ناوهڕۆك
هەرگیز ئەمانە بە هاوکارەکەت مەڵێ
پەیداکردنی هاوڕێ لە شوێنی کاردا زۆر گرنگە، بەڵام بەدەستهێنانی متمانە و متمانەکردن پێیان کاتێکی زۆری پێویستە، هەندێک کات لە ئەنجامی تووڕەبوون و لەدەستدانی کۆنترۆڵ، زیاد لە پێویست متمانە بە هاوکارەکان دەکرێت و هەموو نهێنییەک دەدرکێنرێت، کاتێکیش لە هەڵەکە تێدەگەن درەنگ بووە، لێرەدا ئاماژە بە دە خاڵ دەکەین ئەگەر بۆتان گرنگە کاتی کارکردنتان بە باشترین شێوە تێپەڕێنن و تووشی کێشە نەبن لە شوێنی کارەکەتان پەیڕەوی بکەن:
- دووربکەوە لە وتنی پێم وایە: هەرگیز ڕستەی 'پێم وایە' بەکارمەهێنە مەگەر زۆر دڵنیا بیت، وتنی 'پێم وایە' دەتوانێت کاریگەر بکاتە سەر متمانەی پێگەکەت لە شوێنی کارەکەت و بێ متمانەت بکات، هەروا دەتوانێت وەکوو کەسێکی ڕاڕا نیشانت بدات لە ژیاندا.
- بە وتنی "ئێوە هەمووتان" سەرزەنشتی کەس مەکە: کاتێک ڕستەکەت بە 'ئێوە هەمووتان' دەست پێدەکەیت و هەموو کارەکان دەخەیتە ئەستۆی هاوکارەکانت، ڕەنگە بۆ ماوەیەک هاوکارەکانت ڕێگە بدەن ئاوابێت، بەڵام ئەم ڕەفتارە کەلێنێکی گەورە لەنێوان تۆ و ئەوان دروستدەکات.
- دەربارەی فڵان شتە، هیچت بیستووە؟: بڵاوکردنەوەی دەنگۆ لە شوێنێ کاردا یەکێکە لە خراپترین کارەکان کە دەکرێت لە کاردا ئەنجامی بدەیت، "هەواڵت هەیە کە..؟ یان بیستووتە کە...؟" هەندێ پرسیار هەن کە دەبێت دووربیت لە کردنیان.
- وشەی ڕاستگۆیانە بەکارمەهێنە: زیادکردنی وشەی ڕاستگۆیانە یان ئەوەی کە تۆ بەڕاستتە و ڕاستگۆی بۆ قسەکانت، لەڕاستیدا دەکرێت ببێتە هۆی ئەوەی هاوکارەکەت گومانت لێبکات ئەگەر بەراستی ڕاستگۆ بیت پێویست بە وتنی ناکات.
- هەرگیز داوای پارە لە هاوکارەکەت مەکە: ڕەنگە لە شوێنی کاردا باشترین هاوڕێ بن بەڵام وابەستەبوونی ئابووری پێیانەوە دەکرێت بارودۆخی نێوانتان تێکبدات.
- مووچەکەت چەنێکە؟: هەرگیز بە هاوکارەکەت مەڵێ چەنێک مووچە وەردەگریت، چونکە هەڵوێستێکی جوان نییە و پەیوەندی بە تۆوە نییە.
- هەرگیز هاوکارەکەت بە کەم مەزانە: "هەرگیز بڕوانەکەم شتێکی وات بەدەست هێنابێت!" ئەم ڕستەیە ئەوە نیشان دەدات کە تۆ هاوکارەکەت بە کەم زانیوە و پیشانی دەدات کە هیچ متمانەت پێی نییە.
- هەرگیز خۆت بانگهێشت مەکە: وتنی "ئایا منیش بانگهێشت کراوم؟" هاوکارەکەت ناچار و دەستەپاچە دەکات، ئەگەر بیانەتەوێت بانگەهێشتت بکەن خۆیان دەیکەن، جگە لەمە خۆت دەستپێشخەری بۆ ئەوە مەکە.
- "ئەو بیرۆکەکەی منی وت" نا لێهاتوویی تۆ نیشان دەدات: وتنی ئەوەی کە یەکێک لە هاوکارەکانت بیرۆکەی تۆی بردووە بێ توانایی و دەستەوسانی خۆت نیشان دەدات، ئەگەر ئەوان لە تۆ سەرکەوتووترن و کاریان کردووە، کاتی ئەوەیە کە تۆش باشتر کار بکەیت و هەوڵبدەیت نەک کەسێکی تر تۆمەتبار بکەیت.
- پرسیاری کاتی خانەنشینی کەس مەکە: ئەگەر پرسیاری کاتی خانەنشینی کەسێک بکەیت ئەوە نیشان دەدەیت کە تۆ چاوەڕێی ڕوودانی ئەوەیت، ئەم پرسیارە هاوکارەکەت بێتاقەت دەکات.
سەرچاوەکان
395 بینین