلی سپی پێستی دەوڵەمەند لەدایکبووە کە خاوەنی کێڵگەی شەکربوون و ساڵی ١٧٩٩ هاوسەرگیری لەگەڵ ئەلیکساندر دی بیوهارناسی کرد و بوونە خاوەنی دوو منداڵ.
پاش ئەوەی لە ساڵی ١٧٦٦ گەردەلوول زەویەکانی وێران کردن، پوری جۆسفن باسی لە گرنگی هاوسەرگیری خوشکە بچوکترەکەی جۆسیفن (کاترین دیزایەر) کرد لەگەڵ ئەلێکساندەر دی بیاوهارنەیس کە ئەندامی خێزانێکی دەسەڵاتدار و دەوڵەمەند بوو، لەگەڵ ئەوەشدا کاتێک کاترین لە ساڵی ١٧٧٧ کۆچی دوایی کرد، لە جێگەی ئەودا خوشکە گەورەکەی کە ناوی جۆسفین بوو، لە ساڵی ١٧٧٩ لە فەڕەنسا هاوسەرگیری لەگەڵ ئەلیکساندر کرد و دوو منداڵیان هەبوو، هاوسەرگیریەکی پڕ کێشەو خەماوی بوو، کە وای کرد دادگا بڕیاری جیابونەوەیان بۆ دەربکات.
 لە ساڵی ١٧٩٤ دا لە سەردەمی دەسەڵاتی تیرۆردا ئەلیکساندر دەستگیر کرا و زیندانی کرا و جۆسفین بە کەسایەتییەکی نزیک لە بازنەی دارایی دژە شۆڕش دادەنرا، بۆیە زیندانی کرا و دوای پێنج ڕۆژ لە لەسێدارەدانی ئەلیکساندر، بەهۆی کەوتن و لەسێدارەدانی ڕۆبێسپیری، کە کۆتایی بە دەسەڵاتی تیرۆر هێنا، ئازاد کرا.

هاوسەرگیری جۆسیفن و ناپلیۆن

لە ساڵی ١٧٩٥دا جۆسیفن ناپلیۆنی بینی، کە جۆسیفن لە شەش ساڵی قۆناغی هەرزەکاریدا بوو و پێش ئەوە لەگەڵ چەندین کەسایەتی سیاسی پێشەنگ دا پەیوەندی هەبوو لەوانە: پۆل فرانسوا ژان نیکۆلاباراس، ناپلیۆن کەوتە داوی خۆشەویستی جۆسیفن و لە نامەیەکدا بۆی لە کانوونی یەکەمیی ساڵی ١٧٩٥دا نوسیویەتی: "بەتەواوی بەهۆی تۆوە بەئاگام، وێنەی تۆ و یادەوەری چێژە سەرخۆشەکانی دوێنێ شەو هیچ حەسانەوەیەکی بۆ هەستەکانم نەهێشتوەتەوە".

لە کانونی دووەمی ١٧٩٦ دا، ناپلیۆن داوای هاوسەرگیری لە جۆسیفن کرد و لە مانگی ئازاری هەمان ساڵ هاوسەرگیرییان ئەنجامدا.

خێزانی ناپلیۆن هاوسەرگیرییان بەدڵ نەبوو و تووشی شۆک بوون کە بێوەژنێکی بەتەمەنتری هێناوە و دوو منداڵیشی هەیە، دایکی و خوشکەکانی بە تایبەتی لە جۆسیفن تۆرابوون و هەستیان بە بێسەروبەری و نائاگایی و هەست نەکردن بە بەرپرسیاریەتی ئەو دەکرد.
دوای دوو ڕۆژ لە هاوسەرگیرییەکە، پۆناپارت بۆ سەرکردایەتی کردنی سوپای فەرەنسا لە ئیتالیا، کۆشکەکەی بەجێ هێشت و لەکاتی دوورکەوتنەوەیان لە یەک چەندین نامەی خۆشەویستی بۆ نارد، لە شوباتی ١٧٩٧دا نووسیویەتی : "تۆ ئەو کەسەی کە ڕۆح و شیرینی و جوانی بە سروشت بەخشیووە، بە تەنها تۆیت کە دەتوانیت وزەم بدەیتێ و فەرمانڕەوایی دڵم بکەیت، تۆ زۆر باش دەزانیت ئەو ئیمپراتۆریەتە ڕەهایەی کە پێیدا تێدەپەڕیت".

لە کاتی ئامادەنەبوونی ناپلیۆندا، جۆسیفن خۆشەویستێکی هەبوو، کە ناوی جێدار هیپۆلیت چارلس بوو، ئەو جێدارە نامەیەکی خۆشەویستی بۆ جۆسیفن نوسیبوو، بەڵام  بەریتانییەکان نەیانهێشت بگاتە دەستی جۆسیفن و بۆ شەرمەزارکردنی ناپلیۆن بە ئاشکرا بڵاویان کردەوە. 
پاش ئەو ڕووداوە پەیوەندی نێوان جۆسیفن و ناپلیۆن هەرگیز وەک جارانی لێ نەهاتەوە، نامەکانی کەمتر خۆشەویستی تێدا بوون و جۆسیفن هیچ نامەیەکی خۆشەویستی بۆ ناپلیون نەنوسی، ناپلیۆنیش لەگەڵ چەندین ژنی تردا پەیوەندی سێکسی ئەنجام دا.

جۆسیفن تاکێکی بەناوبانگ و لێهاتوو بوو، بۆیە ئەگەرێک هەیە کە "باراس" هانی جۆسیفنی دابێت تاکو پەیوەندی لەگەڵ ناپلیۆن ببەستێت بۆ ئەوەی لە خۆی دووری بخاتەوە، ناپلیۆن ئاگاداری دا لەوەی کە تەنها شتێک کە لە نێوان ئەواندا مابێت مارەییەکەی جۆسیفنە، لە کۆتاییدا هەردوو هاوسەرەکە لێک جیابوونەوە بەڵام بەڵگەکان دەرخەری ئەوە بوون کە ناپلیۆن و جۆسیفن بەدرێژایی ژیانیان یەکیان خۆشویستووە.
پاش ئەوەی کە دڵنیا بوونەوە جۆسیفن ناتوانێت منداڵ بخاتەوە ناپلیۆن زیاتر پێداگری دەکرد لەسەر جیابوونەوە و لیستێکی لەناوی شازادە خاتوونەکان دروست کرد، جۆسیفنیش سەرەڕای ناڕەزا بوونی واژۆی جیابوونەوەی کرد و لە پێناو داهاتووی فەڕەنسا ناپلیۆن دەتوانێت یەکێک لەو ژنانە بهێنێت و میراتگر بخاتەوە.

بۆیە لە مانگی سێی ١٨١٠دا، ناپلیۆن بە وەکالەت هاوسەرگیری لەگەڵ ماریێ لویس کرد و تەنها لەبەر خستنەوەی منداڵێک، وەک ئەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ منداڵدانێک کردبێت.
سەرەڕای جیابوونەوەیان لەگەل جۆسیفن، وەک وەفایەک بۆی ناپلیۆن پێداگری دەکرد کە دەبێت جۆسیفن هەر وەک شاژن ناوزەند بکرێت.
کاتێک ناپلیۆن لەبارەی مەرگی جۆسیفینەوە بیستی بۆماوەی دوو ڕۆژ لە ژوورەکەی خۆیدا خۆی بەند کرد، ناپلیۆن لە جێگەی مردنەکەیدا و لە ساڵی ١٨٢١دا، ناوی جۆسیفن کۆتا وشەی بوو کە دەری بڕی.


سەرچاوەکان



3775 بینین