کاریگەریی دووگیانی لەسەر ژیانی هاوبەش

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-09-22-20:30:00 - کۆدی بابەت: 6675
کاریگەریی دووگیانی لەسەر ژیانی هاوبەش

ناوه‌ڕۆك

دووگیانی

دووگیانی گۆڕانکاری زۆر دروست دەکات لە جەستە و دەروونی خانمەکەدا، کاتێک خانمێکیش تووشی ئەم گۆڕانارییانە دەبێتەوە کاریگەری دەبێت لەسەر ژیانی هاوبەشی و پەیوەندی لەگەڵ هاوسەرەکەیدا.

دووگیانی چۆن پەیوەندی نێوان دوو هاوسەر دەگۆڕێت؟

گۆڕانکاری هۆڕمۆنەکان

بە هۆی ئەوەی دایکەکە هۆڕمۆنەکانی دەگۆڕدرێت، بەمەش تووشی پەستانی دەروونی دەبێت و هەستیار دەبێت، لەوانەیە زۆر جار بیکات بە شەڕ لەگەڵ هاوسەرەکەیدا بەوەی کە گوێی پێ نادات و لە هەستەکانی تێناگات بە تایبەت بۆ ئەو پیاوانەشی کە لە ڕاستیدا بەم شێوەیەن، ئەمەش زۆر جار کێشە دەخاتە نێوان هاوسەرەکانەوە.

کێشەکانی سەرجێی کردن

خانمان لە ماوەی دووگیانیدا بەهۆی نیشانەکانی دووگیانییەوە بە تایبەت دڵتێکچوون و ڕشانەوە کە لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا زیاترە، لەوانەیە حەزی سێکسییان کەم ببێتەوە و بەمەش کێشە دروست ببێت لە نێوانیاندا، بەڵام ئەمە کاتییە و لە سێ مانگی دووەم و سێیەمدا نامێنێت، یاخود زۆر جار خانمان هەست بە شەرم دەکەن لە جەستەیان کە گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هاتووە، وەک گەورەبوونی سک، ئاوسانی بەشەکانی جەستە، پەڵەی پێست، پەڵەکان و کشانی پێست لە سکدا، بەڵام ئەمانە لەلای پیاوان نابنە کێشە و تەنها هەستی خودی خانمەکەیە.

هەندێک هۆکار کە لە ماوەی دووگیانیدا دەبێتە هۆی کێشەی هەردوو هاوسەرەکە

گرنگی پێنەدانی هاوسەر

پیاوان گرنگە لەم ماوەیەدا زیاتر گرنگی بە هاوسەرەکانیان بدەن و زیاتر لێیان تێبگەن، چونکە بە هۆی گۆڕانکاری زۆری جەستەیی و دەروونییەوە خانمەکە پێویستی بە گرنگی پێدانی زیاترە.

خێزان

زۆر جار کاتێک خانمێک دووگیان دەبێت خێزانی هەردوولا زیاتر لە جاران خۆیان هەڵدەقورتێنن لە ژیانی ئەم دوو هاوسەرەدا، گرنگە ئەم دوو هاوسەرە گوێ بە قسەی کەس نەدەن و تەنها گوێ بۆ ڕای یەکتری بگرن، خێزانی هەردوولا لەبەر چاکەی خۆیان ئەمە دەکەن بەڵام زۆر جار ئەمە زیان دەگەیەنێت بە هەردوو هاوسەرەکە و گرنگە هاوسەران وەڵامێکی سەرزارەکییان هەبێت و ڕێز لە ڕاوبۆچوونیان بگرن بەڵام گرنگی بەوە نەدەن خێزانەکەیان چی دەڵێت و ئەوە بە باش بزانن کە هەردوولا پێیان خۆشترە.

کێشەی دارایی

منداڵ بۆ هاتنە دونیایی و گەورەکردنی پێویستی بە پارە هەیە، لەوانەیە زۆر جار ببێتە کێشەی نێوان دوو هاوسەر کە ئامادەیی ئەوەیان نەبێت لە ڕووی ماددییەوە کە منداڵێک گەورە بکەن، پێویست دەکات بۆ نەمانی ئەم کێشەیە پێکەوە کار بکەن و مانگانە بڕە پارەیەک هەڵگرن بۆ منداڵەکە و هەروەها باوەڕیان بەوە هەبێت بە لەدایکبوونی ڕزقی خۆی لەگەڵدا دێت.

کەمبوونەوەی حەزی سێکسی

بە هۆی گۆڕانکاری زۆرەوە لە ماوەی دووگیانیدا خانمان لە سێ مانگی یەکەمدا بە تایبەتی حەزی سێکسیان کەم دەبێتەوە، لەوانەیە زۆرینەی پیاوان لەم حاڵەتانە تێنەگەن کێشە دروست بکەن، گرنگە کە زانیاری و هۆشیارییان هەبێت لەم بارەیەوە هەروەها خانمانیش بابەتی گۆڕانکارییەکان زۆر بە هەند وەرنەگرن بە تەواوی دوورنەکەونەوە لە مێردەکەیان بەڵکوو دەبێت بە باوەش یاخود ماچێکیش بێت ئەم چەند مانگەی سەرەتا لێیانەوە نزیک بن.

ناوی منداڵ

زۆر جار لەسەر ناوی منداڵ کێشە دروست دەبێت لە نێوانی هەردوو هاوسەرەکەدا، ناوی منداڵ ئەوەندە ناهێنێت کە شەڕ و ئاژاوەی لەسەر بکرێت بۆیە واباشە کە بە گفتوگۆیەکی سادە ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن.

ناکۆکی و شەڕکردن چ زیانێک دەگەیەنێت بە منداڵ؟

گوومانی تێدا نییە کاتێک هاوسەران شەڕ دەکەن منداڵی ناو سکی دایکەکە زیانی بەر دەکەوێت و زۆر جار لەوانەیە ئەم ئاژاوانە ببنە هۆی لەبارچوونی منداڵەکە، یاخود بە هۆی بوونی زۆری پەستانی دەروونی لەسەر منداڵەکە لە کاتی لەدایکبوونیدا تووشی کێشی کەم ببێتەوە و چەندین کێشەی دیکەی بۆ دروست ببێت.

چەند ڕێگایەک بۆ پاراستنی پەیوەندی نێوان هاوسەران کاتێک خانمەکە دووگیانە

  • هەردووکتان پێکەوە چاوەڕێی منداڵەکەتان بکەن و چێژ لەو چاوەڕوانییە وەربگرن
  • لە یەکتری تێبگەن، به تایبەت پیاوان لە هەست و گۆڕانکارییەکانی خانمان تێبگەن لەو ماوەیەدا.
  • ڕێگا مەدەن کە هیچ هۆکارێک ببێتە هۆی لێک دوورکەوتنەوەتان و بەردەوام پێکەوە بڕۆنە دەرەوە و زۆربەی کاتەکانتان پێکەوە ببەنە سەر تاکوو لێک دوور نەکەونەوە.
  • پێکەوە ناوی منداڵەکەتان هەڵبژێرن.
  • لەگەڵ هاوسەرەکەت پێکەوە بچنە لای پزیشک و کاتی سۆنەرکردن و بینینی منداڵەکە پێکەوە بن.


سەرچاوەکان



1851 بینین