ناوهڕۆك
ناساندن
ڕاشید غەنووشی یان ڕاشید خریجی (بە ئینگلیزی: Rached Ghannouchi، بە عەرەبی: راشد الغنوشي) سیاسەتمەدار، فەقێ و بیرمەندێکی ئیسلامیی توونسییە، سەرکردەی بزووتنەوەی نەهزەی توونسییە و لە ماوەی ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٢ سەرۆکی پەرلەمانی توونس بووە.
سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی گەلی توونس | |
---|---|
لە ماوەی ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ - ٣٠ی ئازاری ٢٠٢٢ | |
نێردەی ناوچەی هەڵبژاردنی یەکەمی تونس | |
لە ماوەی:١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ - ٣٠ی ئازاری ٢٠٢٢ | |
پانزەهەمین سەرۆکی بزووتنەوەی نەهزە | |
لە تشرینی دووەمی ١٩٩١ـەوە | |
زانیاری کەسی | |
لەدایکبوون | ١٩٤١/٦/٢٢ لە حامەی وڵاتی توونس |
لە سەرەتای ژیانی سیاسییەوە لە ساڵی ١٩٦٩ـەوە، چەندین جار تووشی گرتن و ئەشکەنجە بووە، هەروەها لە ساڵانی نەوەدەکاندا دوو جار سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا، ئەمەش ناچاری کرد بۆ ماوەی ٢١ ساڵ لە لەندەن لە دەربەدەریدا بمێنێتەوە لە نێوان ساڵانی ١٩٨٩ بۆ ٢٠١١، لەدوای شۆڕشی بەهاری عەرەبی گەڕایەوە بۆ وڵاتەکەی. غەنووشی بە یەکێک لە گرنگترین بیرمەندانی هاوچەرخ لە بازنەکانی ئیسلامیی سیاسی دادەنرێت، و لەسەر پرسی ئازادییەکان و پەیوەندی نێوان دیموکراسی و ئیسلام دەیان نووسراو و کتێبی چاپکراوی هەیە. ڕۆڵێکی سەرەکی بینیوە لە قۆناغی گواستنەوەی دیموکراسی لە توونس لە دوای شۆڕش، بە تایبەت لە سەردەمی ترۆیکا و دواتر لە سەردەمی "ڕێکەوتن" لەگەڵ باجی سبسی. هەروەها ماوەیەک یاریدەری سکرتێری گشتیی پرس و کەمینەکان بووە لە یەکێتیی نێودەوڵەتی زانایانی موسڵمان و جێگری سەرۆکی یەکێتیی نێودەوڵەتی زانایانی موسڵمان بووە. لە هەندێک سەرچاوەش باس دەکرێت کە ماوەیەک ئەندامی فەرمانگەی ئیرشادی گشتیی نێودەوڵەتیی ئیخوان موسلمین بووە.
لە ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩، غەنووشی بە سەرۆکی پەرلەمانی توونس هەڵبژێردرا، بەڵام لە ٢٥ی تەممووزی ٢٠٢١، بەهۆی قەیرانی سیاسیی ئەو وڵاتە، ئەندامێتیەکەی لەگەڵ سەرجەم جێگرەکانی ڕاگیرا و بە فەرمانی سەرۆکایەتیی توونس کە لە لایەن قەیس سەعید سەرۆک کۆمارەوە دەرچوو لە ڕۆژی ٣٠ی ئازاری ٢٠٢٢ پەرلەمان بە فەرمی هەڵوەشایەوە.
ژیان
غەنووشی لە ١٩٤١/٦/٢٢ لە حامەی وڵاتی توونس لەدایکبووە. غەنووشی لە شاری حامە درێژەی بە خوێندنی سەرەتایی داوە پێش ئەوەی بچێتە شاری قابس بۆ درێژەدان بە خوێندنی ناوەندی. بڕوانامەکەی لە قوتابخانەیەکی قورئانی وەرگرتووە، دوای ئەوە چووەتە شاری توونس بۆ تەواوکردنی خوێندنی لە زانکۆی زەیتوون و لەوێ بڕوانامەی لە ئوسوڵی دین بەدەست هێناوە.
دوای ئەوە لە میسڕ دەخوێنێت و لەوێ بە ڕەوتی ناسری سەرسام دەبێت، بەڵام بەهۆی کێشەکانی توونس و میسڕەوە خوێندکارە توونسییەکان دەردەکرێن و دەگوازرێتەوە بۆ دیمەشق و لەوێ بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە فەلسەفە بەدەست دەهێنێت.
