ناوهڕۆك
یەکەم حزب لە کوێ پەیدابوو؟
دیارە فەیلەسوف و زانایانی ئەوروپی وا فێر بوون کەمتر حساب بۆ خەڵکی تر بکەن، هەموو دۆزینەوە و (ژمارە پێوانەییەکان) بۆ یەکەم کەسی ئەوڕۆی دەگێڕنەوە،: هیرۆدتس- باوکی مێژوو، ئەبیکرات- باوکی پزیشکی، سیۆکریتشس- باوکی هونەر، هیروکلیتس- باوکی دیالکتیک، ئیکلیدو فیساگۆرس باوکی ئەندازە و ژمارە، ستراپۆ- باوکی جوگرافیا، تالیس و بیلتمۆس- باوکی گەردوونناسی، ئەفلاتوون و ئەرستۆش- باوکی کۆمەڵێک لقی زانستی تریان پێ بەخشراوە،... لە مێژووی نوێش خڕیەتی زەوی و ناوەند نەبوونی لە گەردوون بە شۆڕشێکی زانستی ئەوروپی دەزانن کە لە سەدەکانی (١٦-١٧) لە لایەن (کۆپەرنیکۆس- گالیلۆ- کپلەر- جۆردانۆ..) دەستی پێ کرد، کەجی زۆر لە پێش ئەوان کتێبەکانی ئیسلام هاتووە بە تایبەتی (ئەلبیرۆنی نیوە تیرەی زەوی دۆزیتەوە)، معجم البلدانی یاقووت حموی، هەروەها بەرگی دەی (تەفسیری روح البیانی پرسوی) و زۆر سەرچاوەی تر.
لە دیاردەی پەیدا بوونی حزبیش پێیان وایە فکرەی حزب یەکەم جار لە ئەورووپا سەری هەڵداوە بەو شێوەیەی خوارەوە: لە سەرەتادا کۆمەڵە خەڵکێک یەک ڕادەبوون بەرامبەر هەڵبژاردن و دوای لە ناو پەرلەمان (فراکسیۆنی ڕای جیاجیا) دروست دەبوو، بەرەبەرە حزبی لێ چەکەرە بوو. بەو شێوەیە مێژووی حزب بەو تەرازوەی ئێستای لە دەوتی ساڵانی (١٨٥٠ز) دەست پێ دەکات، لەوەیان هەموو سەرچاوەکانی جیهانی کۆکن لەسەری، هەروەک (موسوعة علم الأجتماع) دەڵێ:( هەتا ساڵی ١٨٥٠ لە هیچ وڵاتێک بەو مانا و پێناسەی ئێسا حیزبایەتی نەبووە)، ئەگینا دەستە و یانە و کۆبوونەوە هەبووە، بەشێکی تر دیاردەکانی دژایەتی کردنی پادشاکانی ئەورووپایان کردووە بە تایبەتی لە سەردەکانی (١٦) بە دواوە ناویشیان هەڵگرتبوو بە ناوی (وێک) و (تۆڕی) وەک حزب وابووە، نیکۆلا میکافیلی لە ڕەوتی باسی (میرنشینە ئاینیەکانی ئیتاڵیا) دەکات و ناوی دوو حزب دەبا بە ناوی (ئۆرسینی) و حزبی (کۆلۆنا)، باس لە سەرەتایەکی تری حزب دەکرێ لە نێوان (٢٢-٢٧)ی مایۆ ١٨٧٥ لە کۆنگرەی غوتا هەردوو باڵی کرێکارانی ئەڵمانیا (پارتی کرێکارانی دیموکراسی) بە سەرۆکایەتی پیپل و (یەکێتی کرێکارانی ئەڵمان) ی لاسالی یەکیان گرتەوە بووە (پارتی کرێکارانی سۆشیالیستی ئەلمانیا)، بەڵام بە وردبوونەوەی زیاتر لە تەرجەمە و سەردەمی باسەکەی کە پێش ساڵانی ١٨٥٤ بووە مانای حزبی ئێستا نادا، لە ئەمریکاش لە نیوەی سەدەی حەڤدەم (تۆماس جێفرسۆن) وەک دامەزرێنەری حزبی دیموکراسی دەژمێردرێ، بەڵام (موسوعە عربیة العالمیە) ئەو تەقەلایە و تەقەلایەکانی (ئەندرۆ جاکسن) بۆ سەرۆکایەتی لە (١٨٢٨) بە ناوی دیمکراسی دەڵێ حزبی نەبووە هەر لایەنگرانی بە ''دیمکراسی'' یەکان ناوزەند بوون، بەڵام بەپێی (الموسوعة السیاسیة) یەکەم حزب لە جیهان حزبی دیموکراسی ئەمریکی بە سەرۆکایەتی جیفرسونی سەرۆک کۆماری ئەمریکی لە نیوان (١٨٠١-١٨٠٩).
