ئازاری توند لەماوەی سوڕی مانگانەدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-12-22-19:52:00 - کۆدی بابەت: 7349
ئازاری توند لەماوەی سوڕی مانگانەدا

ناوه‌ڕۆك

ئازار لەماوەی سوڕی مانگانەدا

زۆرینەی خانمان لە ماوەی سوڕی مانگانەدا ئازاریان هەیە و جۆری ئازارەکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێت و جیاوازە و هەر کەسە و ئازارەکەی لە شوێنێکیدا زیاترە بەڵام بە گشتی ئازارەکانی ماوەی سوڕی مانگانە ئەمانەن، ئازاری سک و پشت، کەشەنگبوونی ماسولکەکان، دڵتێکچوون و ڕشانەوە و سەرئێشە، هەندێک کەس ئازارێکی کەم و ئاساییان هەیە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک یاخود چەند ڕۆژێک، بەڵام هەندێکی دیکە ئازارێکی توندیان هەیە پێش دەستپێکردن و لەماوەی سوڕەکەشدا کە دەکرێت ئەم ئازارە وابکات نەتوانن ئەو چەند ڕۆژە کارەکانی ڕۆژانەیان بەباشی ئەنجام بدەن و ئازارشکێن بەکاربهێنن بە هەمان شێوە دەکرێت ئەم ئازارەش لە چەند کاتژمێرێکەوە بێت بۆ چەند ڕۆژێک.

چۆن بزانیت ئازارەکەت توندە لەماوەی سوڕی مانگانەدا؟

ئازار بەگشتی یەک بۆ دوو ڕۆژ پێش دەستپێکردنی سوڕی مانگانە دەست پێ دەکات و ٢٤ کاتژمێر دوای کەوتنە سوڕی مانگانەوە ئازارەکە دەگاتە ئەوپەڕی و بە شێوەیەکی ئاسایی ٢ بۆ ٣ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

دەکرێت سوڕی مانگانە ئەم چەند نیشانەشی تێدا بێت:

  • حاڵەتی دڵتێکچوون.
  • ماندوویەتی.
  • سکچوون.
  • سەرئێشە و ماندوویەتی.

نیشانەکان

  • کاتێک ئازارشکێن بەکاردەهێنیت ئازارەکەت کەم ناکات.
  • کێشەت بۆ دروست دەکات لە کاروباری ڕۆژانەتدا.
  • زۆرجار خوێنبەربوونی توندت هەیە، یاخود کڵۆخوێنت هەیە.

هۆکاری دروستبوونی ئازاری سوڕی مانگانە

لەماوەی سوڕی مانگانەدا منداڵدان هەوڵ دەدات کە ناوپۆشی ناوەوەی منداڵدان بکاتە دەرەوە کە هێلکەیەکی نەپیتێنراو و بووە و شیبووەتەوە بۆ ئەم مەبەستەش منداڵدان بەدەوام گرژ دەبێت تاکوو ئەم پڕۆسەیە ئەنجامی هەبێت، ئەم گرژبوونەش ئازار دروست دەکات.

هۆکارەکانی دیکە بریتین لەمانە:

بەشانەبوونی دەرەوەی منداڵدان - endometriosis 

ئەمە حاڵەتێکە کە کۆمەڵێک خانەی لێکچووی ناوپۆشی منداڵدان گەشە دەکەن و ئەستوور دەبن بەڵام لە دەرەوەی منداڵدان کە باوترین نیشانەکانی ئەمانەن:

  • ئازاری ناوچەی حەوز.
  • سوڕی مانگانەی توند.
  • کەوتنە سەر خوێنی زیاترە لە حەوت ڕۆژ.
  • خوێنبەربوون لە نێوان سوڕی مانگانەکاندا.
  • ئازار له کۆئەندامی هەرسدا.
  • ئازار لە کاتی جووتبووندا.
  • جوڵانی بە ئازاری ڕیخۆڵەکان.
  • دروستبوونی کێشە بۆ دووگیان بوون.

