ناوهڕۆك
سەرەتا
لەرزینی ئەندامەکان بەهۆی نەخۆشیی دەماری (بە ئینگلیزی: chorea، بە عەرەبی رقاص) بریتییە لە کەموکوڕی لە جووڵەکردندا، کە دەبێتە هۆی جووڵەی خۆنەویست، ناڕێک و چاوەڕوان نەکراو. کەسی تووشبوو بەم نەخۆشییە بەجۆرێک جووڵە دەکات، وەک ئەوەی سەما بکات. وشەی chorea لە زمانی گریکیەوە وەرگیراوە بە واتای سەماکردن دێت. دەکرێت ئەم کەموکوڕییە نیشانە بێت بۆ نەخۆشیی کۆئەندامی دەماری. پزیشکەکان دەرمان بۆ کۆنترۆڵکردنی جووڵەی نەخۆشەکە بەکاردەهێنن. دەکرێت ئەم نەخۆشییە کاتی یان بەردەوام بێت و بەپێی کات کەسەکە بەرەو خراپی دەچێت. ئەم نەخۆشییە زیاتر لە منداڵانی تەمەن پێنج بۆ ١٥ ساڵدا دەردەکەوێت.
دوو جۆر جووڵە لەم نەخۆشییەدا بەدی دەکرێت
- جۆری یەکەم بریتییە لە جووڵاندنی هێواشی دەستەکان و پێیەکان.
- جۆری دووەم جووڵەکانی چڕترن و نیشانەکان لەلایەکی جەستەدا دەردەکەون.
ئەو کەسانەی ئەگەری تووشبوون بەم نەخۆشییەیان هەیە
هەرچەندە هەموو کەسێک لەهەر تەمەنێک بێت ئەگەری تووشبوونی بەم حاڵەتە هەیە، بەڵام ئەو کەسانەی زیاتر لە مەترسی تووشبوون بەم حاڵەتەدان بریتین لە:
- ئەو کەسانەی لە خێزانەکەیاندا تووشبووی نەخۆشیی هانگتینگتۆن (Huntingtons disease) هەیە. ئەو کەسانەی دایک و باوکیان تووشبووی نەخۆشیی هانگتینگتۆنن، ئەگەری هەیە کە ئەم نەخۆشییە بۆ منداڵەکان بگوازرێتەوە. بەزۆری خەڵکی لە تەمەنی ٤٠ بۆ ٥٠ ساڵی نیشانەکانی نەخۆشیی هانگتینگتۆنیان تێدا دەردەکەوێت. نەخۆشیی هانگتینگتۆن باوترین جۆری حاڵەتی لەرزینی ئەندامەکانە بەهۆی نەخۆشیی دەماری.
- ئەو کەسانەی کە خاوەنی نەخۆشییە خۆییە بەرگرییەکانی وەک گورگە سوورە، کەموکوڕی هۆڕمۆنی و دابەزینی شەکری خوێنن، ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی لەرزینی ئەندامەکان زیاترە.
نیشانەکان
- جووڵانی ماسولکەکان بەشێوەیەکی خۆنەویستانە: بەزۆری لە دەستەکان، قاچەکان و دەموچاودا دەردەکەوێت. دەکرێت کار لە ڕۆیشتن، خواردن، خواردنەوە و قسەکردنی کەسەکە بکات. جووڵەی کەسەکە بەجۆرێکە وەک ئەوەی سەما بکات، پیانۆ بژەنێت یان ئازارێکی زۆری هەبێت. ئەم نیشانانە کاتێک کەسەکە هەست بە فشار و خەمباری دەکات خراپتر دەبن، بەڵام لە کاتی خەوتندا نیشانەکان نامێنن.
- قسەکردن و جووڵاندنی زمان بەشێوەیەکی کۆنتڕۆڵ نەکراو.
- هەندێک کات دوای تووشبوون بەم حاڵەتە منداڵەکان تووشی سەرئێشە و فێ دەبن.
دەستنیشانکردن
- لەبەر ئەوەی دەکرێت زۆر نەخۆشی و حاڵەتی تر بۆ ڕوودانی ئەم حاڵەتە هۆکار بن، پزیشک دەربارەی مێژووی خێزانی، دەرمانەکانی نەخۆش بەکاری دەهێنێت و ئەو نیشانانەی هەستی پێ دەکرێت پرسیار لە نەخۆشەکە دەکات. هەروەها پزیشک تاقیکردنەوەی جەستەیی ئەنجام دەدات و لە نەخۆشەکە دەپرسێت:
ئایا چەند جار ئەم جووڵە خۆنەویستانە دووبارە دەبنەوە و لە چ کاتێکدا بەرەو خراپی دەچێت؟
کەی نیشانەکان دەرکەوتوون؟
- پشکنینی خوێن بۆ دەستنیشانکردنی هەوکردن.
- پشکنینی تاقیگەیی بۆ نموونە کەمی مس هۆکارێکە بۆ تووشبوون بە نەخۆشیی ویڵسن، نەخۆشیی ویڵسنیش یەکێکە لە هۆکارەکانی تووشبوون بەم حاڵەتە.
- تیشکی موگناتیسی و تۆمۆگرافی کۆمپیوتەری بۆ دەستنیشانکردنی گۆڕانکارییەکانی مێشک.
- ئەنجامدانی پشکنینی جینی بۆ دەستنیشانکردنی ئایا جینی نەخۆشیی هانگتینگتۆن لە کەسەکەدا هەیە یان نا.
چارەسەرەکان
چارەسەری ئەم حاڵەتە لەسەر بنەمای جۆری نەخۆشییەکە دەبێت.
- نەشتەرکاری: هاندانی مێشک یەکێکە لە چارەسەرەکان، کاتێک دەرمانەکان کاریگەرییان نییە پزیشک پێشنیازی ئەم جۆرە نەشتەرکارییە دەکات. ئەم چارەسەرە نابێتە هۆی نەهێشتنی نەخۆشییەکە بەتەواوی بەڵکوو دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی نیشانەکان.
- لە هەندێک حاڵەتەدا دەرمان بۆ چارەسەرکردنی ئەم حاڵەتە بەکاردێت. دەرمانەکان سوودیان لە کۆنتڕۆڵکردنی جووڵەی ماسولکەکان دەبێت و کاریگەرییان لەسەر دۆپامین دەبێت. یەکێک لەو دەرمانانە بریتییە لە ڕیسەرپین (Reserpine).