وا دەردەکەوێ حزبایەتی لە رۆژئاوا زادەی ململانێی هەڵبژاردن بووە، بەڵام دوایی لەسەر دەستی سۆشیالیستەکان و ئینجا شیوعیەکان و خودی (لینین)گەشي و بازنەی پێدراو ناوەندیەتی و دیسپلینی و مەکتەب سیاسی بۆ داهێنرا.
کەواتە بە دڵنیاییەوە حزب لە ئەمریکا لە پێش ئەو مێژووە هەبووە، بەڵام لە ناو قورئانی پیرۆز بە ڕوونی باسی (حزب اللە) و (حزب الشیطان) کراوە ، بە لایەنگرانی ئیسلامیان وتووە (حزبی محمد)، ئیتر حزبی موشریک و ڕەگەزی و ئاینی و عەشایەری... هەموو نوێنەریان لە (دار الندوة) هەبووە، لە قورئانیش بە (أحزاب) بردوون ((ولما رأی المؤمنون الأحزاب..))، بە شێوەیەک (حزب اللە) ئەو کۆمەڵە خەڵکە و ئەو حزبە سیاسیەیە کە بەرنامەی پەیام بووە، حزبی شەیتانیش ئەو حزبانەن کە لە بەرنامەکانیان (حلال و حرام)ـی دەسکردی ئادەمیزادی تێدایە و ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ ناگەڕێتەوە سەر پەیام، یان بە سادەتر بڵێین، هەررە چاکەکانیان هاوبەش (شریک) بۆ شەریعەت پەیدا دەکات و شەریعەتی لا تاکە سەرچاوە نییە، بەو شێوەیە حزبایەتی مێژووی کۆنتری پێ دەدرێ، بەشێکی تر بزوتنەوەی ماسۆنی و یانەکانی بە کۆنترین حزب پۆلێن دەکەن، زیاترلە ڕەگ و ڕیشەی ئاینی هەیە، بۆیە بەردەوام بە چالاکیەکانی (تەبشیری) و ماسۆنیەتیش ووتراوە حزبایەتی، بەشێکی تر (فریسین) و (صدوقین) کە لە دژی بانگەوازی مەسیحیەت بوون بە حزب ناوی دەبەن، ئەو کۆمەڵەیەی فیساگۆرس لە ئیتاڵیای کۆن دروست کرد ئەویش نزیکە لە حزب.
بە هەرحاڵ ئەگەر مێژووی یەکەم حزبیش لە ئەورووپا نەبێت، سەرهەڵدانی عەلمانیەت و حزبە فاشی و نازی و میکاڤیلیەکان لەوێ هاتوون، لە هەمان کاتدا حزبە دیموکراسی و سۆشیالیسیتی و شیوعیەکانیش هەر لەوێ هاتوون.
بەو مانا و پێناسە نوێیەی، یەکەم حزبی کاریگەری عەلمانی بە بۆنەی ١٠٠ ساڵی شۆڕشی فەرەنسی لە ١٤/٧/١٨٨٩ دروست بووە لە جیهانی ئیسلامی بە ناوی (اتحاد التعالي والترقي)، کەچی هەر یەکە لە حزبی ئومەی میستی ١٩٠٧، حزبی نتونس الفتاة لە ١٩٠٨ و حزبی احرار بە یەکەم حزب دانراون لە لایەن فەرهەنگەکانی وەک (موسوعة العربیة العالمیة) و (موسوعة العربیة المیسرة).
بە پێی (موسوعة العربیة العالمیة) یەکەم حزبیش لە عێراق، (حزب الحر العراقی ١٩٩٢) بووە.. بەڵام ئەو فەرهەنگانە زیاتر مەبەستیان حزبی ڕەسمی بووە، ئەگینا پێش ئەو مێژوانە حزبی تر هەبووە، یەکەم بزوتنەوەی سیاسی لە ژێر پەردە (علم السوریة) بووە لە ١٨٥٧، لە عێراقیش (حزبی نەهزە) لە ساڵەکانی ١٩١٨ دروست بووە، دژی داگیرکاری بەریتانی ناوەڕۆکێکی ئیسلامی، لە پێش ئەو مێژووەش حزبی تری وەک حزبی ئیسلامی بە سەرۆکایەتی محمد داغستانی و حزبێکی ئیسلامی تر لە سلێمانی لەگەڵ شێخ مەحمود بووە، جگە لە حیزبی (یەکێتی محمد)ی- نەورەسی.
بەڵام لە قۆناغی نوێدا چەند کاریگەرییەکی تری سەرەکی هەیە بۆ سەرهەڵدانی حزبایەتی لە کوردستان، بۆ بەشی داهاتوو.