ڕۆژووەکانی قەدەغەکراو
حەرامە بەڕۆژوو بوون لە پێنج ڕۆژاندا، بە نیەتی سوننەت و نەزر و قەزا و کەففارەت:
- یەکەم و دووەم: بەڕۆژوو بوونی جەژنی ڕەمەزان و قوربان (عن أبي هُرَيرَةَ رَضِيَ اللهُ عنه: أنَّ رسولَ اللهِ صلَّى اللهُ عليه وسلَّم: عن صيامِ يومِ الأضحى، ويومِ الفِطر) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ قەدەغەی کردووە لە ڕۆژی جەژنی رەمەزان و قورباندا بەڕۆژوو ببین.
- سێیەم و چوارەم و پێنجەم: سێ ڕۆژەکانی دوای جەژنی قوربان حەرامە بەڕۆژووبوون (عن نبیشة رضي الله عنها: قال النبی صلي الله علیه وسلم: أيَّامُ التَّشريقِ أيَّامُ أَكْلٍ وشُربٍ وذِكْرٍ للَّهِ تعالی) رواه مسلم، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: (أیام التشریق) هەرسێک ڕۆژەکانی دوای جەژی قوربان، ڕۆژی خواردن و خواردنەوە و ڕۆژی زیکری خوای گەورەن.
مەکروهە، بەڵام بە فەرموودەی ڕاستتر حەرامە بەڕۆژووبوونی ڕۆژی گومانلێکراوە، واتە: ئەو ڕۆژەی کە گومان هەیە ئایا رەمەزانە، یان نا؟ کە ڕۆژی سی یەمی مانگی شەعبانە، دەنگ و باس بڵاو ئەبێتەوە و ئەڵێن: مانگیان دیتووە، بەڵام بە گوێرەی شەرع کەس شاهیدی نەداوە (عن عمَّارِ بنِ ياسِرٍ رضي الله عنهما قال: مَنْ صَامَ اليَوْمَ الشَكُّ فَقَدْ عَصَى أَبَا الْقَاسِمِ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) رواه أصحاب السنن، هەر کەسێک لە ڕۆژی گومانلێکراودا بەڕژوو ببێ، ئەوە تاوانی کردووە لەگەڵ پێغەمبەر ﷺ.
بەڵام ئەگەر ڕۆژی گومان لێکراو لەگەڵ عادەتی خۆی تێکی ئەکردەوە، ئەوە دروستە بەڕۆژوو ببێ، وەک کەسێک عادەتی بوو دوو شەممە، یان پێنج شەممە بەڕۆژوو ئەبوو، یان قەزای لەسەر بوو، ئەوە بۆ ئەو کەسە حەرام نییە.
(ئاگاداری): حەرامە لە دوای نیوەی شەعبان ڕۆژووی سوننەت بگرێ، بەڵام ئەگەر پێش نیوەش بەڕۆژوو بووبێ، یان قەزای لەسەر بوو، یان دو شەممە و پێنج شەممە بوو، ئەوە دروستە (عَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ رضي الله عنه: أقال رَسُولَ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ: إِذَا انْتَصَفَ شَعْبَانُ فَلا تَصُومُوا) رواه أصحاب السنن، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: کاتێ نیوەی شەعبان ڕۆیی بەڕۆژوو مەبن.
هەروەها مەکروهە ڕۆژی هەینی بە تەنها بەڕۆژوو ببێ، یان ڕۆژی شەممە بە تەنها (قال النَّبِيَّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ: لا يَصُم أَحَدُكُمْ يَوْمَ الْجُمُعَةِ إِلا أن يَصُم قَبْلَهُ أَوْ يَصُم بَعْدَهُ) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: نابێ کەستان لە ڕۆژی هەینیدا بەڕۆژوو ببێ، مەگەر ڕۆژێکیش لە پێشی، یان لە دوای بەڕۆژوو ببێ.