ئەبو حەنیفە

له‌لایه‌ن: - نھاد جلال - به‌روار: 2021-05-25-00:59:00 - کۆدی بابەت: 63
ئەبو حەنیفە

ناوه‌ڕۆك

ژیان و ناساندن

یەكێكی تر لەزانا و پێشەوا هەرە گەورەكانی ناو مێژووی ئیسلامی ئیمامی ئەبوحەنیفەیە، ئەم پێشەوا خواناسە رێبەری یەكێكە لەچوار مەزهەبە گەورەكە.
ئەبوحەنیفە ناوی (نوعمانی كوڕی سابت)ـە، بەڕەچەڵەك فارسە، واتە فارسەكان سەدان ‌و هەزاران زانای گەورەی ئەهلی سوننەیان هەبووە، ئەوەش فەزڵێكی خوایە كە لەهەموو نەتەوەكاندا زانا و سەركردەی موسوڵمان  هەبوون تا فەزڵ‌ و گەورەیی ئیسلام بەر هەموو نەتەوەكان بكەوێت.
ماڵی باوباپیرانی ئەبووحەنیفە لەئەفغانستان بوون لە كابوڵی ئێستا، بەڵام باپیرەی لەسەردەمی ئیمامی عومەردا موسوڵمان  بوو، هات لەكوفە نیشتەجێ بوو.

ئەبوحەنیفە لەساڵی هەشتای كۆچیی لەكوفە لەدایك بوو، بنەماڵەكەی خواناس و ڕوو لە دین بوون، هەروەها باوكێكی دەوڵەمەند و زۆر بەخشندەی هەبوو، ئەبوحەنیفەش تاقانەی باوكی بوو، ئیتر باوكی هێندەی تر گرنگی پێدەدا و نازی دەكێشا، باوكی لە كوفەدا دووكانی جلوبەرگی هەبوو، دواتریش ئەو دووكانە مایەوە بۆ ئەبوحەنیفە.

فێربوون و پێگەشتنی

ئەبوحەنیفە هەر لە منداڵییەوە دەستیكرد بەلەبەركردنی قورئانی پیرۆز، رۆژانەش لەگەڵ باوكیدا دەچوو بۆ دووكان تا هاوكاری باوكی بكات، چونكە ئەو لەناڕەحەتی و ماندووبوونی باوكی تێدەگەیشت، باوكیشی حەزی دەكرد ئەبوحەنیفەی كوڕی فێری ئیش بێت تا لە داهاتوودا بتوانێت خۆی بژێوی خۆی دابین بكات.

رۆژێك ئەبوحەنیفە بەلای یەكێك لەزاناكاندا رۆشت كەناوی شەعبی بوو، ئیمامی شەعبی ئەبوحەنیفەی بانگ كرد و پێیوت بۆكوێ دەچیت؟ وتی دەچم بۆ دوكانی فڵانەكەس، شەعبی وتی مەبەستم دوكان نییە، بۆلای چ زانایەك دەچیت؟ ئەویش وتی من زۆر كەم دەچم بۆ لای زانایان، شەعبی وتی وامەكە، خوو بدەرە زانست و بڕۆ بۆ خزمەت زانایان‌ و لەكۆڕی ئەواندا دابنیشە، زیرەكییەكت تێدا بەدی دەكەم پێم خۆشە سوودی لێوەربگریت، ئیتر ئەبوحەنیفە شەیداییەكی بۆ زانست پەیدا كرد و ئەو قسەیە بوو بەخێر بۆی.
لەتەمەنی شانزە ساڵیدا ئەبوحەنیفە لەگەڵ باوكی چوو بۆ حەج، لەوێ زانایەكی بینی خەڵكێكی زۆر لەدەوری كۆببوونەوە، وتی باوكە گیان ئەو زانایە كێیە؟ لەوەڵامدا  وتی ئەوە پیاوێكە هاوەڵی پێغەمبەری خوا (د.خ) بووە، پێی دەڵێن عەبدوڵای كوڕی حارس، ئەویش وتی ئەی چی زانستێكی پێیە؟ باوكی وتی رۆڵە گیان ئەوە فەرموودەكانی پێغەمبەری خوای (د.خ) پێیە، وتی باوكە گیان بمبە بۆ لای، ئەویش پێشی كەوت و بردی بۆلای ئەو هاوەڵە بەڕێزە، لەوێ ئەو هاوەڵە فەرموودەیەكی گێڕایەوە و وتی پێغەمبەری خوا (د.خ) فەرمووی (هەركەس شارەزا بێت لەدینی خوادا ئەوە خوا ئەرك ‌و خەمەكانی بۆ چارەسەر دەكات و لەلایەكەوە ڕۆزی دەدات كە چاوەڕوانی ناكات).

