ماسولکە و جۆرەکانی

له‌لایه‌ن: - ڕاوێژ نورالدین - به‌روار: 2020-08-22-16:19:00 - کۆدی بابەت: 403
ماسولکە و جۆرەکانی

ناوه‌ڕۆك

پێناسە

ماسولكە ئەندامێكە دەتوانێت بە ڕێگەیەكی ڕێك و پێك گرژ بێت، ماسولكە شانە و لوولەكانی خوێن و دەمار و بەستەرە شانە لەخۆ دەگرێت. لەبیرت بێت لەشی مرۆڤ سێ جۆر لە ماسولكە شانەی تێدایە، كە ئەمانەن: پەیكەرە ماسولكە، و لووسە ماسولكە، و دڵە ماسولكەیە. پەیكەرە ماسولكە بەرپرسیارە لە جووڵەی بەشەكانی لەش وەك پەلەكان و قەدو ڕوو.

پەیكەرە ماسولكە

لە خانەی درێژ پێكدێت پێیان دەوترێت ماسولكە ڕیشاڵ. هەر ماسولكە ڕیشاڵێكیش ناووكی زۆری تێدایە، و هێڵی تاریك و ڕوون دەیبڕێت ناودەبرێن بە میلەكان(هێڵەكان)، ڕیشاڵەكانی پەیكەرە ماسولكە لە كۆمەڵەی چڕدا كۆدەبنەوە ناودەبرێن بە گورزەی ماسولكەیی. بەستەرە شانەیەك دەوری كۆمەڵێك لە گورزە ماسولكە دەدات بۆ پێكهێنانی ماسولكە. پەیكەرە ماسولكە بەوە وەسف دەكرێت كە خۆویستە ماسولكەیە لەبەر ئەوەی بە ویستی خۆی دەتوانێت كۆنترۆڵی بكات.

لووسە ماسولكەكان

دیوارەكانی گەدە و ڕیخۆڵە و لوولەكانی خوێن و ئەندامەكانی دیكەی ناوەوە پێكدەهێنن. خانەی لووسە ماسولكە بەوە وەسف دەكرێت كە شێوەی تەشیلەییە، و تەنها یەك ناووكی تێدایە و بە ناو یەكدا دەچن بۆ پێكهێنانی پەڕەكان، سەرنج بدە لووسە ماسولكە بە پێچەوانەی پەیكەرە ماسولكە میلدار نییە. ڕیشاڵەكانی لووسە ماسولكە بە بەستەرە شانەیەك دەورەدراون كە یەكناگرن بۆ پێكهێنانی ژێیەكان وەك لە پەیكەرە ماسولكەدا. لووسە ماسولكەكان خۆنەویستە ماسولكەن لەبەر ئەوە مرۆڤ بە ویستی خۆی ناتوانێت كۆنترۆڵیان بكات.

دڵە ماسولكە

دیواری دڵ پێك دەهێنێت، دڵە ماسولكە بە هەندێك سیفەتەكانی پەیكەرە ماسولكە و لووسە ماسولكە پێكەوە جیادەكرێتەوە. دڵە ماسولكە وەك پەیكەرە ماسولكە میلدارە. خۆنەویستە و خانەكانی یەك ناوكیان تێدایە وەك لووسە ماسولكەكان.


سەرچاوەکان



4758 بینین