فرەکیسی هێلکەدان 

تێکچوونێکی هۆڕمۆنی باوە کە بە نزیکەیی لە ١٠ ئافرەتدا یەکێکیان توش دەبێت، کە تێیدا هۆڕمۆنی پیاوانە زۆر دەکات و نیشانەکانی دیکە بریتییە لە:

  • سوڕی مانگانەی توند.
  • سوڕی مانگانەی درێژخایەن.
  • زیادبوونی نائاسایی مووی جەستە.
  • زیادبوونی کێش یاخود کەمبوونی کێش.
  • زیپکە.
  • تەنکبوونی قژ، یاخود وەرینی قژ.
  • تاریکبوونی پێست بە تایبەت لە خەتەکانی مل و ژێر ڕاندا.

گرێی منداڵدان

گرێیەکانی منداڵدان گرێی ناشێرپەنجەین کە لە ناوەوە یان دەرەوەی منداڵداندا دروست دەبن، قەبارەکەی دەکرێت بچووک بێت و دەکرێت ئەوەندەش گەورە بێت کە ببێتە هۆی گەورەبوونی منداڵدان، دەکرێت بەبێ بوونی نیشانەش چەند گرێیەکت هەبێت، نیشانەکان بە گوێرەی ژمارەی گرێیەکان و قەبارە و شوێنەکەیان دەگۆڕێت، کە بەگشتی نیشانەی گرێی منداڵدان ئەمانەن:

  • ئازاری قورسی ماسولکەکان.
  • پەستانی ناوچەی حەوز.
  • ئازاری خوارەوەی پشت.
  • ئازاری قاچەکان.
  • کەوتنە سەر خوێن کە درێژە بکێشێت لە هەفتەیەک زیاتر.
  • قەبزی.
  • زۆر میزکردن.
  • دروستبوونی کێشە لە خاڵیبوونەوەی میزەڵداندا.

هەوکردنی ئەندامەکانی ناوچەی حەوز

هەوکردنێکی بەکتریاییە لە ئەندامەکانی زاوزێی ئافرەت لە ناوچەی حەوزیدا، دەکرێت ئەم هەوکردنە بەهۆی گواستنەوەی بەکتریا بێت لە کاتی جووتبووندا، کە نیشانە باوەکانی ئەمانەن:

  • ئازاری ناوچەی حەوز.
  • جووتبوونی ئازاربەخش.
  • خوێنبەربوون بە درێژایی ماوەی جووتبوون یاخود دوای جووتبوونەکە.
  • دەردراوی بۆن ناخۆشی زێ.
  • سووتانەوە لە کاتی میز کردندا.
  • تا.
  • بینینی خوێن لە نێوان سوڕی مانگانەکاندا.

تەسکی ملی منداڵدان

تەسکبوونی ملی منداڵدان یاخود پێشی دەڵێن ملی منداڵدانی داخراو، کاتێک ڕوودەدات کە ملی منداڵدانت باریک و تەسک بێت یاخود بەستراو بێت، ئەم تەسکییە ڕێگری دەکات خوێنی سوڕی مانگانە بە ئاسانی بێتە خوارەوە هەر بۆیە ئازارێکی زۆر دروست دەبێت و ئەمەش هۆکارێکە بۆ دروستبوونی ئازاری توند لەو ماوەیەدا و دەکرێت سوڕی مانگانەکانیشت بەهۆی ئەمەوە ناڕێک بێت.

بە ماسولکەبوونی ناوپۆشی منداڵدان

ئەم حاڵەتە ئەستوور بوونی منداڵدانە، کاتێک ڕوودەدات کە ناوپۆشی ناوەوەی منداڵدان گەشەی کردووە و چووەتە ناو دیواری ماسولکەکانی منداڵدانەوە، گەشەکردنی ئەمە بەردەوام دەبێت و ئەستووربوون و هاتنە دەرەوەی لە جەستەدا دەبێتە هۆی ئەوەی کە منداڵدان دوو بۆ سێ بەرامبەری قەبارەی ئاسایی خۆی لێ بێت.

ئەم حاڵەتە هەمیشە نیشانەی نییە کاتێک ئەم حاڵەتەت بۆ دروست دەبێت لەوانەیە ئازارێکی زۆرت هەبێت و خوێنبەربوونی توندت هەبێت.

