ناوهڕۆك
زانیاری دەربارەی نیمچەدوورگەی کێیپ یۆرک
نیمچەدوورگەی کێیپ یۆرک (بە ئینگلیزی: Cape York Peninsula)، نیمچەدوورگەیەکی گەورەیە کە دەکەوێتە دوورترین ناوچەی باکووری کوینزلاند (Far North Queensland) له وڵاتی ئوسترالیا، ئەم دوورگەیە گەورەترین ناوچەی نەگۆڕاوە لە باکووری ئوسترالیا و بەگشتی زەوییەکەی تەختە و نزیکەی نیوەی ناوچەکە بۆ لەوەڕاندنی ئاژەڵەکان بەکاردەهێنرێت، تا رادەیەک دەشتە بێدارەکان، دارستانە باراناوییە خولگەییەکان و جۆرەکانی تری ژینگەکان ئێستا جێگەی سەرنج و بایەخن و بە مەبەستی گرنگی ژینگەیی جیهانی پارێزراون، هەرچەندە بەشێکی زۆری نیمچەدوورگەیەکە وەکوو خۆی ماوەتەوە و دەستکاری نەکراوە لەگەڵ کۆمەڵە ڕووەک و ئاژەڵێکی جۆراوجۆر، ڕەنگە هەندێک ئاژەڵی کێوی ناوچەکە بەهۆی پیشەسازی، لەوەڕینی لە ڕادەبەدەر، گژوگیای زیانبەخش و ئەو جۆرانەی کە لە دەرەوەی ژینگە ڕەسەنەکەی خۆیان دەژین و لەلایەن مرۆڤەکانەوە هێنراونەتە ناوچەکەوە هەڕەشەیان لەسەر بێت، ڕووبەری نیمچەدوورگەکە 288,804 کیلۆمەتر دووجایە (111508 میل دووجا) و پۆوتانەکەی 10.6886°S 142.5317°E، هەروەها لە ساڵی 1606دا دەریاوانی هۆڵەندی ویلیەم جانزۆن (Willem Janszoon) یەکەم ئەوروپی بوو کە بە کەشتی (Duyfken) گەیشتە نیمچەدوورگەی کەێیپ یۆرک.
خەڵک و کولتوور
یەکەم بەرکەوتەی نێوان ئەوروپییەکان و خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکه لە کەناری ڕۆژئاوای نیمچەدوورگەکە و لە ساڵی 1606دا بوو، بەڵام ئەوروپییەکان لە ناوچەکەدا جێگیر نەبوون تا سەدەی نۆزدەیەم، نیشتەجێبوونی ئەوروپییەکان بووەهۆی ئاوارەبوونی نەتەوە ڕەسەنەکانی ناوچەکە و گەیشتنی دوورگەنشینەکانی دەربەندی تۆرێس بۆ بەشی سەرەکی کیشوەرەکە، ئێستا ژمارەی دانیشتوانی نیمچەدوورگەکە تەنها 18,000 کەسە کە ڕێژەیەکی زۆری( نزیکەی 60٪)ی خەڵکی ڕەسەنی کێیپ یۆرک و دوورگە نشینەکانی دەربەندی تۆرێسن، ناوەندی کارگێڕی و بازرگانی بەشی زۆری نیمچەدوورگەی کەێیپ یۆرک کوکتاون (Cooktown)ـە، کە دەکەوێتە دوورترین ناوچەی باشووری ڕۆژهەڵاتەوە لەکاتێکدا گەورەترین شوێنی نیشتەجێبوون لە نیمچەدوورگەدا شارۆچکەی کانسازەکان ویپا (Weipa)یە لە کەنداوی کارپێنتاریا، ناوچەکانی تر بەشێوەیەکی جیا جیا و دوور دانیشتوانی لێ نیشتەجێیە، لەگەڵ ئەوەشدا نزیکەی نیوەی دانیشتوانی نیمچەدوورگەکە لە گوندە زۆر بچووکەکان و کێڵگەی ئاژەڵەکاندا دەژین، بەدرێژایی ڕێگاوبانە گەشەسەندووەکانی نیمچەدوورگەکە چەند سەنتەرێکی خزمەتگوزاری بچووک لە لەیکلاند (Lakeland)، لۆرا (laura) و کۆین (Coen) هەن، هەروەها نزیکەی 30 کیلۆمەتر (19 میل) دوور لە کەناری باکووری ڕۆخی کێیپ یۆرک و لە نزیک دوورگەی پێنج شەممە سەنتەرێکی خزمەتگوزاری گەورە هەیە، ئەم نیمچەدوورگەیە شوێنێکی گەشتیاری بەناوبانگە لە وەرزی هاویندا بۆ ئەو کەسانەی تامەزرۆی مانەوە لە چادر، پیادەڕەویی، تەماشاکردنی دیمەنی باڵندەکان و ڕاوەماسین، زۆر کەس سەرکێشی دەکەن و بە ئۆتۆمبێل بەرەو ڕۆخی کێیپ یۆرک دەڕۆن بۆ دوورترین شوێنی باکووری بەشی کیشوەری ئوسترالیا و ئەم سەرکێشییە دڵخۆشیان دەکات.
زمانه ڕەسەنەکانی نیمچەدوورگەکە
زیاتر لە 30 زمانی ڕەسەن لە نیمچەدوورگەی کەێیپ یۆرک قسەی پێ دەکرێت، لەوانەش زمانەکان (Linngithigh ,Umpila , Wik Mungkan ,Wik-Me'nh ,Wik-Ngathan ,Kugu Nganhcara ,Guugu Yalandji , Guugu Yimithirr ,Kuuk Thaayorre) و چەندین زمانی ئاماژەی ئوسترالی، هەندێک لەو زمانانە لەلایەن ئەو نەتەوانەوە قسەیان پێدەکرێت کە لە کۆمەڵگا دوورە دەستەکانن. زۆربەی زمانەکانی ویک (Wik) کە بەشێکی بچووکترن لە زمانەکانی پامان (paman) و ژمارەیان شازدە زمانە بەخێرایی لەلایەن (Wik-Mungkan) کانەوە وەردەگیرێت و پێدەچێت تاکە زمانی ڕەسەن بێت لە نیمچەدوورگەدا کە زۆر بەخێرایی گەشە دەکات، چونکە ئەمە دووەم زمانی (Wikalkanە، Wik-Ngathana و Wikngenchera).