ناوهڕۆك
نەجوڵانی منداڵ
جوڵانی منداڵ لە سکی دایکدا یەکێکە لە خۆشترین هەستەکان کە دایک هەستی پێ دەکات، چونکە جوڵانی منداڵی کچ و کوڕ نیشانەیەکە بۆ گەشە و سەلامەتی منداڵەکە، کاتێک دایک هەست بە جوڵە و جێگۆڕکێی ناکات نیگەران دەبێت و وادەزانێت بەڵایەک بەسەر منداڵەکەدا هاتووە، بەڵام نەجوڵانی منداڵ هەمیشە بە واتای کێشە نایەت بەڵکوو هەندێک کات هەندێک هۆکاری هەیە کە دەبێت ئاگاداربین.
جوڵانی منداڵ لە سکی دایکیدا لە چ کاتێکەوە دەست پێ دەکات؟
جوڵانی منداڵ لە سکی دایکەکەدا کاتێکی دیاریکراوی هەیە، ئەو دایکانەی کە سکی یەکەمیان نییە و چەند جارێکی تریش منداڵی تریان هێناوەتە دنیاوە لەوانەیە لە ١٨ هەفتەییەوە هەست بە جوڵەی منداڵەکە بکەن، بەڵام ئەوانەی کە یەکەم دووگیانیانە لەوانەیە هەتا ٢٢ هەفتەیش هەست بە جوڵەی منداڵەکەیان نەکەن، بەگشتی دەبێت دایک لەم هەفتانەدا هەموو ڕۆژێک هەست بە جوڵەی منداڵەکەی بکات، هەر بۆیە ئەگەر یەکەم سکتە و پێش هەفتەی ٢٢ هەستت بە هیچ جوڵەیەکی منداڵەکەت نەکرد چ کچ بێت چ کوڕ ئەوا نیگەران مەبە ئەگەریش هەر زۆر نیگەرانیت ئەوا دەتوانیت سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەیت.
ئەگەر منداڵەکەت ناجوڵێت لەوانەیە خەوتبێت
منداڵیش کاتی خەوی هەیە و بە زۆری کاتی خەوی ١٢٠ تا ١٤٠ خولەکە، هەر بۆیە لەوانەیە دایکەکە لەم ماوەیەدا نیگەران بێت بەهۆی نەجوڵانی منداڵەکەیەوە، ئەگەر سەری منداڵەکە لەسەرەوە بێت و لەقە بوەشێنێت بۆ خوارەوەی سکی دایکەکە یان سەری منداڵەکە لە خوارەوە بێت و لەقە بدات لە سەرەوەی سکی دایکەکە ئەوە هیچ جێگای نیگەرانی نییە، ئەگەر دایکێک هەست بکات کە منداڵەکەی زۆر لە خوارەوەی سکیەتی ئاوا دەبێت سۆنەر بکات لەڕێگەی دامێنەوە کە تێیدا لەم سۆنەرەدا ئەندازەی ملی منداڵدان دەگیرێت، ئەگەر درێژی ملی منداڵدان ٢٥ میلیمەتر بێت ئەوا ئاساییە، بەڵام ئەگەر درێژیەکەی لە ١٤ بۆ ١٦ هەفتەیدا کەمتر بێت لە ٢٥میلیمەتر ئەوا پێویستی بە بەدواداچوون هەیە.
