ناوهڕۆك
دەكرێ تاتۆ ببێتە ھۆی شێرپەنجە؟
دەزگای لێكۆڵینەوە لە ڕەگەزە كیمییایە پیشەسازییەكانی ئوسترالیا لە ڕاپۆرتێكی نوێدا دەڵێ بەشێك لەو مرەكەبانەی لە تاتۆكاندا بەكار دەھێندرێن، ڕەگەزی ئەوتۆیاندا تێدایە كەوەھا ناسراون ڕێگە بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە خۆش دەكەن.
دەزگا ئوسترالیاییەكە دەڵێ لە كۆی ٤٩ جۆر مرەكەبی تاتۆ كە شیكارییان لەسەر ئەنجامدراوە، تەنیا چوار دانەیان لەگەڵ ستانداردەكانی سەلامەتی ئەوروپیدا یەكیان گرتووەتەوە.
مەترسیدارترین پێكھاتە كە لە بەشێك لە مرەكەبەكان ھەبووە، ئەو ڕەگەزەیە كە بە ھایدرۆكاربۆنە فرەسووڕە ئەرۆماتییەكان
( presence of polycyclic aromatic hydrocarbons- PAHs)
ناسراون و وەك ڕەگەزگەلی ڕێگەخۆشكەر بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە پێناسەكراون. ئەم ماددە مەترسیدارانە لە ٢٠٪ی ھەموو نموونە پشكندراوەكان و ٨٣٪ی مرەكەبە ڕەشەكاندا ھەبوون.
جگە لەوە، مادەگەلی دیكەش لە مرەكەبی تاتۆ ھەن كە بۆ تەندروستی مرۆڤ باش نین، لەوانە : باریۆم، مس، جیوە، ماددەگەلی ئەمینی و ڕەنگی دەستكرد.
ھەندێك لە مرەكەبەكان لە قاوخەكەیان پێكھاتەیەك نووسراوە. كەچی لە ڕاستیدا ماددەی دیكەی تێدا بووە، نەك ئەوەی لەسری نووسراوە.
پەیوەندیداران داوا دەكەن ھەم ئەم جۆرە مەترسییانە بۆ ئەو كەسانە ڕوونبكرێتەوە كە تاتۆیان بۆ ئەنجام دەدرێ، ھەم ڕێگە لە جۆرە مەترسیدارەكانی مرەكەبی تاتۆ بگیرێ و توێژینەوەی زۆرتریش بكرێن بۆ ڕوونكردنەوەی پەیوەندی نێوان تاتۆ و شێرپەنجە.