چالاکیی ئایینی
دوای ئەوەی لە ناوەڕاستی شەستەکان توونس بۆ دژایەتی مارکسیزم کۆمەڵێک ڕێوشوێنی ئایینی گرتە بەر و کۆمەڵێک خوێندنگەی ئایینی و مزگەوت کرانەوە، لێرەدا غەنووشی لەگەڵ کۆمەڵێک گەنجی هاوتەمەنی خۆی کە بریتی بوون لە عەبدولفەتاح مورو، حەبیب مەکنی و ساڵح کەرکەر، دەستی کرد بە وانەوتنەوە لە قوتابخانە ناوەندییەکان و زانکۆکان و مزگەوتەکاندا و دواتریش پێکەوە گرووپێکی ئیسلامییان دامەزراند. ئەم گرووپە لە مانگی نیسانی ساڵی ١٩٧٢ لە کێڵگەیەک لە شاری مەرناق دەستیان بە ئەنجامدانی کۆنفڕانسێک کرد. نزیکەی چل کەس بەشداری ئەم کۆبوونەوە نهێنییەیان کرد، بە ئامانجی گەیشتنی زیاتر بۆ ناو ژیانی سیاسی و لێرەدا تۆو و بنکەی ئەو بزووتنەوەیەیان پێکهێنا کە لە هەشتاکاندا بووە سیمبولی ئیسلامی سیاسیی توونس کە ناوی بزووتنەوەی ڕەوتی ئیسلامی بوو (حركة الاتجاه الإسلامي) و بە ناوی بزووتنەوەی نەهزە دەناسرێت.
ململانێ لەگەڵ دەسەڵاتدا
غەنووشی چەندین جار بەهۆی چالاکییەکانیەوە لەلایەن ڕژێمی توونسەوە دادگایی کراوە، گرنگترینیان بریتی بوون لە:
- دادگاییکردنی لە ساڵی ١٩٨١دا و سزای ١١ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.
- دادگاییکردنی لە ساڵی ١٩٨٧دا سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا.
- ساڵی ١٩٩١ جارێکی دیکە بەبێ ئامادەبوون دادگایی کرا و زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرا.
- لە ساڵی ١٩٩٨ بە هەمان بڕیاری پێشوو بەبێ ئامادەبوون دادگایی کرا.
بەهۆی تۆمەتی تێوەگلانی لە کردەوەی "تیرۆریستی" لەلایەن دەسەڵاتدارانی توونسەوە، وەک سوتاندنی چەند ناوەندێکی پەروەردەیی و ڕفاندنی بەرپرسان، بزووتنەوەکە کرایە ئامانجی دەسەڵاتی دادوەری، غەنووشی چەند جارێک لەبەردەم دادگاکان وەستا، و بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٨١ دادگایی کرا و لە نێوان ١٩٨١ تا ١٩٨٤ لە زینداندا مایەوە. دوای ئازادکردنی لە چوارچێوەی لێبوردنی گشتیدا، جارێکی دیکە گەڕایەوە بۆ ناڕەزایەتی و چالاکیی سیاسی. لە ٢٧ی ئەیلوولی ١٩٨٧دا جارێکی دیکە بە کاری قورس و زیندانی هەتاهەتایی سزا درا، ئەم حوکمە بەس نەبوو بۆ سەرۆک حەبیب بوڕەقیبە، بەو پێیەی داواکارییەکی پێشکەش کرد بۆ لابردنی سزاکە بۆ سزای لەسێدارەدان. ئەم بڕیارە بەهۆی کودەتاکەی ٧ی تشرینی دووەمی ١٩٨٧ لەلایەن سەرۆک کۆماری نوێ زەینولعابدین کوڕی عەلییەوە سەری نەگرت و لە ١٤ی ئایاری ١٩٨٨ بە فەرمانی سەرۆکی نوێ ئازاد کرا.
لە سەردەمی زەینولعابدین غەنووشی لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٩دا داواکارییەکی پێشکەش کرد کە بزووتنەوەی ڕەوتی ئیسلامی ببێتە لایەنێکی فەرمی لە وڵات، بەڵام ڕەت کرایەوە و دواتر ناوی حیزب بۆ حیزبی نەهزە گۆڕا و بەهۆی چالاکییەکانەوە چەند جارێکی تر دادگایی کرایەوە.
گەڕانەوە بۆ توونس
ڕاشید غەنووشی لە ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١١ دوای شۆڕشی توونس کە بووە هۆی ڕووخانی زەینولعابدین کوڕی عەلی سەرۆک و دوای زیاتر لە ٢١ ساڵ دەربەدەری و پەنابەریی سیاسی لە بەریتانیا، گەڕایەوە بۆ توونس، لەلایەن دەیان هەزار ئەندامی نەهزەوە پێشوازی لێکرا. کاتێک گەڕایەوە بۆ توونس، وتی خۆی کاندید ناکات بۆ پۆستی سەرۆکایەتی، و پێشینەی کارەکانی دووبارە دامەزراندنەوەی نەهزەیە.
لەدوای گەڕانەوەی بۆ توونس، چەندین دیدار و چاوپێکەوتن و سەردانی ئەنجامدا و لەگەڵ هەریەک لە سەرانی پارتی داد و گەشەپێدان و هیندستان و چین و لیبیا و وڵاتانی ئەورووپی و توونس کۆبوویەوە.
