ناوهڕۆك
ناساندن
مالیزیا (بە ئینگلیزی: Malaysia) دەکەوێتە بەشی باشووری ڕۆژهەڵاتی کیشوەری ئاسیاوە و لە دوو بەشی سەرەکی پێکهاتووە، مالیزیای ڕۆژهەڵات و مالیزیای ڕۆژئاوا، بە گشتی لە 13 ویلایەت و سێ هەرێمی یەکگرتوو پێکهاتووە، ڕووبەرەکەی 329,845 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، پایتەختی مالیزیا پاریزگای "کوالالامپور"ـە و پارێزگای "بۆتراجا" پارێزگای کارگێڕی و ناوەندی حکوومەتە زۆرێک لە دامودەزگا سەرەکییەکانی حکوومەت لەم پارێزگایەن، لە31ـی ئابی ساڵی 1957 ڕۆژی نیشتیمانیی ئەو وڵاتەیە، چونکە لەو ڕێکەوتە مالیزیا سەربەخۆیی خۆی لەژێر دەسەڵاتی بەریتانییەکان بەدەستهێناوە.
جوگرافیا
ـ شوێنی جوگرافی: مالیزیا دەکەوێتە باشووری ئاسیاوە، هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتانی تایلەند، ئیندۆنیسیا، سەنگاپوورە و پرۆنای، لە ڕووی ڕێژە و ژمارەی دانیشتوانەوە 43ـەمین وڵاتی جیهانە، هەروەها لە ڕووی ڕێژە و فراوانی ڕووبەرەوە 66ـەمین وڵاتی جیهانە، ڕووبەرەکەی هاوشێوە و یەکسانە لەگەڵ ڕووبەڕی وڵاتی سعوودیە، نەرویج، ڤەنزوێلا و ڤێتنام. ڕووباری باشووری چین هەردوو بەشی ڕۆژئاواو و ڕۆژهەڵاتی مالیزیا دەکاتە دوو بەشەوە، هەردوو بەشەکە بە ناوچەی شاخاوی و ناوچەی زوورگ و دارستانی چڕ دەورەدران.
ـ کەشوهەوا: کەشوهەوای مالیزیا بەوە ناسراوە کە زۆربەی ڕۆژەکانی ساڵ یەکسان و نەگۆڕە، پلەی گەرمی بە گشتی لە نێوان 20 بۆ 30 پلەی سەدییە و کەشێکی هەمیشە باراناویی هەیە.
- سەرچاوە سروشتییەکان: مالیزیا سەرچاوەی سروشتی گرنگی هەیە لە بوارەکانی کشتوکاڵ و کانزاکان، لە هەناردەکردن و بەرهەمهێنانی لاستیکی سروشتی و زەیتی خورما لە ڕیزبەندی پێشەوەی وڵاتانی جیهاندایە، هەروەها بەرهەمەکانی وەکوو دار، کاکاو، بیبەر، ئەنەناس و تووتن سەرچاوەی سەرەکی بووژانەوەی لایەنی ئابووری وڵاتەکەن.
مێژووی مالیزیا
ـ مێژووی شوێنەوار و بەڵگە دۆزراوەکانی مالیزیا دەگەڕێتەوە بۆ 40 هەزار ساڵ پێش ئێستا، "ڕاوچییەکانی میزۆلیتیون" کە ڕەچەڵەک و باوباپیرانی مالیزییە دێرێنەکانن، لەو ناوچەیە نیشتەجێ بوونە.
ـ لە سەردەمی داگیرکارییەکانی بەریتانیا ناوچەکە کەوتە ژێر دەسەڵاتی بەریتانیا و بۆ ماوەی دوو سەدە داگیر کرا.
ـ لە ساڵی 1957 مالیزیا سەربەخۆیی لەژێر دەسەڵاتی بەریتانیا وەرگرت، هەریەک لە سەنگاپوورە و سراوق و بۆرنیۆی باکوور و مالایا وڵاتی مالیزیایان پێکهێنا، بەڵام لە پاش چەند کێشە و ئاڵۆزییەکی سیاسی سەنگاپوورە لە مالیزیا جیابووەوە.
ـ لە نێوان ساڵانی حەفتا بۆ هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو مالیزیا بەرەوپێشچوون و گەشەسەندنێکی باشی لە بوارەکانی ئابووری و بازرگانی ئەنجامدا.
