دانیمارک

له‌لایه‌ن: - زیلان ئازاد - به‌روار: 2021-09-19-13:45:00 - کۆدی بابەت: 6632
دانیمارک

ناوه‌ڕۆك

وڵاتی دانیمارک

وڵاتی دانیمارک (بەئینگلیزی: Denmark) یاخود بە شێوەیەکی فەرمی پێشی دەوترێت شانشینی دانیمارک، یەکێکە لە وڵاتە ئەسکەندەناڤییەکانی هەڵکەوتەی باکووری ناوەڕاستی کیشوەری ئەورووپا، دەکەوێتە باشووری نیمچە دوورگەی ئەسکەندەناڤی و خوارووترین وڵاتە لەناو وڵاتانی ئەسکەندەناڤیادا، وڵاتی نەوریج دەکەوێتە باکووری وڵاتی دانیمارکەوە، وڵاتی سوید لە باکووری ڕۆژهەڵاتی هەڵکەوتووە، هەرچی وڵاتی ئەڵمانیای نازییە دەکەوێتە باشووری ئەم نیشتیمانەوە، جگە لە خاکە یەکگرتووەکەی، دوو خاکی تری ئۆتۆنۆمی هەیە کە لەژێر دەسەڵاتی ئەم وڵاتەدایە ئەوانیش گرینلاند و دوورگەکانی فارۆن کە دەکەونە ناو زەریای ئەتڵەسییەوە، ڕووبەری خاکی ئەم وڵاتە ٤٢ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە بە خاکی گرینلاند و دوورگەکانی فارۆوە دەگاتە سەروو ٢ میلیۆن کیلۆمەتر چوارگۆشە، نزیکەی ٦ میلیۆن خەڵکی تیا دەژی و شاری کۆپنهاگن گەورەترین شار و پایتەختی وڵاتەکەیە.

زانیاری گشتی

ناوی وڵات شانشینی دانیمارک
پایتەخت کۆپنهاگن
زمانی فەرمی دانیمارکی
گرووپە ڕەگەزییەکان
  • ٪٨٦ دانیمارکی.
  • ٪١٤ نەتەوەی تر.
ئایین:
  • ٪٧٦ مەسیحی
  • ٪١٩ بێ ئایین
  • ٪٤ ئیسلام
  • ٪١ ئایینی تر
مێژووی درووستبوون سەدەی ٨ـی زایین
شانشینی دانیمارک ٢٤/٣/١٩٤٨ 
ڕووبەری خاک ٤٢ هەزار و ٩٣٣ کیلۆمەتر چوارگۆشە
ڕووبەری تەواوی خاکەکانی ٢.٢٢٠ میلیۆن کیلۆمەتر چوارگۆشە
دانیشتووان (٢٠٢١)  ٥,٨٥٠,١٨٩ کەس
چڕی دانیشتووان ١٣٧ کەس/ کیلۆمەتر چوارگۆشە
داهاتی ساڵانە ٣٧٠ میلیار دۆلار
داهاتی ساڵانەی تاک ٦٣,٨٢٩ دۆلار
دراو کرۆنی دانیمارکی
کات UTC +1 
کاتی هاوینە UTC +2
شێوازی لێخوڕین لای ڕاست
کۆدی نێودەوڵەتی
  • دانیمارک +٤٥ 
  • دوورگەکانی فارۆ +٢٩٨
  • گرینلاند +٢٩٩

جوگرافیا

وڵاتی دانیمارک دەکەوێتە باکووری کیشوەری ئەورووپاوە، ڕووبەری خاکەکەی ٤٢,٩٤٣ کیلۆمەتر و ڕووبەری ئاوییەکەی ٧٠٠ کیلۆمەتر دووجایە و نزیکەی ٦ میلیۆن کەسی لێ دەژی، خاکی وڵاتەکە لەڕێی وشکانییەوە لەگەڵ وڵاتی ئەڵمانیادا هاوسنوورە بە درێژی ٦٨ کیلۆمەتر سنوور، نێوانی دانیمارک و سوید ڕووبەری ئاوییە و لەڕێی تاکە ڕێگای وشکانییەوە پێکەوە بەستراونەتەوە کە ئەویش پردێکی سەرنجڕاکێشی جیهانە و یەکێکە لە جوانترین سنوورەکانی جیهان کە پردی “ئۆریسەند”ـە، لەڕێی ئاوی و کەشتییەوە سنووری لەگەڵ وڵاتی نەرویج دا هەیە، سنووری ٨,٧٥٠ کیلۆمەتر کەناری دەریا و ئاوی هەیە، هیچ شوێنێکی وڵاتی دانیمارک نییە کە زیاتر لە ٥٢ کیلۆمەتر لە کەناری دەریاوە دووربێت، ڕووبەری ئاویی هەموو خاکەکانی ژێر دەسەڵاتی وڵات ڕێژەیەکی زۆر و گەورەیە و ١٠٥ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە دەگرێتەوە.