غەنووشی لە هەڵبژاردنی یاسادانانی ساڵی ٢٠١٩دا پێشەنگی لیستی پارتەکەی (بزووتنەوەی نەهزە) بوو، لیستەکەش بە نزیکەی ٣٠ هەزار دەنگ (٣ کورسی پەرلەمان) پلەی یەکەمی بەدەستهێنا. ڕۆژی ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩، غەنووشی بە سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرا، دوای ئەوەی ڕکابەرەکەی کە پارتی دڵی توونس بوو پشتیوانی لێکرد. غەنووشی لە کۆی گشتی ٢١٧ دەنگی ١٢٣ دەنگی بەدەستهێنا و یەکەم پۆستی فەرمی خۆی لە دوای گەڕانەوەی لە دەربەدەری لە لەندەن لە ساڵی ٢٠١١دا وەرگرت.
لە ٣٠ی تەممووزی ٢٠٢٠، ئۆپۆزسیۆن نەیتوانی متمانە لە غەنووشیی سەرۆکی پەرلەمان وەربگرێتەوە دوای کۆبوونەوەی پلینۆم کە تەرخانکرابوو بۆ دەنگدان لەسەر ئەوە. ڕۆژی ٢٥ی تەمموزی ٢٠٢١، قەیس سەعید، سەرۆک کۆماری توونس، فەرمانی سەرۆکایەتی کۆماری دەرکرد و ئەرکەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی گەلی هەڵپەسارد و پارێزبەندی سەرجەم ئەندامەکانی هەڵگرت، لەنێویاندا سەرۆکی ئەنجوومەن ڕاشید غەنووشی. لە ٢٢ی ئەیلوولی ٢٠٢١، سەرۆک قەیس سەعید فەرمانێکی سەرۆکایەتیی دەرکرد کە تێیدا داوای ڕێکاری نوێی کرد بۆ بەردەوامبوون لە هەڵگرتنی پارێزبەندی لە سەرجەم ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی گەل و کۆتاییهێنان بە هەموو ئەو بەخشین و ئیمتیازاتانەی کە بە سەرۆکی پەرلەمان و ئەندامان دەدرێت. لە وەڵامی هەموو ئەمانەدا غەنووشی ئەمەی بە هەڵمەتێک دژی دیموکراسی و دەستوور زانی، بەڵام کۆمەڵێک هەڵەی خۆی و حیزبەکەشی ڕوونکردەوە کە لە ماوەی ١٠ ساڵی پێشوو ئەنجامیان داوە.
لە ٣٠ی ئازاری ٢٠٢٢، ماوەی سەرۆکایەتی غەنووشی وەک سەرۆکی پەرلەمان کۆتایی هات، بە ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە بۆ یەکەمجار لە مێژوویی خۆیدا.
ژیانی تایبەت
غەنووشی هاوسەرگیری لەگەڵ فاتیمە جوینی کردووە و خاوەنی شەش منداڵە کە زۆرێکیان لە حیزبی نەهزەدا پلەی بەرزیان هەیە. ئاسایش و پاراستنی خۆیشی لەلایەن ئاسایشی سەرۆکایەتییەوە دەستەبەر کراوە.
بەرهەمەکان
- إرهاصات الثورة
- الديمقراطية وحقوق الإنسان في الإسلام
- الحريات العامة في الدولة الإسلامية
- تجربة نضال: حوارات جريئة في المواطنة والإصلاح وحقوق الإنسان والنهضة ونقد التطرف
- الحركة الإسلامية: رؤية نقدية
- الوسطية السياسية عند الإمام يوسف القرضاوي
- مسيرة الصحوة الإسلامية
- من تجربة الحركة الإسلامية في تونس
- تمرد على الممنوع: نقد الصمت والبوح بالمسكوت عنه
- الحركة الإسلامية ومسألة التغيير
- المرأة بين القرآن وواقع المسلمين
- مقاربات في العلمانية والمجتمع المدني
- القدر عند ابن تيمية
- المبادئ الأساسية للديمقراطية وأصول الحكم الإسلامي
- حقوق المواطنة: حقوق غير المسلم في المجتمع الإسلامي
- الحريات العامة في الدولة الإسلامية
- المرأة المسلمة في تونس بين توجيهات القرآن وواقع المجتمع التونسي
- حركة الاتجاه الإسلامي في تونس: بحوث في معالم الحركة مع تحليل ونقد ذاتي
- الحركة الإسلامية والتحديث
- مقالات: حركة الاتجاه الإسلامي بتونس
- القضية الفلسطينية على مفترق طريقين
- حق الاختلاف وواجب وحدة الصف
- طريقنا إلى الحضارة
- نحن والغرب.
- حقوق المواطنة في الدولة الإسلامية.
- تمرد على الصمت.