بیرکردنەوەی فەلسەفییانە

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-25-00:17:00 - کۆدی بابەت: 3687
بیرکردنەوەی فەلسەفییانە
زانستە مرۆڤایەتییەکان

بیرکردنەوەی فەلسەفییانە چۆن دەبێت؟

تایبەتمەندێتیەکانی بیرکردنەوەی فەلسەفییانە:

فەلسەفە واتە بیرکردنەوە

فەلسەفە بیرکردنەوەیە لە گەردوون، لە مرۆڤ، لە زانیاری و ڕێگاکانی زانیاری ڕوونتر بڵێین: ئێمە کاتێک لەمەڕ ئەفسانە و ئاین و زانستی سروشتی دەدواین هەڵوێستی جادووگەر و پیاوی ئایینی و زانایانمان نەگرتەبەر، بەڵکو فەلسەفەکاریمان دەکرد، یان شیکردنەوەکانمان لە ڕێی بیرکردنەوەی فەلسەفییانە دەخستنە بەرچاو، تەنانەت کاتێک خەریکی شیکردنەوەی پێناسە شیاوەکانی فەلسەفە بووین نەخشەی تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی سەرچاوە و ئامانجەکانیمان دەکێشا ئەو کاتەش هەر فەلسەفەکاریمان دەکرد.

فەلسەفە پرسیارکردنە

واتای پرسیاری گەورەتر، ئەوە نییە پرسیارێکی گەورە پێشکەش دەکات، بەڵکو واتایی پرسیارێکی هەمیشییە، تەنانەت وتوویانە پرسیارەکان لە فەلسەفە لە وەڵامەکان گرنگترە، چونکە فەلسەفە وەڵامی یەک جارەکی و کۆتایی پێهێنەر ناداتەوە، چونکە وەڵامی کۆتایی، کۆتایی هاتنت فەلسەفە خۆیەتی، تەنانەت کۆتایی هاتنت هەموو بیرکردنەوەیەکە، فەلسەفە هەمیشە شتەکان لە شێوەی پرسیاردا دادەرێژێت، گشت وەڵامێکیش، هەر فەیلەسووفێک لەمەڕ هەر کێشەیەک بیداتەوە، نرخ و بەهاکەی لەوەدایە کە دەشێت فەیلەسووفێکی دی لە نێوان گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنی خەوشەکانیدا، بتوانێت پرسیارەکە بە شێوەیەکی گونجاوتر دابڕژێتەوە. لە بەر ئەوەیە فەلسەفە بڕوای بەوە هەیە کە هۆشمەندان مافی دەربڕینی ڕایان هەیە.
گرنگترین تایبەتمەندێتی فەلسەفەکاری و پرسیاری فەلسەفییانە ئەوەیە لە سنووری بینین یان ئەزموون کە زانایەک پێی هەڵدەستێت ناوەستێت و شتەکان وەک پارچەی پەرش و بڵاو نابینێت، وەک دەنکە پەرشبووەکانی تەزبیحێکی پەت پچراو بۆیان ناڕوانێت، بەڵکو هەوڵ دەدات ئەم پارچە و بەشانە ئەم دیاردە بە دوویەکدا هاتووانە گشتییان پێکەوە ببەستێتەوە، تا دەگاتە ئەو چەمکە سەراپاگیرییانەی هەموو بەش و پارچەکان بە خۆیانەوە گڕی دەدەن و گشتییان پێکەوە لێکدەدەنەوە، ئا بەم جۆرە فەلسەفەیە لەمەڕ دیاردە ماددیەکان دەگاتە چەمکی (سروشت)ـو، سەبارەت بە بوونەوەرە ژیرەکانیش دەگاتە چەمکی مرۆڤایەتی، سەبارەت بە دیاردەکانی گەردوونیش دەگاتە چەمکەکانی پێکەوە بەستنی هۆکاریتی سیستەم و ئامانج و گەشەسەندن.
ئەم ئەرکە پێویستی بە کاری زیاتر هەیە لە بواری زانست و زانیاری و شارەزایی دا، ئەمەیان پسپۆڕیتی فەیلەسووفە کە لە هەموو ڕووداو و دیاردەیەکدا، چ لە بواری سروشتدا بێت، یاخود لە بواری ڕەوشت و بەهاکاندا بێت، ئەوپەڕی بنەما و ڕەگەز و سەرچاوەکانی دەپشکنێت و هەڵیان دەسەنگێنێت.

