وەهمی گەشەپێدانی مرۆیی

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-06-12-00:25:00 - کۆدی بابەت: 8982
وەهمی گەشەپێدانی مرۆیی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

گەشەپێدانی مرۆیی (بە عەرەبی: التنمية البشرية، بە ئینگلیزی: Human Development) دەستەواژەیەکی باوی سەردەمە، چەمکێکە کە لەسەر بنەمای گەشەسەندن و بەرەوپێشچوونی بوارە جیاجیاکانی ژیانی تاک دامەزراوە، ئامانجی سەرەکی ئەم چەمکە بریتییە لە خزمەتکردن و بەرەوپێشبردنی ئەو بوارانەی کە خزمەتی مرۆڤ دەکات.
لە ئێستادا بە شێوەیەکی گشتی گەشەپێدانی مرۆیی و پەرەپێدانی خوود تێکەڵکراون  پێناسە کراوە بەوەی کە بریتییە لە بەرەوپێشبردن و هاندان و گرنگیدانی بەردەوام بە توانا و لێهاتووییەکانی تاک، لە ڕێگەیەوە مرۆڤ شارەزایی زیاتر لە تواناکانی بەدەست دەهێنێت و بەهێز و لێهاتوو دەبێت، واتا ڕێنیشاندەری تاکە تاکوو پێداچوونەوە و دووبارە بیرکردنەوە بۆ واقیع و تێڕوانینەکانی ژیانی بکات و بەهۆیەوە لەگەڵ هەوڵدانەکانی خۆی گۆڕانکاری دروست بکات، تاکوو ژیانێکی ئاسوودە بژێت و بە ئامانجەکانی بگات.

مێژووی سەرهەڵدانی چەمکی گەشەپێدانی مرۆیی

بە دیاریکراوی مێژووی دروستبوونی دەستەواژەی "گەشەپێدانی مرۆیی"  دەگەڕێتەوە بۆ دوای کۆتایی هاتن بە جەنگی جیهانیی دووەم، دوای ئەوەی چەند وڵاتێکی زلهێز لە جەنگەکە شکستیان هێنا و زۆرێک لە شار و وڵاتە گەورەکان دووچاری وێرانکاری و خاپووربوون بوونەوە، دەرەنجامی جەنگەکە کاریگەری زۆری لەسەر دانیشتوان بەجێهێشتبوو، بۆیە دوای کۆتایی هاتنی جەنگەکە ڕاستەوخۆ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دروست بوو، ئامانجی سەرەکی دامەزراوەکە بریتی بوو لە دووبارە بووژانەوە و گەشەسەندنی ئەو وڵات و ناوچانەی کە خاپوور ببوون، نەتەوە یەکگرتووەکان گرنگیان بە بەرەوپێشبردن و گەشەسەندنی بوارە جیاجیاکانی ئەو وڵاتانە دا، نموونەی بواری پەروەردە و فێرکردن، دووبارە بونیاتنانەوە و دروستکردن، بواری تەندروستی و چارەسەرکردن و چەندان بواری تر، هەموو ئەم کارانە لەژێر ناونیشانی "گەشەپێدانی مرۆیی" ئەنجام دەدران.
لەو ماوەیەدا بواری ژانەری کتێبێک دروست بوو که بە "Self-Help/ یارمەتیدانی خوودی" یان "Self-Devlopment/ پەرەپێدانی خوودی" ناسراو بوو، ئەم جۆرە کتێب و نووسینە ژیانی کەسایەتییە سەرکەوتووەکانی بوارە جیاجیاکانی دەگێڕایەوە، خەڵکی بە تامەزرۆییەوە دەیانخوێندەوە و گرنگییەکی تایبەتییان پێی دەدا و بە کلیلی سەرکەوتن و دەسکەوتەکان هەژمار دەکران.
لە کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو تاکوو سەرەتاکانی ساڵی دوو هەزار، تا ڕادەیەک چەمکی گەشەپێدانی مرۆیی تایبەت بوو بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەوان ساڵانە ڕاپۆرتی تایبەتیان لەسەر گەشەسەندن و بەرەوپێشچوونی ئابووری، تەندروستی و پەروەردە و ڕۆشنبیری وڵاتان بڵاودەکردەوە.
واتا تا سەردەمی سەرەتای دووهەزارەکان گەشەپێدانی مرۆیی پەیوەست بوو بە ڕێکخراو و ناوەندە جیهانییەکانەوە و ڕاستەوخۆ بە تاکەکانەوە پەیوەست نەبوو،
بەشی "یارمەتیدان یان بەرەوپێشبردنی خوودی" تایبەت بوو بە یارمەتیدانی تاک بەڵام چەمکێکی سەرەکی نەبوو و گرنگی پێدان بەو بوارە سنووردار بوو.
لە ساڵی 2000ـەوە تاکوو ئێستا دەستەواژەی "گەشەپێدانی مرۆیی" بە ڕێژەیەکی بەرچاو لە نێو خەڵکیدا بڵاوبووەوە و لەگەڵ چەمکی "بەرەوپێشبردنیی خوودی" تێکەڵ کرا.

