ناوهڕۆك
ناساندن
کۆلێژی ئاداب كۆلێژێکی هەمەجۆرە لە چەند بەشێکی سەرەکی پێکهاتووە، خوێندکارانی هەردوو بەشی وێژەیی و زانستی وەردەگرێت، بەڵام ئەم کۆلێژە پێگەیەکی تایبەتی هەیە بۆ بەشی وێژەیی و ساڵانە هەوڵی زۆری بۆ دەدەن.
بەشە سەرەکییەکانی کۆلێژی ئاداب
جوگرافیا
ئەم بەشە بریتییە لە خوێندنی نەخشەسازی و شیکردنەوەی وێنە جوگرافییەکان، هەروەها ژمارە و ئاماری دانیشتوان، سیستەمی زانیارییە جوگرافییەکان GIS، دەرچووی ئەم بەشە دەتوانێت لە بواری پەروەردە کاربکات، هەروەها دەتوانێت لە فەرمانگەکانی پەیوەست بە ئامار و کەشناسی و گەشتوگوزار و شارەوانی و وەزارەتی پلاندانان و زۆر بواری تر کار بکات.
مێژوو
بریتییە لە قوڵبوونەوە و چڕبوونەوەی لە مێژووی سەردەمە جیاوازەکان، لەم بەشەدا خوێندکار ئاشنا دەکرێت بە مێژووی گەلان، وانەکانی مێژوو پەیوەستن بەیەکەوە، دەبێت بە ڕیزبەندی سەردەمەکان بخوێنرێت، لە چاخی بەردینەوە تا دەگاتە مێژووی هاوچەرخ، لێکۆڵینەوەی زانستی و خوێندکارانی ڕادەهێندرێن کە چۆن سوود وەرگرن لە سەرچاوەکان بۆ نوسینەوە توێژینەوە، دەرچووی ئەم بەشە دەتوانێت لە بواری پەروەردە و توێژینەوە کاربکات.
فەلسەفە
خوێندکار لەم بەشە ئاشنا دەکرێت بە بنچینە سەرەکییەکانی فەلسەفە جیهانییەکان و فەلسەفەی ئاین و مێژوو و سەرەتای فەلسەفە، دەرچووی ئەم بەشە دەتوانێت وەکوو توێژەر و نوسەر کاربکات.
شوێنەوار
ئەم بەشە بریتییە لە خوێندنی شارستانی و شوێنەواری گەلانی جیهان وەکوو شوێنەواری میسڕ و عێڕاق و ئیسلامی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا، و دەرچووی ئەم بەشە پسپۆڕی وەردەگرن لە شوێنەواری کۆن یان لە شوێنەواری ئیسلامی، و دەتوانن وەکوو وانەبێژ و توێژەر دەستبەکار بن.
دەروونزانی
لەم بەشە خوێندکاران ئاشنا دەکرێن بە زانستەکان و بنەماکانی دەروونزانی و فەلسەفە و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ کەسایەتییەکان دەرچووی ئەم بەشە دەتوانێت لە بواری پەروەردە لە خوێندنگەکان وەکوو توێژەرکاربکات و دەتوانێت لەگەڵ ڕێکخراوەکانیش دەستبەکار بێت.
ڕاگەیاندن
ئەم بەشە بنەماکانی ڕاگەیاندنی بیستراو و بینراو (تەلەفزیۆن و ڕادیۆ) و ڕۆژنامەوانی چەندان بابەتی سەرەکی دەخوێندرێت، دەرچووی ئەم بەشە دەتوانێت لە بواری ڕاگەیاندن کاربکات وەکوو ڕۆژنامەنووس و پەیامنێر و پێشکەشکار و ئامادەکار و هەواڵ ساز کاربکات.
کاری کۆمەڵایەتی
خوێندنی ئەم بەشە بە زمانی ئینگلیزییە، ساڵی یەکەم وانەکانی پەیوەستە بە بنەماکانی زمانی ئینگلیزییەوە، پاشان خوێندنی ئەم بەشە پەیوەستە بە بوارەکانی گەشەپێدانی مرۆیی، سیاسەتی کۆمەڵایەتی، گۆڕینی بیر و باوەڕ و کولتووری کۆمەڵگە، ڕاوێژکاری کۆمەڵایەتی، دامودەزگاکانی کۆمەڵگای مەدەنی، کارکردن زیاتر لەگەڵ خێزان و منداڵە، دەرچوان دەتوانن لە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی و وەزارەتی پەروەردە وەکوو توێژەر کاربکەن و لە کەرتی تایبەت دەتوانن لە ڕێکخراوەکانی منداڵان و ژنان و خاوەن پێداویستی تایبەت کاربکەن.
جیاوازی کۆلێژی ئاداب لەگەڵ کۆلێژی پەروەردە
کۆلێژی پەروەردە بە گشتی گرنگی بە شێوازی وانە وتنەوە دەدات، وانە و پسپۆڕییە سەرەکییەکانی پەیوەستە بە بابەتەکانی مامۆستایی و وانەبێژییەوە، بەڵام لە کۆلێژی ئاداب زیاتر تیشک دەخرێتە سەر ئەدەب و مێژووی گەلان و بنەما سەرەکییەکانی ئەدەب و ڕەوانبێژی، دەرچووی زمان پسپۆڕییەکەی زیاتر توێژەر و لێکۆڵینەوەیە، بوارەکانی کارکردنی فراوانترە.
قۆناغەکانی خوێندن
ماوەی خوێندن لەم کۆلێژە بۆ ماوەی چوار ساڵە، خوێندن بەپێی بەشەکان، بەزمانی کوردی و ئینگلیزییە، خوێندکار لە دوای تەواوکردنی ماوەی خوێندن دەبێتە خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس، پاشان دەتوانێت خوێندنی پلەی باڵا (ماجستێر و دکتۆرا) بەدەستبهێنێت، کە دواتر وەکوو ئەکادیمی دادەمەزرێن لە کۆلێژ و زانکۆکان.
مەرج و تایبەتمەندی خوێندکارانی ئەم بەشە
- بوونی ئاستێکی باش لە زمانی ئینگلیزی.
- بوونی حەز و خولیا بۆ ئەو پسپۆڕییەی کە هەڵیدەبژێرێت.
- بوونی یادگەیەکی بەهێز و توانای تێگەیشتن و لەبەرکردنی باشبێت، هەروەها توانای شیکارکردنی هەبێت.