جەنگی دراو

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2023-02-07-21:21:00 - کۆدی بابەت: 10946
جەنگی دراو

ناوه‌ڕۆك

جەنگی دراو چییە؟

جەنگی دراو یان شەڕی دراو (بە ئینگلیزی: Currency war، بە عەرەبی: حرب العملة) بریتییە لە پەرەسەندنی سیاسەتی دابەزینی بەهای دراو لە نێوان دوو نەتەوە یان زیاتردا، کە هەریەکەیان هەوڵی هاندان و بەرەوپێشبردنی ئابووری خۆیان دەدەن.

نرخی دراوەکان بە بەردەوامی لە بازاڕی دراوی بیانیدا دەگۆڕێت. بەڵام جەنگی دراو بە کۆمەڵێک نەتەوەوە لە یەک کاتدا سەرقاڵی بڕیاری سیاسەتەکانن کە ئامانجیان بێ بەهایی دراوەکانی خۆیانە.

گەلان بە پلەی یەکەم بۆ ئەوەی هەناردەکردنی خۆیان لە بازاڕی جیهانیدا سەرنجڕاکێشتر بن، بەهای دراوەکانیان دادەبەزێنن.

جەنگی دراو لە کاتێکدایە کە بانکی ناوەندی وڵاتێک لە سیاسەتی دراوی فراوانخوازانە (سیاسەتی فراوانکردنی ڕێژەی پارەیە کە لە ئاسایی خێراترە، یان بۆ دابەزاندنی ڕێژەی سوودی کورتخایەن کاردەکات.) بۆ ئەوەی بە ئەنقەست بەهای دراوی نیشتمانیی وڵاتەکەی دابەزێنێت بەکاردەهێنن. 

تێگەیشتن لە جەنگی دراو

لە جەنگی دراودا کە هەندێک جار بە دابەزینی بەهای کێبەرکێ ناودەبرێت، گەلان بەهای دراوەکانیان دادەبەزێنن بۆ ئەوەی هەناردەکردنی خۆیان لە بازاڕەکانی دەرەوەدا سەرنجڕاکێشتر بکەن. بە دابەزاندنی کاریگەرانەی تێچووی هەناردەکردنیان، بەرهەمەکانی وڵات زیاتر سەرنجڕاکێش دەبن بۆ کڕیارانی دەرەوەی وڵات.

لە هەمان کاتدا دابەزینی بەهاکە هاوردەکردن بۆ بەکارهێنەرانی وڵاتەکەی خۆی گرانتر دەکات و ناچاریان دەکات جێگرەوەی ناوخۆیی هەڵبژێرن.

ئەم تێکەڵەیەی گەشەکردن بە سەرکردایەتی هەناردەکردن و زیادبوونی خواستی ناوخۆیی بەزۆری لە زیادبوونی دامەزراندن بەڵام گەشەسەندنی ئابووری خێراتر بەشدارە.

هەروەها دەکرێت بەرهەمهێنانی وڵاتێکیش دابەزێنێت. ڕەنگە بازرگانییەکانی وڵات پشت بە پێداویستی و ئامێرە هاوردەکراوەکان بۆ فراوانکردنی بەرهەمهێنانیان ببەستن. ئەگەر بەهای دراوی خۆیان دابەزی، لەوانەیە ئەو هاوردەکردنانە بە شێوەیەکی لە کڕین نەهاتوو گران بن.

ئابووریناسان جەنگی دراو بە زیانبەخش بۆ ئابووری جیهانی دەزانن، چونکە بەم کردارانەی کە بەدوای سوودی کێبەرکێدا دەگەڕێن، دەتوانێت دەرئەنجامی نەرێنی پێشبینی نەکراوی هەبێت، وەکوو زیادبوونی پشتگیریخوازی (پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی لەڕێی دانانی باجی گومرگی زۆر لەسەر شمەکی لەدەرەوە هينراو.) و بەربەستی بازرگانی.

مەبەستەکانی جەنگی دراو

وڵاتان بۆ بەدەستهێنانی سوودێکی بەراوردکاری لە بازرگانی نێودەوڵەتیدا بەشداری جەنگی دراو دەکەن. کاتێک بەهای دراوەکانیان دادەبەزێنن، هەناردەکردنەکانیان لە بازاڕەکانی دەرەوەدا کەمتر گران دەبن، بەم شێوەیە هەناردەکردنەکانیان زیاد دەکات. بازرگانییەکان زیاتر هەناردە دەکەن، قازانجیان زیاتر دەبێت و هەلی کارێکی نوێ دروست دەکەن. لە ئەنجامدا وڵات لە گەشەسەندنی ئابووری بەهێزتر سوودمەند دەبێت.