ئایین و ژمارە و زمانی دانیشتووان
ژمارەی دانیشتوانی وڵاتی مالیزیا 28 ملیۆن کەسە، بەشێکی زۆری دانیشتوانی مالیزیا پەیڕەوی ئایینی ئیسلامن و بە ڕێژەی 60% موسڵمانن، پەیڕەوانی ئایینەکانی تریش نموونەی هیندۆسی و بووزی و چەند ئایینێکی تر بە ڕێژەیەکی دیاریکراو لە مالیزیا بوونیان هەیە.
زمانی فەرمی مالیزیا زمانی مالایییە (بە ئینگلیزی: Malay Language، زمانێکی تایبەتە بە دانیشتوانی نیمچەدوورگەی مالایی، هەریەک لە وڵاتانی فلپین، تایلاند، سەنگاپوورە، ئیندۆنیسیا، مانیمار و چەند وڵاتێکی تریش ئەم زمانە بەکاردەهێنن) زمانی ئینگلیزی دووەم زمانی فەرمی مالیزیایە، ئەو زمانە بە جۆرێک بەربڵاوە کە زۆرینەی دانیشتوان قسەی پێدەکەن و ئینکلیزی دەزانن.
کۆمەڵگای مالیزی فرەنەتەوەن و لە چەند نەتەوەیەک پێکهاتووە، مالاییەکان کە موسڵمانن و ڕێژەی 50% دانیشتوانی ڕەسنی مالیزیا پێکدەهێنن و هەر بە زمانی مالای قسەدەکەن، چینییەکان 24% و هەندییەکانیش 8% کۆمەڵگای مالیزیا پێکدەهێنن.
ئابووری مالیزیا
ئابووری مالیزیا بە ڕادەیەکی باش بەرزە و لە ئابوورییە پێشەنگەکانی جیهانە، دراوی فەرمی وڵاتەکە دراوی "ڕینجبت"ـە لە ڕابردوودا دەستەواژەی "ڕینجبت دۆلاریان" بەکاردەهێنا، بۆیە ئێستایش لە هەندێک ناوچە و ناوەندەکان هەر بەو ناوەوە ماوە، نرخی دراوی مالیزی بەرامبەر دۆلار و یۆرۆ تا ڕادەیەک جێگیرە، چوار ڕینجبت یەکسانە بە یەک دۆلار.
تەنەکە و پێتڕوڵ دوو بەرهەمی کانزایی هەرەسەرەکی ئەم وڵاتەن، لە ڕابردوودا لە سەدەی نۆزدەیەم و بیستەم مالیزیا گەورەترین بەرهەمهێنەری تەنەکە بوو لە جیهاندا، لە بواری نەوت و پێتڕۆڵ و گازی سروشتی پێشەنگی جیهانە بۆ بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی، مالیزیا 19%ـی لە نەوتی یەدەگی ناوچەی نیمچە دوورگەی مالایی لەخۆگرتووە.
کەرتی گەشتوگوزار لە مالیزیا
گەشتوگوزاری مالیزیا تایبەتمەندی خۆی هەیە، وڵاتی مالیزیا بە یەکێک لە ناودارترین ناوچە گەشتیارییەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی کیشورەی ئاسیا، بۆیە حکوومەت و لایەنی پەیوەندیدار بایەخێکی تەواو بەو لایەنە دەدەن بۆیە 36 فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی لە مالیزیا هەیە.
زۆرێک لە گەشتیاران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە سەردانی مالیزیا دەکەن، چونکە ناوچەکانی تایبەتمەندن و لەڕووی نرخەوە بەراورد بە هەندێک وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نموونەی وڵاتە عەرەبییەکان زۆر هەرزانە، بۆیە ساڵانە بە ملیۆنان سەردانیکەری عەرەبی گەشتی مالیزیا دەکەن، گرنگترین شارە گەشتیارییەکانی مالیزیا بریتین لە کوالالامپور، لانگاوی و هایلاند و چەندانی تر، ناوچە گەشتیارییەکانی هەمەجۆرن، بەهۆی شوێنی جوگرافی ژینگە و کەشوهەواکەی ژمارەیەکی زۆر لە تاڤگە و دارستان لەخۆدەگرێ، چەندین دوورگە و شاخی ناوداری تێدایە نموونەی "بەرزاییەکانی هایلاند"، ناوچەی کامیرۆن ناودارترین تاڤگەکانی مالیزیا لەخۆدەگرێت، هەروەها تەلار و تاوەر و مۆزەخانە و شوێنەواری مێژوویی لە ناوەندی شارە گەورەکان بوونیان هەیە.