ناوهڕۆك
هۆكارەكانی دروستبوونی بازرگانی دەرەكی
دوو هۆكاری سەرەكی هەیە بۆ دروستبوونی بازرگانی دەرەكی كە ئەمانەن:
1-هیچ دەوڵەتێك ناتوانێت پێداویستییەكانی خۆی پڕبكاتەوە: گرانە بە دەرامەتە ناوخۆییەكان هەموو پێداویستییەكانی دەوڵەت پڕبكرێتەوە، بە تایبەتیش پاش زۆربوونی پێداویستییەكانی ئادامیزاد و جۆراوجۆر بوونیان و جیاوازی توانای دەوڵەتەكان لە دابینكردنی پێویستییەكان لە پاڵ جۆراو جۆری ئارەزووەكانی كەسەكاندا.
2-ئەو دەستكەوت و چاكانەی كە لە ئەنجامی بازرگانییەوە بەدەست دەهێنرێن: دەوڵەت هەڵدەستێت بە ناردنە دەرەوەی ئەو شمەكانەی كە زیادەیەكی ڕێژەییان هەیە و هێنانی ئەو شمەكانەش كە دەگمەنی ڕێژەییان هەیە.
گرنگی بازرگانی دەرەكی
كەرتی بازرگانی بە بەشێكی گرنگی پەیكەربەندی ئابووری نەتەوە و بازرگانی دەرەكیش دادەنرێت، چەند گرنگییەكی گەورەی هەیە كە دەتوانین پوختەكەی بەم شێوەیەی خوارەوە بخەینە ڕوو:
- بازرگانی دەرەكی دەرفەت بۆ هەموو وڵاتێك دەڕەخسێنێت تا ئەو شمەكانە پەیدا بكات كە لای دەستناكەوێت، جا بەهۆی بارودۆخی ئاو و هەواوە بێت یان بێ توانایی سروشتییەكەی ناتوانێ بەرهەمی بهێنێت.
- بازرگانی دەرەكی بە هۆكارێكی گرنگی وڵاتە تازە پێگەیشتووەكان دادنرێـت كە هەوڵی پەرەپێدانی ئابووری دەدەن، چونكە بازرگانی دەرەكی دەرفەت بۆ ئەم دەوڵەتانە دەڕەخسێنێت تا لە دەوڵەتە پیشەسازی و پێشكەوتووەكان قەرزیان دەست كەوێت، قەرزدانی نێودەوڵەتیش شێوەیەكە لە شێوەكانی گواستنەوەی شمەك و كارگوزارییە پێویستەكانی وەك ئامێر و مەكینە كە بۆ هێنانەدی پەرەپێدانەكە گرنگە.
- بازگانی دەرەكی بە سەرچاوەیەكی داهاتی زۆربەی دانیشتوان دادەنرێ، جا لە ڕێگەی ئەو چالاكییە ڕاستەوخۆیانەوە بێت كە پەیوەستە بە كردارەكانی هێنان و ناردنە دەرەوە بێت، یاخود لە ڕێگەی چالاكییە یارمەتیدەر و تەواوكەرانەوەی وەك گواستنەوە و هەڵگرتن و داگرتن...هتد بێت.
- بازرگانی دەرەكی ئامڕازێكە بۆ نزیككردنەوەی ماوە دوورەكان و سنوورەكان نێوان دەوڵەتەكان دەبڕێت و بە تایبەتیش لە سایەی پێشكەوتنی هۆیەكانی گەیاندن و پەیوەندییە تەلدار و بێ تەلەكان.