هەروەها جەنگی دراو هاندەری وەبەرهێنانە لە سەروەت و سامانی وڵات. بازاڕی بۆرسە بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی هەرزانتر دەبێتەوە. وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆی بیانی (بریتییە لە پشکی خاوەندارێتی لە کۆمپانیا یان پڕۆژەیەکی بیانیدا کە لەلایەن وەبەرهێنەرێک، کۆمپانیایەک، یان حکوومەتێکەوە لە وڵاتێکی ترەوە ئەنجامدراوە.) زیاد دەکات. هەروەها ڕەنگە کۆمپانیا بیانییەکان سەرچاوە سروشتییەکان بکڕن.

جەنگی دراو چۆن کاردەکات

نرخی ئاڵوگۆڕ بەهای دراوێک دیاری دەکات کاتێک لە نێوان وڵاتان ئاڵوگۆڕ دەکرێت. وڵاتێک لە جەنگی دراودا بە ئەنقەست بەهای دراوەکەی دادەبەزێنێت. ئەو وڵاتانەی کە نرخی ئاڵوگۆڕیان جێگیرە بە شێوەیەکی گشتی تەنها ڕاگەیاندنێک دەکەن. وڵاتانی تریش نرخەکانیان لەسەر دۆلاری ئەمریکی جێگیر دەکەن چونکە دراوی یەدەگی جیهانییە.

بەڵام زۆربەی وڵاتان لەسەر نرخی ئاڵوگۆڕی نەرمن. بۆیە دەبێت ڕێژەی پارە زیاد بکەن بۆ ئەوەی بەهای دراوەکەیان دابەزێنن. کاتێک خستنەڕوو لە خواست زیاتر بێت، بەهای دراوەکە دادەبەزێت.

بانکی ناوەندی چەندین ئامرازی بۆ زیادکردنی ڕێژەی پارە بە فراوانکردنی قەرز هەیە. ئەمەش بە دابەزاندنی ڕێژەی سوودی قەرزەکانی بانک ئەنجام دەدات، کە کاریگەری لەسەر قەرزەکانی بەکارهێنەران هەیە، تا بانکەکان سوودی کەمتر وەرگرن قەرزی بەکارهێنەران زیاتر دەکات، بەمەش خستنەڕووی دراو بەرزدەبێتەوە و بەهاکەی دادەبەزێت. هەروەها چەندین ئامرازی تر بەکاردەهێنن.

هەروەها حکوومەتی وڵاتێک دەتوانێت بە سیاسەتی دارایی فراوانخوازانە کاریگەری لەسەر بەهای دراوەکە هەبێت، ئەمەش بە خەرجکردنی زیاتر یان کەمکردنەوەی باجەکان ئەنجامی دەدات. بەڵام سیاسەتی دارایی فراوانخوازی زیاتر بۆ هۆکاری سیاسی بەکاردەهێنرێت نەک بۆ بەشداریکردن لە جەنگی دراو.

ئایا ئێستا لە جەنگی دراوداین؟

لە سەردەمی ئێستادا کە نرخی ئاڵوگۆڕ زوو زوو دەگۆڕێت، بەهای دراوەکان بە پلەی یەکەم لەلایەن هێزەکانی بازاڕەوە دیاری دەکرێت.

بەڵام دەتوانرێت دابەزینی بەهای دراو لەلایەن بانکی ناوەندی نەتەوەیەکەوە لە ڕێگەی سیاسەتی ئابوورییەوە کە کاریگەری کەمکردنەوەی بەهای دراویان هەیە ڕێک بخرێت.

کەمکردنەوەی ڕێژەی سوود یەکێکە لە تاکتیکەکان. یەکێکی تریان ئاسانکردنی چەندایەتییە (QE) کە بانکی ناوەندی بڕێکی زۆر لە بۆند یان سەروەت و سامانی تر لە بازاڕەکاندا دەکڕێت. ئەم کردارانە وەک دابەزینی بەهای دراو ڕوون و ئاشکرا نین بەڵام کاریگەرییەکانی وەک یەکن. ئەم جەنگی دراوەش دەکرێت هەر کاتێک بێت ڕووبدات.

جەنگی دراو یان دابەزاندنی بەهای کێبەرکێ؟

"جەنگی دراو" زاراوەیەک نییە کە لە جیهانی زانستی ئابووری و بانکی ناوەندیدا بە شێوەیەکی ڕوون قسەی لەسەر بکرێت.

لەم دواییانەدا ئەو گەلانەی ستراتیجی دابەزاندنی بەهای دراو دەگرنەبەر، چالاکییەکانیان کەم کردووەتەوە و بە شێوەیەکی نەرمتر بە "دابەزاندنی بەهای کێبەرکێ" ناوی دەبەن.

بۆچی نرخی دراوێک دادەبەزێنن؟

ڕەنگە ناژیرانە دەربکەوێت، بەڵام مەرج نییە دراوێکی بەهێز لە بەرژەوەندی وڵاتێکدا بێت. لاوازی دراوی ناوخۆیی وا دەکات هەناردەی وڵاتێک لە بازاڕە جیهانییەکاندا ڕکابەری زیاتر بکات و لە هەمان کاتدا هاوردەکردن گرانتر دەکات.