ئایا گەشەپێدانی مرۆیی زانستە؟

"زانستی گەشەپێدانی مرۆیی" دەستەواژەیەکی باوی ئەم سەردەمەیە، زۆرێک هەر وەکوو ئەوەی زانستێکی ڕەهای نەگۆڕە باوەڕی تەواویان پێی هەیە، بەڵام تاکوو ئێستا هیچ زانکۆیەکی جیهانی بەشێکی نییە بە ناوی زانستی گەشەپێدانی مرۆیی، تەنانەت هیچ پسپۆڕییەک لە کۆلێج و فاکەڵتەکانی زانکۆ ناودارەکانی جیهان بۆ ئەم بەشە دیاری نەکراوە و بوونی نییە.
ئەوەی کە هەیە تەنها چەند کۆرس و ڕاهێنانێکی سنووردار و دیاریکراوە، کە لەلایەن چەند کەسێک کە خۆیان بە پسپۆڕ و ڕاهێنەری بوارەکە دادەنێن دەوترێتەوە، لە ڕێگای وەرگرتنی چەند کۆرسێکەوە لەگەڵ خوێندنەوەی چەند کتێبێک دەتوانیت زۆر بە ئاسانی ببیتە خاوەن چەند بڕوانامەیەکی نافەرمی باوەڕپێکراو و بە ڕاهێنەرانی مرۆیی یان مامۆستایانی گەشەپێدانی مرۆیی پسپۆڕ دەناسرێیت. ڕاهێنەران کۆرس و کۆبوونەوە ڕێکدەخەن، لە ڕێگەیەوە بۆچوونەکانیان لەسەر بنەمایەکی ڕووکەشی سادە دەخەنە ڕوو، چەند دەستەواژەیەکی دووبارە دەخەنەبەرباس، بە ئاسانترین شێوە و بە زمانێکی پاراو، بە بڕوابەخۆبوونێکی لەڕادەبەدەرەوه بە سادەترین شێوە وێنای خۆشبەختی و سەرکەوتن دەکەن، بەتایبەتی چینی گەنجان و لاوانی تازە پێگەیشتوو بایەخ بەم کۆبوونەوانە دەدەن و دەکرێنە ئامانج.

بەلاڕێدابردنی چەمکی گەشپێدانی مرۆیی

لە ڕابردوودا گەشەپێدانی مرۆیی پەیوەست بوو بە بواری گەشەسەندن و بەرەوپێشبردنی وڵاتان، بەند بوو بە ڕێکخراو و لایەنە حکوومی و فەرمییەکانی وڵاتەوە.

