ناوهڕۆك
چنین کەی پەیدا بوو؟
چنین یان ڕستن هۆنینەوەی دەزوەکانە لەگەڵ یەکتردا بۆ دروست کردنی پارچە پەڕۆیەک، بنەماکانی چنین بە درێژایی مێژوو نەگۆڕاوە، تەنیا ئەوەندە نەبێت کارگەی ڕستنی هاوچەرخ، ئیشەکە خێراتر ئەنجام دەدات وەک چۆن میللەتانی کۆن بە دەست بە شێنەیی ئەنجامیان داوە.
مرۆڤی ئەشکەوت، کە نزیکەی سی هەزار ساڵ پێش ئێستا زانیویەتی چۆن چنین بکات، بۆ ئەو مەبەستەش بەڵم و پوش و پەڵاش و قامیشی بۆ چنینی سەبەتە بەکار هێناوە، لە لایەنی مرۆڤی پێش مێژووشەوە تۆڕ بەکار هێنراوە بۆ ڕاوی ماسی و باڵندە.
ئەوەی کە مرۆڤ پەی پێ نەبردبێت لە کۆندا ڕستن بووە، بە دەزووی باریک دەیانتوانی قوماشی نەرم دروست بکەن، وا دیارە بیرۆکەی ڕستنی جل و بەرگ لە چەند شوێنێکی دیاری کراودا دروست بووبێت پاشان بە جیهاندا بڵاو بووبێتەوە.
کۆنترین جل و بەرگی ڕێسراو کە مێژوو باسی کردبێت لە وڵاتی عێراقدا بووە. لە دەوروبەری پێنج هەزار ساڵ پێش زایندا، لە میسریش لە دەوروبەری چوار هەزار ساڵ پێش زاین، لە ناوەڕاستی ئەوروپاش لە دەوروبەری ٢٥٠٠ ساڵی پێش زاین، لە چینیش ١٢٠٠ی پێش زاین، لە پیرۆ و ئەمەریکای باشوریش نزیکەی ١٥٠٠ ساڵی پێش زاین، ڕستن و چنین بە گوێرەی هەر ناوچەیەک، کە کەرەستەکانی تیا دەست کەوتووە پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە.
دوای بە ماڵی کردنی ئاژەڵان لە دەوروبەری ساڵی ١٦٠٠ پێش زاین دا خوری لە چنین دا بەکار هێنرا.
بۆ یەکەمین جاریش بوو هیندییەکان لۆکەیان لە ڕستندا بەکار هێنا و پاشان لە ڕێگەی ئاسیاوە گەیشتە ئەوروپا.
دەزوی ئاوریشم بۆ یەکەمین جار چینییەکان بەکاریان هێنا.
لەبەر ئەوەی مرۆڤ حەزی لە جلی ڕەنگاوڕەنگە بۆ یەکەمین جار خەڵکی کۆنی پیرۆ ڕێگەیەکیان دۆزیەوە، لە ''١٥٠'' ڕەنگیان دەست کەوت کە بەکاریان دەهێنە بۆ بۆیاخ کردنی قوماشی جل و بەرگەکانیان.