ئەو فەرموودەیە زۆر كاری كردە سەر ئەبوحەنیفە و ئیتر خووی دایە وەرگرتنی زانست، تەمەنی نەگەیشتبووە بیست ساڵ، كە هێندە زانستی وەرگرتبوو لەناو خەڵكی ناوبانگی زۆری پەیدا كرد‌ و لەمزگەوتی كوفەدا وانەی دەوتەوە.
رۆژێك ئەبوحەنیفە دەچوو بۆ لای مامۆستاكەی كە ناوی ئەعمەش بوو، كابرایەك هات بۆ لای ئەعمەش تا سەبارەت بەمەسەلەیەك پرسیاری لێبكات، ئەویش بە ئەبوحەنیفەی وت تۆ وەڵامی بدەرەوە، ئەبوحەنیفەش وەڵامێكی بەهێزی دایەوە و ئەعمەشی مامۆستای تەواو سەرسام بوو، پێیوت ئەو وەڵامەت لەكوێ بوو؟ ئەویش وتی مامۆستا گیان لە فەرموودەیەكی پێغەمبەری خواوە (د.خ) كە لەجەنابتم بیست بۆت گێڕامەوە.
ئەبوحەنیفە مامۆستایەكی تری هەبوو بەناوی حەماد، هێندە رێزی ئەو مامۆستایەی دەگرت كە خەڵكی بەسەرسامییەوە باسیان دەكرد، جاری وا هەبوو دەچووە بەردەرگای ماڵی مامۆستاكەی، رووی نەبوو لەتەقەی دەرگا بدات، دەوەستا تا مامۆستا بەئیسراحەتی خۆی بێتە دەرەوە، ئینجا زانستی لێوەردەگرت، هەروەها تا لەگەڵ مامۆستاكەیدا بوایە خزمەتی دەكرد و هەر كارێكی بوایە بۆی جێبەجێ دەكرد، تەنانەت هێندە رێزی مامۆستاكەی دەگرت لەماڵی خۆیشیاندا رووە و ماڵی مامۆستاكەی قاچی رانەدەكێشا، هەركاتیش نوێژی بكردایە نزای دەكرد بۆ دایكی و باوكی مامۆستا حەماد.

ماوەی هەژدە ساڵ ئاوا لەخزمەت مامۆستاكەیدا بوو تا دواجار مامۆستاكەی وەفاتی كرد، ئیتر ئەبوحەنیفە چووە شوێنی مامۆستاكەی و ئەمجار ئەم وانەی دەوتەوە بە خوێندكارەكان.

ئیمامی ئەبوحەنیفە جگە لەوەی وانەی دەوتەوە بە خوێندكارەكان، هاوكات چاوی لەباری ژیانی خوێندكارەكانی بوو، هەر خوێندكارێكی هەژار بوایە، خێرا یارمەتی دەدا و پێویستیەكانی بۆ دابین دەكرد تا ناچار نەبێت واز لەزانست وەرگرتن بهێنێت، خوای گەورەش بەردەوام ئەبوحەنیفەی دەوڵەمەندتر دەكرد چونكە بەخشندەیی زۆر زۆر بوو.
ئەبوحەنیفە لەگەڵ دایكیشیدا زۆر چاك بوو، تەنانەت هەندێك جار بۆ پرسیارێكی دایكی دەچوو بۆ لای كۆمەڵە زانایەك كە زۆر لێی دوور بوون، هەرچەندە خۆی وەڵامەكەشی دەزانی، بەڵام حەزی دەكرد لەبەر دڵی دایكی بچێت بۆ لای ئەو زانایانە، ئەوەش جێبەجێكردنی فەرمانی خوا بوو كە فەرمانی كردووە تا دەتوانین لەگەڵ دایك‌ و باوكماندا چاكەكار بین.

کۆچی دوایی

لە ساڵی 127ـی كۆچیدا خەواریجەكان كە تاقمێكی گومڕا بوون دەستیان گرت بەسەر شاری كوفەدا، سەركردەكەیان داوای لەئەبوحەنیفە كرد، بچێتە ناو ریزی ئەوانەوە، ئەویش رازی نەبوو، ئیتر بەدەست خەواریجەكانەوە ناڕەحەتی زۆری هاتەڕێ، دواتریش كە ئومەویەكان هاتنەوە سەر دەسەڵات، ئەبوحەنیفە بەدەست سەركردەیەكیانەوە ناڕەحەتی چەشت و كرایە بەندیخانەوە و رۆژانە دە قامچی لێدەدرا، جارێک قامچییەكیان بەر دەموچاوی كەوت‌ و دەموچاوی برینداربوو، دەستی كرد بە گریان، وتیان بۆچی گریایت؟ وتی لەبەر ئازاری قامچیەكە نا، بەڵكو لەبەرئەوەی ئەگەر دایكم ئەو برینەی دەموچاوم ببینێت خەفەت دەخوات، منیش بۆ ئەو خەفەتەی دایكم ئەگریم.

دواجار خەلیفەی ئەوكاتی موسوڵمانان كەناوی ئەبوجەعفەر بوو داوای لە ئەبوحەنیفە كرد تا ببێتە دادوەر، بەڵام ئەو رازی نەبوو، ئەبوجەعفەر زۆری لێكرد و ئیمامیش هەر رازی نەبوو، بۆیە لەسەر ئەوە ئەبوحەنیفەی كردە بەندیخانەوە، دواتر داوای لێكرد هاوكاری دادوەرەكان بكات تا نەكەونە هەڵەوە، كەچی هەر رازی نەبوو، چونكە حەزی نەدەكرد نزیكی دەسەلاتدارەكان بێت.

دواجار ئەبوحەنیفە لەمردن نزیك بووەوە و لەكاتی وەفاتیدا سەری لەسوجدەدا بوو، ئەوەش فەزڵێكی خوا بوو كە بەو زانایەی بەخشی، زانایان ‌و موسوڵمانان‌ و تەنانەت دەسەلاتدارەكانیش زۆر خەفەتیان خوارد بەمەرگی ئەو زانایە و مەرگی ئەویان بەهۆكارێكی كەمبوونەوەی زانستیان دەزانی و نزای خێریان بۆ دەكرد.


سەرچاوەکان



1788 بینین