بەڵام لە دوای ساڵی 2000ـەوە ئەم دەستەواژەیە پەیوەست کرا بە دەسکەوت و سەرکەوتنی تاکەکەسی، هەروەها بابەتەکانی باوەڕبوون بە خوود و خوودناسی، ڕێکخستنی کات و بەدیهێنانی ئامانج و گەشبینی بوون بە چەمکی سەرەکی گەشەپێدانی مرۆیی و لەگەڵ چەمکی بەرەوپێشبردن و پەرەپێدانی خوود تێکەڵ کران.
 ئەو کەسایەتییەی کە ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە بڵاوبوونەوەی ئەم دەستەواژەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بریتی بوو لە "ئیبراهیم فەقێ"، لە ناوچەکەدا ئەو بە ڕابەر و پێشەنگی گەشەپێدانی مرۆیی دادەنرێت، "ئیبراهیم فەقێ" لە سەردەمێکدا کار و بیرۆکەکانی لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاودەکردەوە کە تاکە سەرچاوەی دەستخستنی زانیاری  تەلەڤزیۆن و ڕۆژنامەکان بوون، بۆیە خەڵکی ڕۆژهەڵات لە سەرەتای دووهەزارەکان هیچ زانیارییەکیان لەسەر گەشەپێدانی مرۆیی یان پەرەپێدانی خوود نەبوو، بە دەرکەوتنی لەناکاوی فەقێ و خستنەڕووی داتا و زانیارییەکانی کە زۆرێکیانی لە ڕۆژئاواوە وەرگرتبوو، تەنانەت زۆرێک لە پرۆگرام و نووسینەکانی لاساییکردنەوە و لەبەرگیراوەی چەند کەسایەتییەکی ناوداری ئەو کاتەی ئەورووپا بوو، بەڵام چونکە چەمکەکە لەنێو خەڵکی ئەو کاتە نامۆ بوو و بە کۆمەڵەگەی ڕۆژهەڵات تەواو نوێ بوو، توانی لە سەردەمی خۆیدا هەوادارێکی زۆر بۆ بوارەکە کۆبکاتەوە، دەیان پرۆگرامی تەلەڤزیۆنی و کتێبی لەو بوارە چاپ کرد، وتە و قسەکانی لەناو خەڵکیدا نوێ بوون، وتەی گەشبین و ئەرێنی بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کە لەنێو ڕەشبینی و نەهامەتییەکاندا نغرۆ ببوو تەواو چەمکێکی تازە بوو، بۆیە خەڵکی تامەزرۆی وتە و کتێبەکانی بوون، چونکە یەکەم جار بوو کەسێک لەو جۆرە وتانەیان بۆ بهۆنێتەوە و پێیان بڵێت "تۆ دەتوانی" بۆیە ئیبراهیم فەقێ بووە پیاوی سەردەمی خۆی و هەوادارانی زۆر لە قەبارەی خۆی زیاتر گەورەیان کرد.
لە ناوەڕاستی دووهەزارەکان و تا ئێستاش چەندان کەس بوونە درێژەپێدەری ڕێبازەکەی ئیبراهیم فەقێ و بوون بە ڕاهێنەر و هاندەر، هەر یەکەو بە ڕێگای جیاوازی تایبەتی خۆی بوو بە ڕێنیشاندەر و هاندەری کاتیی خەڵکی، هەندێکیان بە تێکەڵکردن و پەیوەستکردنی ئایینەوە، هەندێکی تر بەهۆی بوونی کاریزمایەکی بەهێز و لێهاتوویی لە گفتوگۆ و باوەڕپێکردن بوون بە ڕاهێنەری بوارەکە، لە ئێستادا گەشەپێدانی مرۆیی و ڕاهێنەرانی بوونە بە وەهم و ساوێرێک کە کەسی گوێگر و خوێنەری ئەو بوارە زیاتر دووچاری پەرتەوازەیی و بێ ئومێدی و ڕەشبینی دەکەن، چونکە هەندێکیان بەبێ گرنگیدان بە بارودۆخی ژینگەیی و کولتووری و ڕۆشنبیری کۆمەڵگا، ژیان زۆر بە ئاسانی دەخەنەڕوو، بەشێوەیەک کە وێنای ژیان و جیهانێکی خەیاڵاوی دەکەن وا نیشانی دەدەن کە هەموو کێشەکە لە کەسەکان خۆیانە، چاوپۆشی لە بارودۆخە سەختەکانی ژیان دەکەن، بە وتەی پۆزەتیڤی ناواقیعانە کەسەکان خەیاڵاوی و پەرتەوازە دەکەن.

 دەستەواژە و چەمکەکانی گەشەپێدانی مرۆیی سەردەمی ئەمڕۆ

دەستەواژەکانی گەشەپێدانی مرۆیی سادەن، بە جۆرێک دەردەکەون کە هەموو شتێک ئاسان و بەردەستن، وتەی سادە و دووبارەن، بەبێ هیچ هەنگاوێک یان پڕەنسیپێکی دیاریکراو جێبەجێکردنی ئەو دەستەواژانە دەخرێنەڕوو، نموونەی "تۆ دەتوانیت سەرکەوتوو بیت"، "تۆ دەتوانیت گەشبین بیت"، "چۆن دەتوانیت بە ئاسانترین شێوە دەوڵەمەند بیت؟" هەموو ئەم دەستەواژانە و هاوشێوەکانیان بە شێوەی پرسیاری زەق دەخرێنە ڕوو و وەڵامێکی ناڕاستەوخۆ و ناڕوونی بۆ دادەڕێژرێت کە قایلبوون و دروستبوونی هەستی ئەرێنییەکی کاتی بە تاکەکان دەبەخشێت، لە ئەمڕۆدا کێشەی سەرەکی چەمکی گەشەپێدانی مرۆیی بریتییە لە ڕووکەشی و دووبارەبوونەوە، واتا ئەگەر کاریگەرییشیان هەبێت تەنها بۆ ماوەیەکی کاتی کاریگەری ئەرێنییان لەسەر کەسەکه هەیە، دواتر کەسەکە دەگەڕێتەوە باری ڕەشبینی و بێتواناییەکانی پێشووی و تەنانەت خراپتریش دەبێت.
کێشەیەکی تری دەستەواژەکانی گەشەپێدانی مرۆیی لەم سەردەمەدا ئەوەیە کە هەموو مرۆڤێکی بە یەک ئاست داناوە، لە کاتێکدا بارودۆخ و شێوازی ژیانکردن، ژینگەی دەوروبەر و کولتووری كۆمەڵایەتی، ئاستی پەروەردە و ڕۆشنبیری مرۆڤەکان جیاوازە و لە یەک ئاستدا نییە و تەنانەت لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر دەگۆڕێت، بۆیە گوتە و قسەکان کاریگەری بۆ کەسێک دروستدەکات، بەڵام بە پێچەوانەوە کاریگەری لەسەر کەسێکی تر ناکات.
هاوکات وتە و قسەکانی ئەو بوارە دەکرێت بۆ قۆناغێک لە قۆناغەکانی ژیانی هەندێک کەس سوود بەخش بن، بەڵام کاریگەرییەکەی کەمە و  بەردەوام نابێت.

