ناوهڕۆك
ناساندن
ئەندازیاریی ئاودێری (بە عەرەبی: هندسة السدود والموارد المائية، بە ئینگلیزی: Dams and Water Resources Engineering)، بەشێکی سەرەکی ئەندازیاریی شارستانییە، دوو بواری سەرەکی لەخۆدەگرێت ئەوانیش ئاودێری کە بریتییە لە فەراهەمکردنی تەکنیك و شێوازی گونجاو بۆ بەڕێوەبردن و دەستەبەرکردنی سەرچاوەکانی ئاو بۆ هەمووان، بواری بەنداو بریتییە لە دروستکردن و دیزاینکردنی بەنداو و هەموو پڕۆژو ئاوییەکان و هەروەها دروستکردنی ئاوەڕۆو و گلدانەوەی ئاو لە سەرچاوە ئاوییەکان.
ڕۆڵ و پێگەی ئەندازیاری ئاودێری و بەنداو
زۆربەی کارەکانی ئەندازیاری ئەم بەشە پەیوەستن بە ئاودێری و دابینکردنی ئاوەوە، بەرپرسە لە دابینکردنی ئاو بە بڕی پێویست لە ڕێگای پلاندانان و دیزاینکردنەوە.
هەروەها پاکردنەوەی ئاوی پیسبوو بە چەند پرۆسە و تەکنیکێکی زانستی و چارەسەرکردن و باشترکردنی کوالێتی ئاوی بەکارهاتوو بۆ هاوڵاتیان.
ئامادەکردنی دیزاین و جێبەجێکردنی پڕۆژە ئاوییەکانی وەکو ئاودێری، دامەزراوە و دەزگا هایدرۆلیکییەکان، بەنداو، وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا، تۆڕی دابەشکردنی ئاوی ماڵان، خەمڵاندنی بڕی ئاوی باران و چۆنیەتی سوودوەرگرتن لە ئاوی باران، چۆنیەتی سودوەرگرتن و بەکارهێنانی ئاوی ڕووی زەوی و ئاوی ژێر زەوی، هەروەها بەڕێوەبردنی ئامێرەکانی ئاودێری، پارێزگاری کردن لە پیسبوونی سەرچاوە ئاوییەکان.
جۆرەکانی بەنداو
بەنداو بە یەکێك لە گرنگترین و مەزنترین دروستکراوە شارستانییەکان دادەنرێت کە لە لایەن ئەندازیاری ئاودێری و بەنداوەوە دیزاینی بۆدەکرێت و بنیات دەنرێت. دەتوانرێت لە زۆر بواردا سوودی هەبێت چەشنی بەرهەمهێنان و دابینکردنی وزەی کارەبا و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لافاو، هەروەها بۆ ئاودێری زەوییە کشتوکاڵییەکان زۆر بەسوود و بایەخدارە.
دیزاین کردن و بنیاتنانی بەنداویش وەکو هەر پرۆژەیەکی ئەندازیاریی لە سەرەتادا پەیوەستە بە ئەندازیاریی جیۆلۆجی ناوچەکە و سرووشتی خۆڵ و خاك و بەرز و نزمی ئەو ناوچەیەی کە پڕۆژەکەی تێدا بنیات دەنرێت.
گرنگترین جۆرەکانی بەنداو بەپێی کات و مێژوو گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە گرنگترین و بەربڵاوترین جۆرەکانی بریتیین لەم جۆرانەی خوارەوە:
بەنداوی کەوانەیی Arch Dams
ئەم جۆرەی بەنداو لە سادەترین جۆرەکانە بەراورد بە جۆرەکانی تر و کەمترین تێچووی تێدەچێت لە ڕووی دیزاین و کەرەستەی بەکارهاتوو بۆ دروستکردنی.
ئەم جۆرە بەنداوە لەناوچە تەسك و بەردینەکان بنیات دەنرێت، بەشێوەیەك دروست دەکرێت کە بەنداوەکە وەکو هێڵێکی چەماوە دەردەکەوێت لە بەشی پشتەوەی بڕێکی زۆر لە ئاوی ڕووبارەکە كۆدەکاتەوە.
گرنگترین نموونە لە جیهاندا لە سەری، بەنداوی ئاتازارە لە ئیسپانیا El Atazar Dam، هەروەها بەنداوی دوکان لە شاری سلێمانی وەکوو ئەم جۆرە بنیاتنراوە.
