ناوهڕۆك
چای لە کوێدا پەیدا بوو؟
شتێکی خۆشە بیر بکەینەوە لە هەندێک شلەمەنی، کە تا ئێستاش بەردەوام دەخورێت لە کاتێکدا خەڵکی پێش چوار هەزار ساڵیش خواردوویانە، یەکێک لەو شلەمەنیانەش چایە.
چینەکان چوار هەزار ساڵ هەستیان بە کاریگەری چای کردووە و خواردویانە، بەڵام دونیای ڕۆژئاوا ماوەیەکی زۆر دور و درێژ چاوەڕێیان کرد تا چووە ناویانەوە، پێش سێسەد ساڵێک لەمەوبەر.
لە سەرەتای سەدەی هەژدەهەمدا بوو ئەوروپا و ئەمریکای باکور بە چای خواردن ڕاهاتن، لە ئەنجامی ئەوەدا بازرگانی چای لەگەڵ چیندا گەشەی سەند و کەشتی زۆر خێرا دروست کرا و ناویان لێ نا ''کەشتی چای'' بۆ گواستنەوەی گەڵای چای بۆن خۆش لە چینەوە بۆ ئەمریکای باکوور و ئەروپا.
بەریتانییەکانیش داری چای دەشتیان لە ئوسامی هینددا دۆزیەوە، زانایانی ڕووەک بڕوایان وایە، چینییەکانیش داری چایان لە هیندەوە هێنابێت و لە وڵاتی خۆیاندا کشتیان کردبێت، بەریتانییەکانیش ئەو چایەیان کە لە هیندەوە دەبرد بۆ وڵاتی خۆیان، سەیریان کرد لەگەڵ چایە چینییەکەدا هەمان تام و بۆن دەدات.
لەسەرەتادا کێڵگەی چای زۆر گەورە لە هینددا دروست کرا، پاشانیش لە سیلان ''سریلانکا''ی ئێستا، بە جۆرێک کشت و کاڵی چای بوو بە پیشەی سەرەکی لەم وڵاتەدا و تا ساڵی ١٩٤٠ بوو بە یەکەمین وڵات لە ناردنە دەرەوەی چایدا و، بەوەش پێش وڵاتی چین کەوت، هەروەها چا لە جاوا و سۆمەترە و فۆرۆمزەدا کشت دەکرێت.
ڕووەکی چای دوو جۆری سەرەکی هەیە
جۆرە چینییەکەی بە گشتی تەنیا مەترێک بەرز دەبێت، بەڵام جۆرە هیندییەکەی ئەگەر بهێڵن شەش مەتر بەرز دەبێتەوە.
ئایا دەزانن بەریتانییەکان لە هەموو گەلانی تری سەر زەوی زیاتر چای دەخۆن؟
ئینگلیزییەکی ئاسایی ساڵانە چوار کیلۆ چای دەخوات، لە کاتێکدا ئەمریکیەک ساڵانە نزیکەی ٠،٥ لە کیلۆیەک چای دەخوات.