فەلسەفە ڕەخنە و شیکردنەوەیە

لە تایبەتمەندییە بنەرەتەکانی بیرکردنەوەی فەلسەفیانە، ئەوەیە کە بیرکردنەوەی رەخنەییانە ئەو زانیاری و بیروڕاو بیردۆز و بۆچوونانەیە کە باون، جا چ بە ڕاشکاوی و ئاشکرایی بێت، یاخود ناواخنی و نائاشکرا، لەمەشدا مەبەستی ئەوەیە ڕآستی و دروستییان، یاخود ساختەیی و نادروستیییان بخاتە ڕوو. ئەو بنچینە زانیارییانەی کە ئەو زانراوانەیان لەسەر بنیادنراون، نموونەی ئاشکرای ئەمە لە مێژوودا هەیە، وەک (غەزالی) کە دەستی دایە ڕەخنەگرتنی بنەما زانییارییەکان، وەک ئەندامەکانی هەستکردن و زانییاریە هەست پێکراوەکان، و بڕوا و بەڵگە  نەویستە ئایینییەکان و ژیری و زانییارییە ژیرییەکان، هەروەها (دیکارت)ـیش کاتێک بریارەی دا، گشت ئەو بیروڕایانەی بڕوای پێیان هەبوو، لە خۆی دایان بماڵێت دوای گەڕان و پشکنین و ماندووبوون، هەردووکیان گەڕانەوە بۆ زانیاری بێگومانێتی (یەقین). فەلسەفە هەر بە رەخنەلێگرتنی باوەڕ و زانیاری و بیردۆزەکانەوە ناوەستێت، بەڵکو ئەرکێکی دی دەگرێتە ئەستۆی کە تەخنە و شیکردنەوەی ئامڕازەکانی زانیاری خۆیەتی وەک هەستەکان و ژیریی و هەروەها سەبارەت بە دەرفەتی سەرهاڵدانی زانیاری و ئەو ڕێگایانەی دەگەن بە زانیاری و دیاریکردنی مەرجەکانی زانیاری  دەدوێت کە هەموویان دەکەونە چوارچێوەی ئەوەی پێی دەگووترێت (بیردۆزی زانیاری- ئەیپستمۆلۆژیا). هەروەها ئەرکی رەخنەیی شیکردنەوەی فەلسەفی واتای (توێژینەوەی بەرنامەکان) دەبەخشێت کە زانستە جۆراوجۆرەکان بەکاریان دەهێینن، وەک بیرکاری و سروشتناسی، لە پێناو دۆزینەوەی ئەو بنەمایانەی لەسەر دادەمەزرێ بە شێوەیەکی سەربەخۆ و یەکگرتوو.

فەلسەفە، پێکهاتن و دروستکردنی باوەڕەکانە و ڕامانە

ئەم تایبەتمەندییە خاسییەتی تایبەتی و بەردەوامی فەلسەفە بووە لە بوونیەوە تا ئێستا کە بریتییە لە دروستکردنی رێباز و هەڵوێستە بیرییە سەراپاگیرییەکان، لێرەدا بایەخی تایبەتی بەو دەرئەنجامە چاوەڕوانکراوە دەدرێت کە لە پێکەوە بەستنی گشت ئەو زانیاریانە بەدەست دەهێندرێت کە مرۆڤ کۆی کردۆنەتەوە، هەروەها لە هەموو ئەزموونە گشتییەکانی مرۆڤیشەوە نەک لە بایەخدان بە بەرنامەوە و کەرەستە بەکارهێنراوەکان.
لەم چالاکی و پێکهێنان و  پێکەوە بەستنی زانیارییەکاندا فەیلەسووف بە دوای سەراپاگیرترین ڕاو بۆچوونی شیاو دەگەڕێت لەمەڕ گەردوون و مرۆڤ و سروشتی واقیعەکە و واتای ژیان و بنەمای هۆش و پایەی مرۆڤ و چارەنووسی. مەبەست لێرەدا سەراپاگیرێتە، واتا گەیشتن بە تێڕوانینێکی کۆی گشتگیری، لێرەدا فەیلەسووف لە بری پسپۆڕێتی زانا لەو مەلبەند و دەزگایانە دەچێت کە پێشوازی هەموو ئەنجامێکی زانستە جۆراوجۆرەکان و شارەزاییە بە کۆمەڵەکانی خەڵک دەکەن، فەیلەسووف وەکو (فرانسیس بەیکۆن) دەڵێت لە هەنگ دەچێت کە شیلەی گوڵان دەمژێت، تاکو هەنگوینمان بۆ دروست بکات یان لە (مایسترۆ)ـی سەرکردەی ئۆرکێسترا دەچێت.


سەرچاوەکان



746 بینین