پێست و لینجەپەردەکان و وەڵامدانەوەی هەوکردنەکان

له‌لایه‌ن: - ڕاوێژ نورالدین - به‌روار: 2020-09-08-16:37:00 - کۆدی بابەت: 455
پێست و لینجەپەردەکان و وەڵامدانەوەی هەوکردنەکان

ناوه‌ڕۆك

پێست و لینجە پەردەكان

بەرگرییە گشتییەكان، بەشداری دەكەن لە پاراستنی لەش لە هەر هۆكارێكی نەخۆشی هەر جێیەك بێت، ئەمەش پێست و لینجە پەردەكان دەگرێتەوە كە هەردووكیان وەكو دوو  بەربەستی سروشتی كاردەكەن بەڕووی هۆكارەكانی نەخۆشی. پێست وەكو بەربەستێكی فیزیكی كار دەكات بۆ ڕێگە نەدان بە گەیشتنی هۆكارەكانی نەخۆشی. هەر بۆ نموونەش ئارەقە ئەنزیمی لایسۆزیمی تێدایە كە هەندێك بەكتریا دەكوژێت.

بەڵام لینجە پەردەكان بەربەستێكی دیكە پێك دێنن بۆ هۆكارەكانی نەخۆشی، ئەوانیش لینجە ماددە دەردەدەن بۆ گرتن و گلدانەوەی هۆكارەكانی نەخۆشی. لینجە پەردەكان ناوپۆشی ئەندامەكانی لەشی مرۆڤ دەكەن، وەكو جۆگەكانی كۆئەندامی هەناسە، كە ئەو خانانەی تێیدایە بە كوڵكە ترپنەكان داپۆشراون. كوڵكەكان لینجە ماددەكە پاڵ دەنێن لەگەڵ ئەویشدا كە هۆكارەكانی نەخۆشی بەرەو سەرەوە بە ئاڕاستەی گەروو پاڵ دەنرێن، هەروەها ترشەكانی گەدە زۆربەی هۆكارەكانی نەخۆشی تێك دەشكێنن، كە قووت دراون و گەیشتوونەتە گەدە.

 

وەڵامدانەوەی هەوكردنەكان

ئەگەر هەر هۆكارێكی نەخۆشی بتوانێت بە پێست یان لینجە پەردەكاندا تێپەڕێت ئەوا هانی وەڵام دانەوەی هەوكردنەكان دەدان، ئەمەش زنجیرە ڕووداوێكە تووش بوونەكە لەناو دەبات و كرداری چاك بوونەوە خێرا دەكات ، كاتێك خانەكان تێك دەشكێن بەهۆی پچڕانی پێست یان پەلاماری هۆكارەكانی نەخۆشی، هەندێكیان ماددەی هیستامین دەردەدەن.

هەنگاوی1 هیستامین دەبێتە هۆی زیادكردنی وروژمی خوێن بەرەو ناوچە تووشبووەكە وا لە موولوولەكانی خوێنی نزیكیان دەكات زیاتر پیاڕۆبن، ئەمەش دەبێتە هۆی پەیدابوونی سوور هەڵگەڕان،  وهەڵئاوەسان، و تالێهاتن، و ئازار، لە دەوروبەری ناوچە تووشبووەكە. بەڵام ئەگەر لوولەكانی خوێن بپچڕێن، ئەوا پەڕەكانی خوێن دەست دەكەن بە پێكهێنانی مەیین بۆ داخستنی پچڕاوەكە، و قەدەغەكردنی چوونەژوورەوەی هۆكارەكانی نەخۆشی بۆ لەش. شلەكان و خانە هەڵلوشێنەرەكان بە دیواری لوولەكانی خوێندا تێدەپەڕن و ڕوودەكەنە ناوچە تووشبووەكە.

هەنگاوی2 خانە هەڵلوشێنەرەكان هۆكارەكانی نەخۆشیو ماددە بێگانەكان قووت دەدەن و تێكیان دەشكێنن.

هەنگاوی3 هیستامین هەڵلوشێنەرە خانەكان و هەندێك جۆری دیكەی خرۆكە سپییەكان كێش دەكەن بۆ ناوچە تووشبووەكە. خرۆكە سپییە هاوتاكان زۆرترین جۆرن لە خانە هاڵلوشێنەرەكان لە لەشدا ئەم خانانەش لە لوولەكانی خوێندا دەسوڕێنەوە و دەتوانن بە موولوولەكانی خوێندا تێپەڕن، بۆ گەیشتن بە ناوچە تووشبووەكە، ئەو هۆكارە نەخۆشییانە قووت دەدەن، كە لەوانەیە ڕووبەڕوویان ببنەوە. جۆرێكی دیكە لە خانە هەڵلوشێنەرەكان هەن كە ئەویش هەڵلوشێنەری گەورەیە.

هەندێك لەو خانانە لە شانەكان دەمێننەوە بۆ چاوەڕوانی هۆكارەكانی نەخۆشی. لەوكاتەی هەندێكی دیكەیان بەدوای هۆكارەكانی نەخۆشیدا دەگەڕێن.

كوژەرە خانە سروشتییەكان خرۆكە سپیە گەورەكانی خوێنن، پەلاماری ئەو خانانە دەدەن كە تووشی هۆكارەكانی نەخۆشی بوون، نەك هۆكارەكان خۆیان، پەلاماری شێرپەنجە خانەكان و خانە تووشبووەكان بە ڤایرۆس دەدەن، پەردەی خانە تووشبووە ئامانجەكە كون دەكەن، ئاو وروژم دەكات بۆ ناو خانەكە و وای لێدەكات بتەقێت.

وەڵامدانەوەی گەرمی

كاتێك لەش دەست دەكات بە كرداری بەرهەڵستی هۆكارەكانی نەخۆشی، لەوانەیە پلەی گەرمییەكەی بەرز بێتەوە، و لە پلەی گەرمی سروشتی تێپەڕێت، كە دەگاتە 37C، پێی دەڵین تا لێهاتن ، كە یەكێكە لە نیشانەكانی نەخۆشی، ئەمەش هۆكاری وەڵامدانەوەی لەش بۆ تووشبوون نیشان دەدات. هەندێك هۆكاری نەخۆشی و ماددە كیمیاییەكان كە هەڵلوشێنەرە گەورەكان دەریان دەدەن هانی ڕوودانی تالێهاتن دەدەن، لەوانەیە سووكە تایەك سنور بۆ گەشەی بەكتریا و ڤایرۆسەكان دابنێت، و هانی چالاكی خرۆكە سپییەكان بدات، بەڵام گەرمی زۆر بەرزی لەش كە لە 39C، تێپەڕ دەكات مەترسیدارە چونكە پڕۆتینە گرنگەكانی خانە تێكدەشكێنێت. بەڵام ئەگەر پلەی گەرمی 41C تێپەڕ بكات لەوانەیە ببێتە هۆی مردن.


سەرچاوەکان



1786 بینین