گەر ملی منداڵدانت کورتە
بۆ ئەو خانمانەی کە کێشەیان هەیە لە ملی منداڵدانیاندا ئەوا سۆنەریان بۆ دەکرێت لەڕێگەی دامێنەوە، ئەو خانمانەی کە ملی منداڵدانیان کورتە لە سێ مانگی دووەمی دووگیانیدا جەستە دەست دەکات بە ژانی منداڵبوون، چونکە ملی منداڵدان شلە و توانای بەستنەوە و هێشتنەوەی منداڵەکەی نییە، بە زۆربوونی تەمەنی دووگیانیەکە لەم دایکانەدا ملی منداڵدان دەکرێتەوە و منداڵەکە دێتە دونیاوە، بەڵام ئەگەر دایکەکە لە هەفتەکانی ١٤ و ١٦ـدا بێت ئاوا ملی منداڵدان دەدورینەوە کە پێی دەوترێت (cerclage) واتە دوورینەوەی ملی منداڵدان، ملی منداڵدان لە ماسولکە و بەشی کۆلاجینی دروست بووە، کە دایکانی توشبوو بە (cervical cerclage) کە ئەمەش (نەشتەرگەری بەستنەوەی ملی منداڵدانە کە بۆ ژنانی دووگیان دەکرێت کە پێشینەی لەبارچوونی بە ئەنقەستیان هەبووە لەئەنجامی دڕان یاخود نەتوانینی منداڵبوون لەناوچەی حەوزدا ئەنجام دەدرێت) لەم دایکانەدا ماسولکە زۆرە و کۆلاجین کەمە، لە حاڵەتێکدا کە لە ژنانی دووگیانی ئاسایدا کۆلاجین زیاترە لە ماسولکە، بۆیە لەو خانمانەی کە ئەم حاڵەتەیان هەیە ئەگەر سەری منداڵەکە لە خوارەوە بێت لە ڕێگەی سۆنەری دامێنەوە دەتوانرێت هەستی پێ بکرێت، بە گشتی لەم بارودۆخەدا ئەو کۆرپانەی کە تەمەنیان کەمترە ٢٦ هەفتە دەمرن ئەگەریش بمێنن ئەگەری نابینایی و نابیستی و لاڵبوون و ئیفلیج بوونیان هەیە.
زۆر نەجوڵانی منداڵ چ هۆکارێکی هەیە؟
هەندێک کات منداڵ بەهۆی برسێتی دایکەکەوە کەمتر دەجوڵێت و نیگەران دەبێت، ئەم حاڵەتەدا بە گشتی لە دایکانێکدا ڕوودەدات کە شەکرەی دووگیانیان هەیە، چونکە لەبەر ترس بۆ شەکرە و پارێزکردن کەمتر خواردن دەخۆن، هەر بۆیە منداڵەکە تووشی هایپۆگلایسمیا (کەمبوونی شەکر لە خوێندا) دەبێت و کەمتر دەجوڵێت.
بۆ چارەسەری ئەم حاڵەتەش دایکەکە دەبێت شتێکی شیرین بخوات و دوای ٢٠ خولەک لێدانی دڵی منداڵەکە دەگرین تا دڵنیابینەوە لەوەی کە دەجوڵێت، گرتنی لێدانی دڵ بۆ کۆرپەی لە ٣٠ هەفتە زیاتر کاری خۆی دەکات و دەردەکەوێت بەڵام گرتنی لێدانی دڵ بۆ کۆرپەی لە ٣٠ هەفتە کەمتر هیچ سودێکی نییە.
بۆ ئەو دایکانەی کە سکەکەیان کەمترە لە ٣٠ هەفتە واباشترە کە لەسەر لای چەپ بخەون و دەست بخەنە سەر سکیان، ئەگەر منداڵەکە زیاتر لە چوار جار لە کاتژمێرێکدا بجوڵێت ئاوا واتە منداڵەکە تەندروست و سەلامەتە و هیچ کێشەیەکی نییە.
جوڵانی منداڵی کچ زۆرە یان کوڕ لە سکی دایکدا؟
جوڵانی منداڵی کچ بە بەراورد بە جوڵانی منداڵی کوڕ کەمترە، شارەزایان دەڵێن کە نەک تەنها جوڵانی منداڵی کچ كەمترە بەڵکوو تەنانەت لە هەفتەکانی ٢٠، ٣٤، ٣٧ جوڵانی قاچی کوڕ زیاترە لە جوڵانی کچەکە.