بەرزبوونەوەی قەبارەی هەناردەکردن هانی گەشەی ئابووری دەدات، لەکاتێکدا هاوردەکردنی گرانیش کاریگەرییەکی هاوشێوەی هەیە، چونکە بەکارهێنەران جێگرەوەی ناوخۆیی بۆ بەرهەمە هاوردەکراوەکان هەڵدەبژێرن.

ئەو سیاسەتە دراوییانەی کە دەبنە هۆی لاوازکردنی دراوێک هەروەها کاریگەری ئەرێنیشیان لەسەر سەرمایە و خانووبەرەی وڵات هەیە، کە لە بەرانبەردا بەکارهێنانی ناوخۆیی لە ڕێگەی کاریگەری سامانەوە بەرز دەکاتەوە.

وڵاتان لە جەنگی دراودا هەوڵی چی دەدەن؟

وڵاتێک بەهای دراوەکەی دادەبەزێنێت بۆ ئەوەی کورتهێنانی بازرگانی کەم بکاتەوە. ئەو کاڵایانەی هەناردەی دەکات هەرزانتر دەبن، بۆیە فرۆشتن بەرز دەبێتەوە. ئەو کاڵایانەی هاوردەی دەکات گرانتر دەبن، بۆیە فرۆشیان لە بەرژەوەندی بەرهەمە ناوخۆییەکانە. ئەنجامی کۆتایی هاوسەنگی بازرگانی باشترە.

بەڵام کێشەکەی ئەوەیە، ڕەنگە گەلانی تر بە دابەزاندنی بەهای دراوەکانی خۆیان یان سەپاندنی باج و بەربەستی تر لەبەردەم بازرگانیدا وەڵامیان بدەنەوە. ئەمەش دەبێتە هۆی لەدەستدانی سوودەکەی.

کاریگەرییە نەرێنییەکانی جەنگی دراو

دابەزینی بەهای دراو چارەسەری هەموو کێشە ئابوورییەکان ناکات، بەڕازیل یەکێکە نموونە لە نموونەکان، هەوڵەکانی ئەو وڵاتە بۆ خۆپاراستن لە کێشە ئابوورییەکانی بە بێبەهاکردنی ڕیاڵی بەڕازیلی هەڵاوسانی زۆری دروستکرد و ئابووری ناوخۆیی وڵاتەکەی لەناوبرد.

کەواتە کاریگەرییە نەرێنییەکانی جەنگی دراو، ڕەنگە دابەزینی بەهای دراو لە ماوەی درێژخایەندا بەرهەمهێنان دابەزێنێت چونکە هاوردەکردنی ئامێر و پيداویستییەکان زۆر گران دەبێت بۆ بازرگانییە ناوخۆییەکان. ئەگەر دابەزینی بەهای دراو زیادەڕۆیی تێدا بکرێت، ئەوە بەرهەمداری ڕووبەڕووی زیان دەبێتەوە. مەترسییەکان بریتین لە:

  • ئەگەر پلەی دابەزینی بەهای دراو زیاتر بێت لەوەی کە دەخوازرێت، ڕەنگە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و دەرچوونی سەرمایە (بریتییە لە گواستنەوەی سەروەت و سامان لە وڵاتێکەوە، بە نەخوازراو دادەنرێت چونکە زۆرجار لە ئەنجامی ناسەقامگیری سیاسی یان ئابوورییەوەیە ڕوودەدات. دەرچوونی سەروەت و سامان کاتێک ڕوودەدات کە وەبەرهێنەرانی بیانی و ناوخۆیی پشکەکانیان لە وڵاتێکی دیاریکراودا بفرۆشن بەهۆی لاوازی هەستپێکراوی ئابووری وڵات و لەسەر ئەو باوەڕەی کە دەرفەتی باشتر لە دەرەوەی وڵاتدا هەیە.).
  • ڕەنگە دابەزینی بەهای دراوەکە ببێتە هۆی پشتگیریخوازی (ئاماژەیە بۆ سیاسەتەکانی حکوومەت کە بازرگانی نێودەوڵەتی سنووردار دەکەن بۆ یارمەتیدانی پیشەسازییە ناوخۆییەکان.) زیاتر و دانانی بەربەستی بازرگانی، کە دەبێتە هۆی ڕێگریکردن لە بازرگانی جیهانی.
  • دابەزینی بەها دەتوانێت ناجێگیری دراوەکان لە بازاڕەکاندا زیاد بکات، ئەمەش لە بەرانبەردا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی کۆسپەکان بۆ کۆمپانیاکان و تەنانەت دابەزینی وەبەرهێنانی بیانی. 


سەرچاوەکان



219 بینین