ناوهڕۆك
تینوویەتی
مرۆڤی ئاسایی بڕوای وایە وشک بوونی دەم و قوڕگ لە ئەنجامی تینویەتیەوەیە. بەڵام ئەمە شتێکی ڕآست نییە. ئەم وشک بوونە دەشێت لە ئەنجامی کرداری تردا بێت.
کاتێک وەرزش دەکەین گەروومان وشک دەبێت. هەروەها دڵەڕاوکێ یان ڕژاندنی لیکی کەمتر لە لایەن لودە لیکییەکانەوە، دەبێتە هۆی وشک بوونی قوڕگ و دەم.
کەواتە بۆچی هەست بە تینوویەتی دەکەین؟
ئێمە دەزانین خوێن ئاو و خوێی تێدایە. لەبەر ئەوەی لەش ئەو دوو مادەیەی تێدایە، کەواتە لە کاتی ئاساییدا ڕێژەی ئەو دوو ماددەیە یەکسانە بەڵام ئەگەر ڕێژەی ئاو لەبەر هەر هۆیەک لە خوێندا کەم بوویەوە. ئەوا ڕێژەی هەردوو ماددەکە دەگۆڕێت. لەو کاتەدا (بنکەی تینوویەتی) کە لە مێشکی مرۆڤدایە. هێمایەک دەنێرێت بۆ گەروو. گەرووش دەست بە گرژ بوون دەکات. ئەو گرژ بوونە دەبێتە هۆی وشک بوون و تینوویەتی.
هەندێک جار لەگەڵ ئەوەدا ئاوی تەواو لە گەدە و خوێنماندا هەیە و غودەی لیکیش لە ئەندازەی خۆی زیاتر لیک دەڕژێنێت، بەڵام هەر هەست بە تینوویەتی دەکەین. لەبەر ئەوەیە خواردنی سوێر (شۆر) ڕێژەی خوێ لە خوێندا زیاد دەکات، لە ئەنجامی ئەوەشدا. بڕی خوێ لە ڕێژەی سروشتی خۆی بەرزتر دەبێتەوە. کە دەبێتە هۆی تێکچوونی ڕێژەی سروشتی خوێ و ئاو لە خوێندا.
لەو جۆرە دۆخەدا مێشک نامەیەک دەنێرێت بۆ گەروومان بۆیە هەست بە تینوویەتی دەکەین.