ناوهڕۆك
ناساندن
کۆماری ئازەربایجان (بە عەرەبی: اذربیجان، بە ئینگلیزی: Azerbaijan) یەکێکە لە شەش وڵاتە تورکەکەی ناوچەی قەوقاز لە ناوچەی ئۆراسیا، دەکەوێتە نێوان ئەورووپای ڕۆژهەڵات و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، لە ساڵی 1991 سەربەخۆیی خۆی لە یەکێتیی سۆڤیەت وەرگرت و بووە وڵاتێکی فەرمی، سیستمی دەسەڵات کۆماریی دیموکراتیی و عەلمانییە. ڕووبەرەکەی 86,600 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، شاری باکۆ پایتەخت و گەورەترین شاری ئازەربایجانە.
دابەشبوونە کارگێڕییەکانی ئەم ناوچەیە دوو هەرێم لەخۆدەگرێت، "هەرێمی قەرەباغ" و "کۆماری ناخیتشیفان" ئەم دوو هەرێمە لەسەر خاکی ئازەربایجان بنیاتنراون و کۆماری خۆبەڕێوبەرین و لە جیهاندا بە فەرمی دانیان پێدانەنراوە، هەر بەوهۆیەوە لەسەر ناوچەی قەرەباغ لەگەڵ وڵاتی ئەرمینیا چەندان کێشە و ئاڵۆزی هەیە، بۆیە لە ساڵی 2020 جەنگی ئازەربایجان و ئەرمینیا هەڵگیرسا، لە ئێستادا بە فەرمی بەشێکی زۆری ناوچەی قەرەباغ سەر بە خاکی ئازەربایجانە.
جوگرافیا
ـ شوێنی جوگرافی: ئازەربایجان دەکەوێتە باشووری ناوچەی قەوقاز لە ئۆراسیا و یەکێکە لە وڵاتانی کیشوەری ئەورووپا، دەریای قەزوین لە ڕۆژهەڵاتەوە، ڕووسیا لە باکوورەوە دەوریان داوە، جۆرجیا دەکەوێتە بەشی باکووری ڕۆژئاوا و ئەرمینیا لە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە و ئێران لە باشوور و ڕۆژئاواوە دەوری ئەم وڵاتەیان داوە و هاوسنوورن، لەگەڵ وڵاتی تورکیا لە باکووری ڕوژئاواوە سنوورێکی کورتی هەیە.
پێکهاتەی جوگرافیای ئازەربایجان لە سێ ناوچەی سەرەکی پێکهاتووە کە بریتین لە دەریای قەزوین سنووری کەناراوی سروشتی لە ڕۆژهەڵاتەوە پێکدەهێنێت، شاخە بەرزەکانی قەوقاز لە باکوورەوە دەوری وڵاتیان داوە و دەشتاییە فراوانەکانیش ناوەڕاستی وڵاتەکە پێکدەهێنن، نزیکەی 40%ـی وڵاتەکە بە زنجیرە چیاکانی قەوقاز دەوردراون و چوار دوورگەی سەرەکی لە دوورگەکانی دەریای قەزوینیشی لەخۆگرتووە.
ـ کەشوهەوا: بە گشتی کەشوهەوای ناوچەکانی ئازەربایجان مامناوەندە، بە زستان ساردە و بە هاوین گەرم و وشکە، ناوچە نزمەکانی کەشێکی سارد و باراناوی هەیە، ساڵانە تێکڕای 152 بۆ 254 ملیم ڕێژەی باران بارینێتی.
مێژووی
ـ بەپێی بەڵگە مێژووییەکان ناوچەی ئازەربایجان دێرینە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ملیۆنان ساڵ پێش ئێستا.
ـ بەهۆی گرنگی شوێنی جوگرافی کە لەنێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بووە، هەروەها لەسەر ڕێگای ئاوریشمی مێژوویی بووە، دووچاری چەندین جەنگ و داگیرکاری بووەتەوە لەلایەن یۆنان و ڕۆمانییەکان.
ـ واتای ناوەکەی چەند بۆچوونێکی لەسەرە، ڕاستترینیان ئەوەیە کە بە واتای "خاکی ئاگری" ناسراوە و ئەو واتایە پشتڕاست کراوەتەوە.
ـ لە سەدەی حەوتەمی زایینی موسڵمانەکان ناوچەکەیان داگیر کرد و ئایینی ئیسلام تێیدا بڵاوبووەوە.
ـ لە سەدەی 13ـەیەمی زایینی بە سەرۆکایەتی "تەیمور لینک" مەغۆلییەکان ئازەربایجانیان داگیر کرد.
ـ لە سەدەی 15ـەیەم ناوچەکە کەوتە ژێر دەسەڵاتی عوسمانییەکان.
ـ لە جەنگی جیهانی یەکەم پاش کۆتایی هاتن و هەرەسهێنانی ئیمبراتۆڕییەتی ڕووسی، ئازەربایجان لەگەڵ هەریەک لە وڵاتی ئەرمینیا و جۆرجیا "کۆماری یەکیەتی قەوقاز ی دیموکرات"ـیان پێکهێنا.