زیانی کتێبەکانی بواری گەشەپێدانی مرۆیی 

ئەگەر لە بەشی گەڕان و سێرچی گوگڵ Google Ngram Viewer، کە بەشێکی تایبەتە بە تێکڕای دووبارەبوونەوەی وشەیەکی دیاریکراو لە کتێبەکانی ساڵی 1800 تاکوو ئێستا، گەڕان بۆ وشە و دەستەواژەی "Human Development" بکرێت، تێبینی دەکرێت کە لە دوای ساڵی 1945ـەوە ڕێژەی بەکارهێنانی دەستەواژەکە ساڵ بەساڵ لە کتێبەکاندا زۆر بەرز بووەتەوە، هاوکات ژانەری کتێبی جۆری "Self-Help/ یارمەتیدانی خوود" لە سییەکانی سەدەی ڕابردووەوە بڵاوبووەتەوە و بازاڕی ساڵ لە دوای ساڵ زیاتر بووە، ئەو ژانەرە جۆرە کتێبێکە ژیانی کەسە سەرکەوتوو و دەوڵەمەندەکانی دەخستە بەرباس، تەنانەت کتێبی "Think and Grow Reach" کە لەلایەن نووسەر "ناپلیۆن هێڵ" لە ساڵی 1937 بڵاوکراوەتەوە تا ئێستا لە ڕیزبەندی یەکەمین و زۆرترین و باشترین کتێبە فرۆشراوەکانی ماڵپەڕی ئەمازۆنە لە جیهاندا.
لە ئێستادا کتێبەکانی بواری گەشەپێدانی مرۆیی و هاندان زۆربوونە، بە دەیان کتێبی ئەو بوارە ساڵانە لە جیهاندا چاپ دەکرێن و بڵاودەکرێنەوە، بەشێکی دیاریکراویان مەبەستی خۆی دەپێکێت و بەسوودن، بەڵام بەشێکی هەرە زۆریان تەنها لەبەرگیراوەی وتەی سادە و دووبارەی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانن. بەهۆی ناونیشانی بریقەدار و سەرنج ڕاکێشەوە سەرنجی خوێنەر ڕادەکێشن، بەڵام ناوەڕۆکێکی خاڵییان هەیە تەنها دووبارەکردنەوەی چەند دەستەواژەیەکی سادەیە، بەبێ بوونی هیچ ڕێکار و هەنگاوێکی دروست و ڕاست خرانەتەڕوو.
خوێندنەوەی هەندێک جۆری ئەو کتێبانە تەنها کات بەسەربردنە، سوودێکی تایبەتی بە مرۆڤ نابەخشن و کاریگەرییەکانیان کاتییە، تەنانەت هەندێکیان بە جۆرێک وێنای سەرکەوتن و خۆشبەختی و دەسکەوتەکانیان کردووە کە هەستی کەمیی و بۆشایی بۆ تاک دروستدەکەن، چونکە زۆر بە ئاسانی دەریدەخەن سەرکەوتن و دەسکەوتەکان دەستەبەر دەکرێن و ئەگەر ئەوەی سەرکەوتوو نەبێت کێشەکە لە خوودی خۆیەتی و هەموو بابەتێکیان پەیوەست کردووە بە بابەتی هاندان و نەرێنی بوون، بۆیە پێویستە لە پێش خوێندنەوەی هەر کتێبێکی ئەو بوارە گرنگی بە ناوەڕۆکی کتێبەکە بدرێت، هەروەها ڕووکەش و ناونیشانی زەقی کتێبەکان لەگەڵ ڕێژەی فرۆشی و بەربڵاوی کتێبەکە بۆ خوێندنەوە نەکرێت بە پێوەر.


سەرچاوەکان



2800 بینین