لیك
لەنا و دەمی مرۆڤدا سێ جۆر لو هەیە کە لیک بەرهەم دەهێنێت، دوو لوی نەکەفی لەگەڵ دوو لودا دەکەونە ژێر زمانەوە لەگەڵ دوو لوی تردا کە دەکەونە ژێری کاجیڕەوە، دوو لوە نەکەفیەکەش دەکەونە نێوان ئێسقانی گوێ و کاجیڕەوە، کە دەفرێکی بچووکیان تێدایە پێی دەوترێت کەناڵی (ستنن) کە لیک دەگوازێتەوە بۆ ناودەم لەگەڵ دوو لوی بچووکتر کە دەکەونە ژێری زمانەوە، بەڵام لوەکانی ژێر کاجیڕە هەر لویەکی بە ئەندازەی بادەمێکە و دەکەونە نێوانی زمان و ئێسکی کاجیڕەوە.
لیک شلەیەکی تەڕی لینجە ڕەنگی نییە و زۆر گرنگە بۆ هەرسکردنی خۆراک، ڕێژەی ئاو لە لیکدا ٪٩٨ و ٪٢کەی ترشی ئەنزیماتە، گرنگترین ئەنزیماتی لیک (هەوێنی لیک) یان (تایلین)ـە کە نیشاستە دەگۆڕێت بۆ شەکر، ئەو شەکرەش پێی دەوترێت (ملتۆز)، لە هەوێنە لیکییەکانی تر ئەنزیمی (لیسیۆزیم)ـە کە کاریگەریەکی ڕاستەو خۆی هەیە لە کوشتنی ئەو بەکتریایانەی دەچنە ناو دەمەوە.
ئەگەر خواردن بە باشی بجووین لیک زیاتر دەڕژین، کە یارمەتی نەرم کردنەوەی خواردنەکانمان دەدات بۆ ئەوەی بە سورێنچکدا بڕوات، هەروەها دەمیش تەڕ دەکاتەوە و لە وشکبوونەوە دەیپارێزێت.
ئەگەر کرداری لیک ڕژان خاو بووەوە یان دواکەوت ئەوا هەست بە تینویەتی دەکەین.
چۆن لیک ڕژان دروست دەبێت؟
لەگەڵ بیرمانکردەوە یان بۆنی خواردنی خۆش بە لوتماندا هات یان خواردنێکمان بینی یەکسەر ڕژاندنی لیک زیاد دەکات و لوە لیکیەکان بە ناویست دەست بە جوڵە دەکەن، لوە لیکیەکان دەماری ویستی و ناویستیان تێدایە، وروژاندنی ئەو دەمارانە دەبێتە هۆی لیک ڕژاندن، لوە لیکیەکان ڕۆژانە نزیکەی ١،٥ لیتر لیک دەڕژێننە دەمی مرۆڤەوە، لە ئەرکە سەرەکییەکانی لیک پارستنی ئاستی ترشیە لە دەمدا، بۆ ئەوەی ئەنزیماتەکان کاریگەر بن، ڕێژەی لیک ڕژان لە منداڵدا زیاترە وەک لە گەورە، هۆیەکەشی ئەوەیە لوە لیکیەکان تا چەند ساڵێک دوای لە دایک بوونیش هەر چالاکن، هەندێک کەس هەن لە کاتی خەوتندا لیک لە دەمیان دێتە دەرەوە، ئەو کەسانە کێشەی خراپی هەرسکردنیان هەیە.