بەنداوی بەردین Buttress Dams
ئەم جۆرەی بەنداو شێوەیەکی کەمێك پانی هەیە، هەمیشە چەند بنەمایەکی دیزاین هەیە لە جۆرەکانی تر جوودای دەکەنەوە وەکوو بوونی کۆمەڵە ڕاگرێك کە بەکاردێن بۆ گواستنەوەی هێزی دیوارەکان بۆ ناوچەکانی تری وەکوو زەویی و بنچینەی بیناکە.
گرنگترین بەنداوەکانی جیهان لە سەری بەنداو بارتلێتە لە ویلایەتی ئەریزۆنا لە ئەمریکا Bartlett Dam.
هەروەها بەنداوی دەربەندیخان وەکو ئەم جۆرە بنیاتنراوە.
بەنداوی بنکە فراوان (هەڕەمی) Embankment Dam
بەنداوێکی زۆر گەورە و زەبەلاحە لە بەردەڵان و خۆڵ پێکدێت، ئەوەی ئەم بەنداوە جیادەکاتەوە لە جۆرەکانی تر چڕی مادەکەی ناوێتی، گرنگترین بەنداوەکانی جیهان کە لە سەری بنیاتنراوە بەنداوی نیو وادێڵە New Waddell Dam، هەروەها بەنداوی دهۆك لەم جۆرە بنیاتنراوە.
بەنداوی پەیوەست بە هێزی کێشکردنی زەوی Gravity Dams
ئەم جۆرە لە بەنداوە هەرە مەزن و گرنگەکانە، تێچوی زۆر زۆرە بە بەراورد بە جۆرەکانی تر بە هۆی بڕی زۆری کەرەستەی بەکارهاتوو لە دروستکردنییدا وەکوو چیمەنتۆ، گرنگترین بەنداوەکانی جیهان لە سەری بنیاتنراوە بەنداوی گراند گۆلی لە واشنتۆنی وڵاتی ئەمریکا Grand Coulee.
سیفات و مەرجی بوون بە ئەندازیاری ئاودێری و بەنداو
- لێهاتوویی لە بوارە زانستییەکانی وەکوو بیركاری و فیزیا و کیمیا.
- گرنگیدان بە بابەتی هایدرۆلیك (هایدرۆلیك، شلهزانی، ئاو هێززانی).
- گرنگیدان بە بابەتی هایدرۆلۆجی (زانستی ئاو، سیفات و تایبەتمەندیی ئاو).
- لێهاتوو بێت لە زمانی ئینگلیزیدا.
- توانای کارکردنی بە کۆمەڵی هەبێت.
- بەتوانا بێت لە خەمڵاندن و هەڵسەنگاندن.
- بە توانا بێت لە زانستی کۆمپیوتەر.
- وردکار بێت و توانای شیکارکردنی هەبێت.
وانە سەرەکییەکانی بەشی ئەندازیاریی ئاودێری و بەنداو
کوردی | ئینگلیزی |
---|---|
بیرکاری | Mathematics |
ميكانيك | Engineering Mechanic |
بنەماکانی ئەندازیاریی ئاودێری | Introduction of Water Resources Engineering |
جیۆلۆجی | Engineering Geology |
میکانیکی ماددە | Mechanic Matrial |
فلود | Fluid Mechanics |
ڕووپێوی | Surveying |
ئەندازیاریی ژینگەیی | Environmental Engineering |
پڕۆگرامەکانی کۆمپیوتەر | Computer Programming |
ئەندازیاریی ئامار | Engineering Statistics |
هایدرۆلیك | Engineering Hydrologics |
كۆنکریت | Design of Concrete Structures |
ئەندازیاریی بەنداو | Dam Engineering |
شیکارکردنی ئەندازیاریی | Engineering Analysis |
ميکانيزمی خۆڵ و خاك | Soil Mechanics |
بنچینەی ئەندازیاریی | Foundation Engineering |
ئاوی خواردنەوە و ئاوەڕۆکان | Water Supply and Sewerage |
سيستەمی سەرچاوە ئاوییەکان | Water Resources System |
ئەم وانانە سەرەکیین لەم بەشە و لەگەڵ چەندان وانەی لاوەکی تر پێویستە لە هەموو زانکۆیەکدا بخوێنرێت.
خوێندن لەم بەشە بە زمانی ئینگلیزییە، بۆ ماوەی چوار ساڵە.
گرنگترین زانکۆکانی هەرێم کە ئەم بەشەی تێدا دەخوێنرێت
- زانکۆی سەڵاحەدین
- زانکۆی سلێمانی
- زانکۆی دهۆك