ناوهڕۆك
لە ھەوای پیسدا وەرزش و ڕاكردن مەترسیدارە
ڕۆیشتن لە ماڵەوە بۆ سەر كارەكەت بە پاسكیل یان ڕاكردن لەو شوێنانەی ھەوای شەقامەكان پیسە، زیان بە سییەكان دەگەیەنێ و دەبێتە ھۆی سستبوونی دڵ.
توێژەرانی بەلجیكی دەڵێن ھەڵمژینی ھەوای پیسی شەقامەكان دەبێتە ھۆی تەسكبوونەوەی بۆرییەكانی خوێنی سییەكان، ئەوەش لەمپەر دەخاتە بەردەم ڕۆشتنی ئۆكسجینی پێویست بۆ شانەكانی لەش، و نەخۆشیەكانی دڵ و بۆرییەكانی خوێنی لێدەكەوێتەوە.
د.جان فرانسوا ئارگاچا، پسپۆری نەخۆشیەكانی دڵ لە نەخۆشخانەی فێركاریی برۆكسل « ئەمە كێشەیەكی تەندروستی گشتییە بۆ ئەو كەسانەی لەو شوێنانەی شارەكان دەژین كە ھەوایان پیسە، چونكە لەوناوچانەی ئەوان وەرزشكردن زیان لە سییەكان دەدات و ڕێگە خۆشدەكات بۆ سستبوونی دڵ».
پزیشكە پسپۆرەكە ھەروەھا دەڵێ «ڕێنمای سەرەكی ئێمە ئەوەیە كە لەكاتی پیسبوونی ھەوادا وەرزش و چالاكیە جەستەییەكان كەمبكرێنەوە، بەڵگەی بەھێزیش نین دەری بخەن بەكارھێنانی ماسك دەبێتەھۆی كەمكردنەوەی مەترسییەكانی ئەو تەنۆلكە پیسكەرانەی لە ھەوادا ھەن».
توێژەرەكان لە داتایی تەندروستی ١٦ ھەزار كەسیان كۆڵیوەتەوە كە لەنێوان ٢٠٠٩-٢٠١٣ دا براونەتەوە نەخۆشخانە و سۆنەری دڵ (ئیكۆ) یان بۆ ئەنجامدراوە.
دواتر زانیاریەكانیان بەراورد بە تۆماری پیسی ھەوا لەو ڕۆژانەی نەخۆشەكان گەیێندراونەتە نەخۆشخانە.
لە ئەنجامدا دەركەوت ئەو نەخۆشانەی لە ڕۆژی ھاتنە نەخۆشخانە یان ھەفتەی پێش ئەوە لەگەڵ ھەوای پیس ڕوبەڕوو بوون، خراپترین ئەنجامی پشكنینی دڵ و سووڕی خوێنیان ھەبووە.
لە ئەزموونێكی دیكەدا ١٠ كەس خرانە ژوورێكەوە كە ھەواكەی پیس بوو. لەكاتی پشوودان پشكنینی دڵی خۆبەخشەكان كرا و دواتر حبێكیان پێدان كە ھاوشێوەی وەرزش، دڵ چالاك دەكات و لەو كاتەشدا پشكنینی دڵیان بۆ كردن.
توێژەرەكان بۆیسن دەركەوت ئەوانەی لە ھەوا پیسەكەدا بوون و وەرزشیان نەدەكرد، گۆڕانكاری نەرێنی ئەوتۆ لە سوڕی خوێنیان ڕووینەدا، بەڵام لەكاتی چالاكی دڵدا لەو ھەوا پیسە، سووڕی خوێن كاریگەری نەرێنی بەرچاوی تێدا دەردەكەوێت.
د. ئارگاچا دەڵێ «ئەمە دەریدەخات ھەوای پیس زۆرتر بۆ ئەوانە خراپە كە لەكاتی وەرزش كردن ھەڵیدەمژن»
ئەنجامی توێژینەوەكە لە كۆبوونەوەی ساڵانەی یۆرۆئیكۆ تایبەت بە سكانی دڵ لە شاری لیپزیگی ئەڵمانیا پێشكەشكرا و ڕۆژی ھەینی ٩ ی دیسەمبەر لە پۆتراڵی دەیلی تەلەگرافی بەریتانی بڵاوكرایەوە.