بنەماكانی دروستبوونی پسپۆڕی نێودەوڵەتی
بنەڕەتی دامەزاندنی پسپۆڕبوونی نێو دەوڵەتی و پاشانیش ئاڵوگۆڕی لە نێوان دەوڵەتەكان بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە كە دەتوانرێت لەمانەدا كۆیان بكەینەوە:
ئاو و هەوا
بە شێوەیەكی گشتی كەشوهەوا كاریگەری لەسەر تێچوونی بەرهەمهێنان و بەشێوەیەكی تایبەت خەرجییەكانی بەرهەمهێنانی كشتوكاڵی هەیە، بۆ نموونە گەرمی و تێكڕای بڕی باران بارین لە دەوڵەتێكەوە بۆ دەوڵەتێكی تر جیاوازە، بۆیە ئەمەش كاریگەرییەكی بەرچاوی لەسەر بەرهەمی كشتوكاڵی دەبێت، ئەمەش لە لایەن خۆیەوە ڕۆڵی دەبێت لەدیاریكردنی پسپۆڕبوون و ئاڵوگۆڕی نێودەوڵەتیدا.
ناچۆنیەكی لە دەرامەتە سورشتییەكان
دەوڵەتان جیاوازییەكی گەورەیان هەیە لە بارەی ئەو دەرامەتانەی كە سروشت پێی بەخشیون لە زەوی كشتوكاڵی و كانزاكانی وەك ئاسن و مس و خەڵوز و نەوت، ئەو دەوڵەتانەی كە زەوی كشتوكاڵیان هەیە پسپۆڕ دەبن لە بەرهەمهێنانی چەند بەرهەمێكی كشتوكاڵی، وەك پسپۆڕبوونی كەنەدا و ئوستوڕاڵیا لە گەنم و میسر لە لۆكەدا، ئەو دەوڵەتانەی كە كێڵگەی نەوتیان هەیە پسپۆڕ دەبن لە بەرهەمهێنانی نەوتدا، وەك عێڕاق و دەوڵەتەكانی كەنداوی عەرەبی.
ناچۆنیەكی لە توانا مرۆییەكان
زۆر دەستی كرێكار لەو دەوڵەتانەی كە چڕی دانیشتوانیان زۆرە، دەبێـە هۆی زیادبوونی دەستی كرێكار و بەمەش نزمی كرێ دێتە كایەوە، ئەمەش دەبێـتە هۆی سەركەوتنیان لە بەرهەمهێنانی ئەو شمەكانەی كە دەستی كاری زۆری پێویستە و دروستكردنیان ئاسانە و شارەزای هونەری سەرمایەی زۆری ناوێت وەك پیشەسازی ڕستن و چنین لە هیندستان و پاكستان و میسر، بەڵام ئەو دەوڵەتانەی بە دەست كەمی دەستی كارەوە دەناڵێنن ئەوا خواست لەسەر دەستی كار، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی كرێ، بەمەش ڕوو لە پسپۆڕبوونی ئەو پیشەسازییانە دەكەن كە سەرمایەی چڕی(زۆری) پێویستە، گەر كەرەستەی خاو و سەرمایە و شارەزای هونەرییان تێدا هەبێت وەك پسپۆڕبوونی بەرتانیا و ئەڵمانیا و وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە بەرهەمهێنانی پاپۆڕ و شەمەندەفەر و ئۆتۆمبێل... هتد
ناچۆنیەكی لە بڕی سەرمایەی بەردەست
سەرمایە هۆكارێكە بۆ ناچۆنیەكی بەرهەمهێنان لە دەوڵەتێكەوە بۆ دەوڵەتێكی تر، هەندێك لەو دەوڵەتانەی كە پێشینەیەكی(رەصیدێكی)گەورەی سەرمایەیان هەیە، وا چاوەڕوان دەكرێت ئەو وڵاتانە پسپۆڕ بن لە بەرهەم هێنانی شمەكی وەبەرهێنان وەك ئامێر و ئامڕازەكان و شمەكەكانی دیكە كە كە سەمایەكی زۆریان پێویستە، بەڵام سەبارەت بە دەوڵەتە تازە پێگەیشتووەكان كە بەدەست دەگمەنی ڕێژەیی سەرمایەوە دەناڵێنن (جگە لەو دەوڵەتانەی نەوت دەنێرنە دەرەوە) ئەوا پێشكەوتنی پیشەسەزاییان بە شێوەیەكی تایبەتی تەگەرەی تێ دەكەوێت و ناچاۆریان دەكات پسپۆڕ بن لەو پیشەسازییە سادە و ساكارانەی كە كرێكاری زۆریان پێویستە.