ناوهڕۆك
سەرەتا
پێناسەكەی: (برتییە لە كۆمەڵێك ئامڕاز و كار ڕاپەڕاندن كە دەوڵەت پەنایان بۆ دەبات لە بازرگانیكردنی لەگەڵ دەوڵەتەكانی تر، ئەمەش بە مەبەستی بە دەستهێنانی ئامانجی ئابووری دیاری كراو)، ئەم ئامانجانەش بەپێی جیاوازی پلەی پەرەپێدانی ئابووری جیاواز دەبێت بۆ نموونە لە دەوڵەتە پێشكەوتووەكاندا ئامانجەكە بەدەستهێنانی خستنەگەڕی تەواوەتییە لە كاتێكدا ئامانج لە دەوڵەتە تازە پێگەیشتووەكان دا بە دەستهێنانی پەرەپێدانی ئابورییە لە ڕێگەی بەكارهێنانی ڕامیاری بازرگانیەوە، ڕامیاری بازرگانیش بۆ دوو بەشی سەرەكی دابەش دەكرێت كە ئەمانەن:
یەكەم: ڕامیاری بازرگانی سەربەست
مەبەست لە ڕامیاری بازرگانی سەربەست (ئەو دۆخەیە كە دەوڵەت دەست ناخاتە ناو پەیوەندییە دەرەكییەكان، بە مانایەكی تر كردارەكانی ئاڵوگۆڕی نێودەوڵەتی ئەنجام دەدرێت بە سەربەستی بەبێ بوونی هیچ كۆتێك).
بەڵگە سەرەكییەكانی ڕامیاری بازرگانی سەربەست
- زیادبوونی داهاتەكان لە ئەنجامی پسپۆڕبوونی نێودەوڵەتی: چونكە ئەم ڕامیارییە دەبێتە هۆی سەربەستكردنی بازرگانی لە نێوان دەوڵەتەكاندا و هەر دەوڵەتەش پسپۆڕدەبێت لەو لقی بەرهەمهێنانە داك ە لەبارییەكی ڕێژەیی هەبێت و جیای بكاتەوە لە دەوڵەتەكانی تر، بنەماكانی بەرهەمهێنان ئاڕاستەی ئەو لقە دەكرێـت كە توانای بەرهەمداری تیایدا بەرزە ئەو لقانەش بەجێدەهێڵێت كە بەرهەمداری تیایدا نزمە، ئەمەش دەبێـتە هۆی بەرزبوونەوەی پاداشت و داهاتەكانی بنەماكانی بەرهەمهێنان.
- لە سایەی سەربەستی بازرگانی دا دەركەوتن و بڵاوبوونەوەی دامەزراوە و دەزگای قۆرخكاری قورسە، لەبەر ئەوەیە كە قۆرخكاری نێودەوڵەتی و هەرێمی تەنها لە سایەی ڕامیاری پاراستن دادەمەزرێت.
- ڕامیاری پاراستن (بەكارهێنانی ڕەسم-بەشكاری-ماف پێدان) پێویستی بە یاسا داڕشتنی زۆر هەیە، ئەمەش چەندین شوێنەوار و ئەنجامی جۆراوجۆری ئابووری لێ دەكەوێتەوە، چونكە پێویستی بە ئیدارەیەكی عەقڵانە و تەرخانكردنی زۆر گەورە و كەسانی پسپۆڕ هەیە.
- سەربەستی بازرگانی یارمەتی گواستنەوەی بنەماكانی بەرهەمهێنان دەدات لە نێوان دەوڵەتەكاندا بە تایبەتی گواستنەوەی دەستی كار و سەرمایە.
- لایەنگرانی سەربەستی باس لەوە دەكەن كە رەسمی گومرگی چەندین كەموكورتی و شوێنەواری ئابووری هەیە، دەبێتە هۆی لە دەستدانی متمانەی خاوەن كارەكان و بازرگانەكان لە بارودۆخە ئابورییەكان و هەروەها بەكاربەر ناچار دەكات كە ڕەسم (باج)ی ناپێویست بدات، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی خەرجییەكانی بژێوی و ئەمانەش هەموویان دەبنە هۆی كەمبوونەوەیەكی بەرچاو لە بازرگانی دەرەكیدا.
دووەم: ڕامیاری پاراستنی بازرگانی
مەبەست لە ڕامیاری پاراستن ( ئەو بارەیە كە دەوڵەت دەسەڵاتی گشتی خۆی بەكاربهێنێت تا كاری پێ بكاتە ئاڵوگۆڕكردنە نێودەوڵەتییەكان یان ئاڕاستەكانیان یان بەرهەمە ناوخۆییەكان بپارێزێت لە بەربەرەكانی شمەكە بیانییەكان).
بەڵگەكانی لایەنگرانی ڕامیاری پاراستن
لایەنگرانی ڕامیاری پاراستن پشت دەبەستن بەم بەڵگانەی خوارەوە وەك بەڵگەیەك بۆ بۆچونەكانیان كە پێویستە دەوڵەت دەست بخاتە ناو ڕێكخستنی بازرگانی دەرەكی لەوانەش:
پاراستنی پیشەسازییە تازە دامەزراوەكان: ئابووریناسی ئەڵمانی (فریدریك لیست) لە كتێبەكەی (ڕژێمی نەتەوەیی بۆ ئابووری ڕامیاری) كە لە ساڵی 1841 بڵاوكراوەتەوە داوای پاراستنی پیشەسازییە تازە دامەزراوەكان دەكات.
خاوەن كار و ڕێكخەرەكان داوای ئەوە دەكەن كە پێویستە یارمەتی پیشەسازییە نیشتیمانییەكان بدرێت و بپارێزرێت، چونكە ئەوە یارمەتی مانەوەی پارە دەدات لە ناوخۆی وڵاتدا، لەبەر ئەوەی پیشەسازییە ناوخۆییەكە یارمەتی دەوڵەت دەدەن كەشمەك لە ناوخۆدا پەیدا بكات لە جیاتی خەرجكردنی لە پێناو لە دەرەوە هێنانیان.
پاراستنی ئاسایشی دەوڵەت: چونكە یارمەتی دەوڵەت دەدات كە ئەو شمەكە بنەڕەتییانە بەرهەم بهێنێت كە ناتوانرێت لە كاتەكانی شەڕ و گەمارۆدانی ئابووری بەدەستبهێنرێت، دەتوانین بڵێین كە كۆمەڵێك لەبەرچاو گرتن هەیە كە پەیوەندییان هەیە بە بەرگری نیشتیمانییەوە بۆتە هۆی دەركەوتنی پاراستن.
لایەنگرانی پاراستن دەڵێن سەپاندنی رەسمی گومرگی پێویستە، بۆ ئەوەی قەرەبووی (تعویض) بەرهەمهێنی ناوخۆی پێ بدرێتەوە لەو جیاوازییەی كە لە نێوان خەرجییەكانی بەرهەمهێنانی ناوخۆ و دەرەوەدا هەیە.
پاراستن دەبێتە هۆی فراوانكردنی پیشەسازییە ناوخۆییەكان و زیادبوونی خستنە سەر كاری كرێكار تیایاندا، چونكە ئەگەر رەسمی گومرگی بەرز لە لایەن دەڵەتەوە بخرێتە سەر شمەكی دیاریكراو ئەوە ئەمە دەبێتە هۆی زیادبوونی خواستی پیشەسازییەكان لەسەر دەستی كرێكار، ئەمەش بە پێی دەوری خۆی دەبێتە هۆكاری چارەسەر و كەمكردنەوەی قەبارەی بێكاری لە وڵاتدا.