دەمارە خانە و دامارە ڕاگەیاندن

له‌لایه‌ن: - ڕاوێژ نورالدین - به‌روار: 2020-09-16-23:53:00 - کۆدی بابەت: 474
دەمارە خانە و دامارە ڕاگەیاندن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

دەمارە كۆئەندام تۆڕێكی ئاڵۆزی خانەكانە كە پەیوەندیان لە نێواندا هەیە، چالاكییە بیر و هۆشی و لەشییەكان كۆنترۆڵ دەكات. وە هاوسەنگی ناوەكی دەپارێزێت. فرمانی دەمارە كۆئەندام چاودێری كردنی دەوروبەری ژینگەیی ناوەكی و دەرەكی و وەڵامدانەوەیان، كە ئەمەش بەندە لەسەر گواستنەوەی ڕاگەیاندنەكان لە دەمارە خانەدا، وە لە دەمارە خانەیەكەوە بۆ دەمارە خانەیەكی دیكە.

پێكهاتەی دەمارە خانە

دەمارە خانە لە سێ بەشی سەرەكی پێكدێت: لەشەخانە، كە ئەویش ناووكی دەمارە خانە و هەموو ئەندامۆچكەكانی تێدایە. بەشی دووەم لە دەمارە خانە لق و پۆپەكانن ، كە دەرپەڕیوی خانەیین بە پەردە داپۆشراون لە لەشی خانەوە بە ئاڕاستەی جیاواز درێژدەبنەوە. لق و پۆپەكان كارتێكەرەكان لە دەمارەخانەكانی دیكە یان خانەی دیكەوە وەردەگرن و دەیانگوازنەوە بە ئاڕاستەی لەشی خانە كە. هەرچی بەشی سێیەمیشە تەوەرەیە. كە ئاسایی دەرپەڕیوێكی خانەیی درێژە بە پەردە داپۆشراوە، دەمارە ڕاگەیاندن بۆ دوور لە لەشی خانەكە دەگوازێتەوە، لەسەر شێوەی ڕاگەیاندنی كارەبایی ناودەبرێت بە ئەركی كار. لەوانەیە دەمارەخانە یەك تەوەرەی هەبێت، یان تەوەرەی لقداری هەبێت كە بە چەند خانەی دیكە دەگەن، كۆتایی جەمسەری تەوەرە بە لقەكان دێت كە ناودەبرێن بە دەمارە كۆتاییەكان كە ئەم كۆتاییانە بە دەمارە خانەی دیكەوە یان بە خانەی وەڵامدەرەوەی وەكو ماسولكە خانە یان ڕژێنە خانە دەگەن.

چینێكی چەوری تەوەرەی زۆر لە دەمارە خانەكان دادەپۆشێت كە ناودەبرێت بە بەرگی مایلینی، ئەم بەرگەش تەوەرە دادەبڕێت، هەروەكو چۆن بەرگێكی لاستیكی تەلێكی كارەبایی دادەبڕێت، هەروەها گواستنەوەی ئەركی كار بە درێژایی تەوەرەی دەمارە خانە خێرا دەكات. ئەو دەمارە خانانەی كە لە دەماخ یان دڕكە پەتكدا نین تەوەرەكانیان بە خانەی شوان دەورەدراون كە مایلین دروست دەكەن. بەرگی مایلینی بە درێژایی تەوەرە لە چەند خاڵێكدا دەپچڕێن كە ناودەبرێت بە گرێی ڕانڤێر.

دەمارە خانەكان لەگەڵ دەمارە خانە یان خانەی دیكە بەیەك دەگەن لە ناوبڕی تایبەت ناودەبرێن بە گەێنكەی دەماری. دەمارە خانەكان لەگەڵ یەكتر و وە لەگەڵ خانەی دیكەشدا بەریەك ناكەون بەڵكو ماوەیەكی دابڕی بچووك لە نێوان كۆتایی تەوەرە و وەرگرە خانەیەكدا هەیە كە ناودەبرێت بە گەێنكە قڵیش، لە گەێنكەی دەماریدا ئەو خانەیەی دەمارە ڕاگەیاندن دەگوازێتەوە ناودەبرێت بە خانەی پێش گەیێنكە ، كارەبا چالاكی لە دەمارە خانەدا دەبێتە هۆی بەرەڵا بوونی ماددەی كیمیایی لەناو گەێنكە قڵیشدا، ناو دەبرێن بە دەمارە گوێزەرەوەكان، ئەم دەمارە گوێزەرەوانە دەبنە هۆی ڕوودانی چالاكی كارەبایی لە دەمارە خانەی دادێت، بەم شێوەیە دەمارە كۆئەندام وریا دەبێـتەوە، بۆ چالاكی بە ڕێگەی چالاكی كارەبایی ناو دەمارە خانەكان و لە ڕێگەی كیمیكە ڕاگەیاندنی نێوان دەمارە خانەكانەوە.

دەمارە ڕاگەیاندن

نزیكەی پێش دوو سەد ساڵ لەمەو بەر زانایان ماسولكەی گیانەوەری مردوویان وەرگرت، كە تەزووی كارەبایان پێدا تێپەڕ كرد، ماسولكەكان گرژبوون، هەروەك ماسولكەی زیندوو كە چۆن گرژ دەبن بەمەش زانایان بۆیان دەركەوت كە فرمانی دەمارە خانە پشت بە چالاكی كارەبایی دەبەستێت.

ناوەوەی هەموو دەمارە خانەكان بارگاوین بە بارگەی كارەبایی، كە جیاوازە لە بارگەی كارەبایی دەرەوەیان. جیاوازی لە نێوان بارگەی كارەبایی ناوەوە و دەرەوەی پەردەی خانە ناودەبرێت بە ئەركی پەردە. ئەركی پەردە لە ڕێگەی جووڵەی گواستنەوەی ئایۆنەكان بە پەردەی خانەدا پەیدا دەبێت. وە جووڵە گواستنەوەی ئایۆنەكان بەندە لەسەر توانای ئەو ئایۆنانە بۆ بڵاوبوونەوە بە پەردەی خانەدا، وە خەستی ئایۆنەكان بەندە لەسەر توانای ئەو ئایۆنانە بۆ بڵاوبوونەوە بە پەردەی خانەدا، وە خەستی ئایۆنەكان لە ناوەوە و دەرەوەی خانەكەدا، هەروەها بارگەی كارەبایی كە ئایۆنەكانی پێ جیادەكرێتەوە.

ئایۆنەكان بە پەردەی دەمارە خانەدا بڵاودەبنەوە لە ڕێگەی تێپەڕبوونیان بەو پڕۆتینانەی كە وەك جۆگەی ئایۆنی كاردەكەن. هەر جۆرێك لە جۆگەكانی ڕێگەی بە تێپەڕبوونی ئایۆنێكی تایبەتی دەدات، هەندێك لە جۆگە ئایۆنییەكان دەكرێـنەوە، یان دادەخرێن بە پشت بەستن بە ئەركی پەردە، وە هەر گۆڕانێك لە ئەركی پەردەدا ڕووبدات، هەرچەندە سادەش بێت كاردەكاتە سەر پێداڕۆیشتنی پەردەی خانەی تایبەت بە ئایۆنی دیاریكراو. هەروەها ئایۆنەكانیش لە لای خۆیانەوە بە چوونەژوورەوەیان یان هاتنە دەرەوەیان لە دەمارە خانە كاردەكەنە سەر ئەركی پەردە.

                      


سەرچاوەکان



2837 بینین