سوپاسی خوا
لە کاتی ئاو خواردنەوە یان هەر شلەیەکی تر ناوی خوا بهێنرێت، کە خواردراوەش سوپاسی خوا بکرێ و بە سێ جار بخورێتەوە:
وەک ترمذی لە ئیبن عەباس، ڕەزای خوای لێی بێ دەگێڕێتەوە دەڵێ: پێغەمبەری خوا د.خ فەرموویەتی (عن ابن عباس -رضي الله عنهما- قال: قال رسول الله -صلى الله عليه وسلم-: «لا تشربوا واحدا كشرب البعير، ولكن اشربوا مثنى وثلاث، وسموا إذا أنتم شربتم، واحمدوا إذا أنتم رفعتم). وەک حوشتر بە یەکجار ئاو یان هەر شلەیەکی تر مەخۆنەوە، بەڵکو بە دووجار یان سێ جار بیخۆنەوە، سێ جار خواردنەوەکەش دەبێ لە نێوانیان لە دەرەوەی جام و پەرداخەوە هەناسە بدەیت وەک پێغەمبەر د.خ ئاوای کردووە، ئەنەس وتویەتی (أن رسول اللە کان یتنفس في الشراب ثلاثا) لە کاتی خواردنەوەیا ناوی خوا بێنن واتە بڵێن بسم اللە کە خواردیشتانەوە سوپاسی خوا بکەن و بڵێن الحمداللە.
فوو نەکردن لە ئاو خواردنەوە
لە کاتی ئاو خواردنەوە، نابێ فوو لە ئاوەکە بکرێت (ئەبو سەعید) گوتویەتی پێغەمبەری خوا (نهی عن النفح في الشراب) واتە قەدەغەی کردووە فوو لە خواردنەوە بکرێت.
پڕ نەکردنی گەدە لە خواردن و خواردنەوە
وەک ئیمام ئەحمەد و ترمذی و غەیری ئەوانیش دەگێڕنەوە لە پێغەمبەری خواوە د.خ کە فەرموویەتی (ما ملأآدمي وعاء شرا من بطنه، بحسب ابن آدم أكلات يقمن صلبه، فإن كان لا محالة، فثلث لطعامه، وثلث لشرابه، وثلث لنفسه) ئادەمیزاد هیچ کیسەیەکی لە سکی خراپتر پڕ نەکردووە، بۆ ئادەمیزاد بەسە چەند پاروویەک بخوات، تا پشتی پێ ڕابگرێ، گەر ئاواشی نەکرد، با سکی بکات بە سێ بەشەوە، سێیەکی بۆ خواردن، سێیەکی بۆ خواردنەوە و سێیەکی تری بۆ هەناسە.
خواردن و خواردنەوە بە ڕۆیشتن و دانیشتنەوە
یەکێ لە ئاداب و ئاکاری خواردن و خواردنەوە ئەوەیە دەکرێ بە ڕۆیشتنەوە و بە ڕاوەستان و بە دانیشتنەوە خواردن بخورێ و خواردنەوە بخورێتەوە، ئەوەتا (ابن عمر) گوتویەتی (کنا علی عهد رسول اللە نأکل و نحن نمشي) لە سەردەمی پێغەمبەر د.خ بە ڕۆیشتنەوە خواردنمان دەخوارد. جا ئەگەر بە ڕۆیشتنەوە جائیز بێت، ئەوا بە ڕاوەستانەوە لە پێشتر و دروستترە. هەروەها پێغەمبەری خوا د.خ بە ڕاوەستناوە ئاوی خواردوەتەوە وەک ابن عباس گوتوتی (اتین النبي بدلو من ماء زمزم فشرب وهو قائم) دەولکەیەک ئاوی زەمزەم بۆ پێغەمبەر هێنرا ئەویش بە ڕاوەستانەوە خواردیەوە.
هەروەها ئیمام عەلی کە ئاویان بۆ هێناوە دەست و دەم و چاوی شوشتووە، ئینجا بە ڕآوەستانەوە بەرماوەی ئاوەکەی خواردۆتەوە، پاشان گوتویەتی خەڵکانێک هەن پێیان ناخۆشە بە ڕآوەستانەوە ئاو بخورێتەوە، بەڵآم پێغەمبەر ئاوای خواردۆتەوە، بە ڕاوەستانەوە وەک من بە ڕاوەستانەوە خواردمەوە.