ـ لە ساڵی 1918 ئازەربایجان سەربەخۆیی تەواوی بەدەست هێنا و کۆماری ئازەربایجانی ڕاگەیاند.
ـ سەربەخۆیی ئازەربایجان 23 مانگی خایاند، یەکێتیی سۆڤیەتی خاکەکەی داگیرکردەوە لە پاش چەند جەنگێک کە 20 هەزار سەربازی ئازەری کوژران، لە ساڵی 1920 کۆماری ئازەربایجانی سۆڤیەتی کۆمۆنیزمی هاوبەش ڕاگەیەندرا.
ـ لە ناوەڕاستی سەدەی 19ـەیەم ئازەربایجان دابەشکرایە سەر دوو ناوچە، ناوچەی بەشی ڕووسی و ناوچەی بەشی ئێرانی.
ـ لە پاش ڕووخان و هەرەسهێنانی دسەڵاتی یەکیەتی سۆڤیەت، ئازەربایجان بە فەرمی لە ساڵی 1991 سەربەخۆیی بەدەستهێنا.
ئایین و ژمارە و زمانی دانیشتوان
زۆرینەی دانیشتوانی ئازەربایجان پەیڕەوی ئایینی ئیسلامن بە ڕێژەی 90% پەیڕەوی ڕێبازی شیعەن و 10% پەیڕەوی ڕێبازی سوننەن، هەرەزۆری ڕەچەڵەکی دانیشتوانەکەی ئازەریین، کەمینەیەک لە تورک و ئەرمەن و ڕووس و ڕێژەیەکی دیاریکراو لە کوردیش لە ناوچەکە بوونیان هەیە.
ژمارەی دانیشتوانی ئازەربایجان 10,232,240 کەسن، لە ڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە لە جیهاندا ڕیزبەندی 90ـەمین وڵاتە، نزیکەی 0.13%ـی ڕێژەی دانیشتوان پێکدەهێنێت.
زمانی فەرمی وڵات "زمانی ئازەرییە" کە تێکەڵەیەکە لە زمانی تورکی کۆن و ڕووسی، زمانی ڕووسیش قسەی پێدەکرێ و لە ناو خەڵکیدا باوە، هەروەها 13 زمانی تریش هەن کە لە وڵاتەکە قسەی پێدەکرێن.
ئابووری ئازەربایجان
وڵاتی ئازەربایجان لە ساڵی 2021 لە ئابووریی جیهانی لە ڕیزبەندی 38ـەمین وڵات بوو لە جیهاندا بە پلەی 70.1 %، لە ئەورووپا لەڕووی بەهێزی ئابوورییەکەی لە کۆی 43 وڵات ڕیزبەندی 23ـەیەمین وڵاتی هەیە، دراوی فەرمی وڵات "مانات"ـە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی نرخی جێگیرە، یەک دۆلاری ئەمریکی یەکسانە بە 1.7مانات.
سێیەکی خاکی ئازەربایجان بە گازی سروشتی و نەوت دەوڵەمەندە، چەندان کانزای بەنرخ لەسەر خاکەکەی بوونی هەیە نموونەی ئاڵتوون، زیو، ئاسن، کڕۆم و مەنگەنیز.
بەهۆی دەوڵەمەندی خاکەکەی بە نەوت ئابووری وڵات لە گەشەکردن و پەرسەندن بەردەوامە، حکوومەت لەگەڵ چەندان کۆمپانیای نێودەوڵەتی گرێبەستی واژوو کرووە.
بەهۆی شوێنی جوگرافییەوە، ناوچەیەکی لەبارە بۆ گواستنەوەی ماددەی خام، بووەتە ناوەندی گواستنەوە لە نێوان وڵاتانی جۆرجیا و تورکیا، نموونەی هێڵی بۆڕییەکانی "باکۆ ـ تەبلیسی ـ جیهان"، هەروەها ساڵانە نزیکەی 50 ملیۆن تەن لە نەوتی خام لە ڕێگەی بەندەرەکانی دەریای قەزوینەوە ڕەوانەی جیهان دەکات.
کەرتی گەشتوگوزار
ئازەربایجان چەندان ناوچەی گەشتوگوزاری ناوداری لەخۆ گرتووە، گرنگترینیان:
ـ باکۆی پایتەخت: لە باکۆ چەندین شوێنەوار، تەلار، تاوەر و مۆزەخانە و شوێنەواری مێژوویی لە ناوەندی شارەکە بوونیان هەیە.
ـ شاخی بانار داغ: گرنگترین ناوچە گەشتیارییەکانی ئازەربایجان بریتییە لە شاخی سووتاو "بانار داغ"، ئەم چیایە دەکەوێتە سەر بناری دوورگەیەک لە دەریای قەزوین، ئاگرێکی هەمیشە درەوشاوەی لەخۆگرتووە کە ماوەی 65 ساڵە ئەو ئاگرە خامۆش نەبووە و بووەتە شوێنیکی گەشتیاری گرنگ.