ڕێگریکردن لە دووگیانی بە لەولەب

ڕێگایەکە بۆ ڕێگریکردن لە دووگیانی کە دوو جۆری هەیە و ئامێرێکە دەخرێتە ناو منداڵدانەوە لە ڕێگەی زێوە و دەکرێت چەند لێکەوتێکی خراپی هەبێت و یەکێک بێت لە هۆکارەکانی دروستبوونی ئازاری تووندی سوڕی مانگانە کە ئەمە نیشانەکانی دیکەیەتی:

  • ناڕێکی سوڕی مانگانە.
  • خوێنبەربوونی توندی سوڕی مانگانە

دیاریکردنی ئازاری توند لەماوەی سوڕی مانگانەدا

ئەگەر ئازارێکی زۆرت هەیە و ٢ بۆ ٣ ڕۆژ بەردەوامە سەردانی پزیشک بکە تاکوو پشکنینت بۆ بکات ئەویش بە چەند ڕێگایەک، دەکرێت پزیشک ئەوە دیاری بکات کە ئەم ئازارە حاڵەتێکی بۆماوەیی و باوانی تۆش بەوشێوەیە بوون کاتێک کەوتوونەتە سوڕی مانگانە ئەمە دوای ئەوەی کە پشکنینەکانی دیکەت پاک دەرچوون، کە پشکنینەکانی دیکە ئەمانەن:

پشکنین لە ڕێگەی دامێنەوە

پزیشک بە دەست لە ڕێگەی دامێنەوە پشکنین دەکات بۆ ئەندامەکانی زاوزێ و منداڵدانی خانمەکە، کە دەبێت خانەمەکە ڕەزامەندی دەرببڕێت بۆ ئەم جۆرە پشکنینە.

پشکنینی میز و خوێن

لە ڕێگەی نموونە وەرگرتن لە خوێنەکەت یاخود میزەکەتەوە پزیشک دەکرێت هەندێک هۆکار ئاشکرا بکات.

سۆنەری ناوچەی حەوز

بە سوود وەرگرتن لە شەپۆلی دەنگی و بە فریکوێنسێکی بەرزەوە سۆنەری ناوچەی حەوز دەکرێت، ئەم سۆنەرە ئازاری نییە و هەر کێشەیەک دەردەخات کە لە کۆئەندامی زاوزێدا هەتبێت.

ناخبینی ناوەوەی منداڵدان

ئەم پشکنینە لە ڕێگەی پزیشکەوە دەکرێت کە تێیدا نەخۆشەکە بێهۆش دەکات، بڕینێکی بچووک دروست دەکات لەسەر سکی خانمەکە، سۆندەیەکی باریک دەنێرێتە ناوەوە و لەم ڕێگەیەوە دەتوانێت ناوەوەی منداڵدان و سک ببینێت و ئەگەریش پێویستی بە نموونە وەرگرتن بوو دەتوانێت ئەم کارەش ئەنجام بدات.

پشکنینی منداڵدان بە دووربین

بە بەکارهێنانی تەلیسکۆپێک لە ڕێگەی زێوە بۆ ناوەوەی منداڵدان هەر کێشەیەک لە منداڵداندا هەبێت لە ڕێگەی ئەم دووربینەوە دەبیندرێت.

چارەسەر

ئازارشکێن

دەتوانیت حەپ و دەرزی ئازارشکێن بەکاربهێنیت بۆ کەمکردنەوەی ئازار ئەویش لە ژێر چاودێری پزیشکدا.

ڕێنوێنی بۆ کەمکردنەوەی ئازاری توند لەماوەی سوڕی مانگانەدا

  • تەرککردنی جگەرەکێشان.
  • وەرزشکردنی ئاسان، پیادەڕەوی، یۆگا.
  • دانانی جەوەنەی گەرم لەسەر سک.
  • خۆشۆردن بە ئاوی گەرم.
  • شێلانی بەشی خوارەوەی پشت.

کاریگەری لەسەر توانای دووگیان بوون 

ئەگەر ئازارەکە بۆماوەیی بێت ئەوا کێشە دروست ناکات، بەڵام ئەگەر ئازارە توندەکە بەهۆی هۆکارێک بێت لەو هۆکارانە وەک فرەکیسی هێلکەدان و هەوکردنی ئەندامەکانی ناوچەی حەوز و گرێی منداڵدان دەکرێت ببێتە کێشە بۆ توانای دووگیان بوون لە داهاتوودا.



2600 بینین