زەکاتی ئاژەڵی تێکەڵاو و ماڵی تێکەڵاو

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-02-00:43:00 - کۆدی بابەت: 4055
زەکاتی ئاژەڵی تێکەڵاو و ماڵی تێکەڵاو
پایەکانی ئیسلام و باوەڕ

زەکاتی ئاژەڵی تێکەڵاو و ماڵی تێکەڵاو چۆنە؟

ئەو کەسانەی ئاژەڵەکانیان تێکەڵ کردوون و بەو تێکەڵکردنەش ئەگەیشتنە ڕادەی زەکات، واجبە زەکات بدەن وەک زەکاتی یەک ماڵ کە هی یەک خاوەن بێت، بە حەوت مەرج:

  • یەکەم: شوێنی مانەوەی شەوێیان یەک بێت.
  • دووەم: مۆڵگایان یەک بێت.
  • سێیەم: شوێنی لەوەڕیان یەک بێت.
  • چوارەم: نێری یان یەک بێت، بەڵام ئەگەر دوو جۆرە ئاژەڵ بوون وەک مەڕ و بزن، ئەوە مرج نییە.
  • پێنجەم: شوێنی ئاو خواردنەوەیان یەک بێت.
  • شەشەم: بێری یان یەک بێت، بەڵام ئەم فەرموودەیە بێ هێزە، کەواتە زیانی هەریەکە بێریی خۆی دیار بێت.
  • حەوتەم: شوێنی دۆشینیان یەک بێت.

تێكەڵی كاتی

ئەبێ ئەو مەرجانە بۆ ماوەی ساڵێک بەردەوام بن، واتە: ئەگەر تەنها زستانان، یان هاوینان تێکەڵیان ئەکرد، ئەوە ئەبێت هەر کەسەیان زەکاتی خۆی بە جیاوازی بدات.

زەرەر و قازانج

جاری وا هەیە ئەو تێکەڵکردنە قازانجە، وەک ئەو دوو کەسانەی هەر یەکە و چل مەڕی هەبێت، بە تێکەڵکردن ئەکاتە هەشتا، ئەوە تەنها یەک زەکاتی تێدایە، جاری واش هەیە زەرەرە، وەک ئەو دوو کەسانەی هەریەکە و بیست مەڕیان هەیە، بە تێکەڵکردن ئەبێتە چل، ئەبێ زەکات بدەن (عن أبی بکر -رضي الله عنه- فی کتابه لأنس عن رسول الله ﷺ: لا یجمع بین متفرق ولا یفرق بین مجتمع خشیة الصدقة، وما کان من خلیطین فإنهما یتراجعان بالسویة) رواه البخاری، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: نابێت لە ترسی زەکاتدان ئاژەل تێکەڵ بکرێن و نابێ لێک جیا بکرێنەوە، وە ئەو دوو کەسانەی ئاژەڵی خۆیان تێکەڵ کردوون، ئەبێ زەکات بدەن، ینجا بە گوێرەی ئەندازەی ماڵەکەیان بۆ یەکتری ئەگەڕێننەوە.

هەر ئەو حەدیسە بەڵگەیە بۆ واجببونی زەکات لە ماڵی هاوبەش، جا دانەوێڵە بێ، یان بازرگانی بێ، یان ئاژەڵ بێ، یان هەر شتێکی تر کە زەکاتی تێدا بێت، هەروەها ئەگەر ئەو جۆرە شتانە تێکەڵیش بکرێن بۆ ماوەی ساڵێک هەروەک ماڵی یەک خاوەن زەکاتیان لێ ئەدرێت، بەو مەرجەی ئەگەر دانەوێڵە بوو، جۆخین و دروێنە و چاندن و کێڵانی لێک جیا نەکرێتەوە، وە ئەگەر بازرگانی بوو، تەرازوو، چاودێر و فرۆشیار و دوکانی لێک جیا نەکرێنەوە، جا بۆ زەکاتدان پێویست ناکا ئەو هاوڕێیە ئەوی تریان ئیزن بەڵکو یەکێکیان زەکات ئەدا و نیەت لەجیاتی خۆی و هاوڕێیەکەی دێنێ


سەرچاوەکان



496 بینین