ئەم وڵاتە لە نیمچە دوورگەی “جوتلاند” و ٤٤٣ دوورگەی تر پێکهاتووە، لەبەر ئەوەی وڵاتەکە پێکهاتووە لە بەشی بچووکی وشکانی لەسەر دەریا هەربۆیە جوتلاند و زیلاند و ٤٤٣ دوورگەکەی تر هەریەکەیان ناوێکی هەیە و بە هەموویان خاکی دانیمارک پێکدێنن (جگە لە گرینلاند و دوورگەکانی فارۆ) ، زیلاند گەورەترین و قەرەباڵغترین دوورگەیەتی لەسەر ڕووبەری ٧,٠٣١ کیلۆمەتر چوارگۆشە هەڵکەوتووە، دەریاچەی “ئارێسۆ” کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری کۆپنهاگنەوە گەورەترین دەریاچەی وڵاتەکەیە و ٤٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە ڕووبەرەکەیەتی.

وڵاتەکە تەخت و نزمە و بە شێوەی تێکڕا بەرزایی لە ڕووی ئاستی ڕووی دەریاوە ٣١ مەتر بەرزە، بەرزترین خاڵی وڵاتەکە “مۆلیهۆج”ـە کە تەنها ١٧٠ مەتر بەرزە، ئەم خاڵەش نزمترین خاڵە لەنێوان بەرزترین خاڵەکانی ناو وڵاتانی ئەسکەندەناڤیادا، لەگەڵ ئەو نزمییەی وڵات و دەورەدانی بەڕێژەیەکی زۆری ئاو بەڵام وڵاتەکە سەلامەتە بۆ هەموو بەرزە شەپۆلێکی ئاو، دوو دوورگەی ئۆتۆنۆمی ژێر دەسەڵاتی وڵاتی دانیمارک هەیە کە یەکێکیان دوورگەکانی فارۆیە لە باکووی زەریای ئەتڵەسی و ئەوی تریان گەورەترین دوورگەی جیهانە کە گرینلاندە و ڕووبەری خاکەکەی ٢.٢٢٢ میلیۆن کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و تەنها لە ١١ وڵاتی جیهان بچووکترە.

کەشوهەوا

وڵاتی دانیمارک خاوەن کەشوهەوایەکی گشتگیر و فراوانە، پلەکانی لە بەرزەوە بۆ نزم و ژێر سفر دەگۆڕێن و چوار وەرز ساڵی تیادا دەبینرێت، زستانی زۆر سارد نییە و فێنکە، تێکڕای پلەکانی گەرما لە مانگی کانوونی دووەمدا (مانگی ١) لە ٢ پلەی سیلیزییدایە، وە تێکڕای پلەکانی گەرمی لە وەرزی هاوین و مانگی ئابدا (مانگی ٨) ١٧ پلەی سیلیزی دەبێت، بەرزترین پلەی گەرمی کە لە وڵاتدا تۆمارکرابێت لە ساڵی ١٩٧٥ دا بووە کە پلەکانی گەرما چوونەتە ٣٦.٤ پلەی سیلیزی، نزمترین پلەکانی گەرمی کە تۆمارکرابێت لە ساڵی ١٩٨٢ دا بووە و پلەی ٣١.٢ ی ژێر سفر تۆمارکراوە، ئەم وڵاتە بە تێکڕا لە ماوەی ساڵێکدا ١٧٩ ڕۆژی بەفر و بارانی هەیە و ڕێژەکەی دەگاتە ٧٦٥ میلیمەتر لە هەر ساڵێکدا، وەرزی پاییزی تەڕترین و پڕ بارانترین وەرزییەتی و وەرزی بەهاری وشکترین وەرزە، وڵاتی دانیمارک لە نێوان کەشی شێدار و زەریاییدایە و بەو هۆیەوە زۆربەی کاتەکانی ساڵ کەشەکەی ناجێگیرە، وەک زۆربەی وڵاتانی باکووری زەوی و کیشوەری ئەورووپا کاتی ڕۆژانەی جیاوازە و لە وەرزی زستاندا ڕۆژەکانی کورتە و لە ٨:٤٥ خولەکی بەیانی ڕۆژ هەڵدێت و لە ٣:٤٥ خولەک ڕۆژئاوا دەبێت، بەڵام لە وەرزی هاویندا بە تەواوی جیاواز و پێچەوانەیە و ڕۆژی لە کاتژمێر ٤:٣٠ خولەکی بەیانی هەڵدێت و ڕۆژئاوای لە کاتژمێر ١٠ ی شەو دەبێت.


سەرچاوەکان



1562 بینین