ناوهڕۆك
زۆر دانیشتن ھۆكاری سەدان ھەزار حاڵەتی مردنە
توێژینەوەیەكی زانستی نوێ دەڵێ دانیشتنی ڕۆژانە بۆ ماوەی سێ كاژێر و زیاتر، ھۆكاری سەدان ھەزار حاڵەتی مردنە لە ٥٤ وڵاتدا.
پێشووتر سەلمێندرابوو زۆر دانیشتن ڕێگە بۆ چەندین لێكەوتەی نەخوازراو خۆش دەكات، لەوانە: قەڵەوی، نەخۆشیەكانی دڵ و مردن بە گەنجی.
توێژینەوە نوێیەكە بە سەرۆكایەتی د. لیۆناردۆ ریزیندی كە سكوڵی پزیشكی زانكۆی ساوپاولۆی بەریزالی ئەنجامدراوە و ئەنجامەكەی لە جۆرناڵی زانستی American Journal of Preventive medicine بڵاوكراوەتەوە.
توێژەرەكان ھەواڵی خۆشییان پێیە بۆ ئەوانەی زۆر دادەنیشن، بەوەشی ئەگەر چاو بە ھەڵسوكەوتیاندا بخشێننەوە و ماوەی دانیشتنی ڕۆژانە بۆ كەمتر لە سێ كاژێر كەم بكەنەوە ئەوە تەمەنیان ٠,٢ ساڵ زیاد دەكەن.
بە تێكڕای دانیشتووانی ئەمریكا ڕۆژانە ١٣ كاژێر دادەنیشن، كە ٧,٥ كاژێریان لە كاتی پیادەكردنی پیشەیەكەیاندایە.
پسپۆران دەڵێن ئەو جۆرە شێوازەی ژیان خراپ لەسەر تەندروستییانە دەشكێتەوە.
توێژینەوە نوێیەكە سوودی لە زانیاری ماوەی ٩ ساڵ وەركرتووە لەسەر ١,١ ملیار كەس كە دانیشتوی ٥٤ وڵاتن و زانیارییەكان بە پڕۆگرامێكی زانستیی ورد خەڵمێندراون.
ئەنجام
توێژەرەكان بۆیان دەركەوت لەو ٥٤ وڵاتەدا دانیشتنی ڕۆژانە بۆ ماوەی ٣ كاژێر و زیاتر، ھۆكاری ٣,٨٪ی حاڵەتەكانی مردنە، كە ئەوەش دەكاتە ٤٣٠ ھەزار حاڵەتی مردن لەو ماوەیەی توێژینەوەكە خەمڵاندنی بۆ كردووە.
ھەروەك دەركەوتووە ئەگەر كەسەكە ماوەی دانیشتنی بۆ كەمتر لە ٣ كاژێر كەمبكاتەوە، بێ گوێدانە ئەوەی وەرزش دەكات یان نا، تەمەنی بە بڕی ٠,٢ ساڵ زیاد دەكات.
سەرۆكی تیمی توێژینەوەكە دەڵێ «ئەگەر تەنیا ١٠٪ی ماوەی دانیشتنت كەمبكەیتەوە، كار لە زیادبوونی تەمەنت دەكات، خۆ ئەگەر بڕیار بدەیت ٥٠٪ی ماوەی دانیشتنت كەمبكەیتەوە ئەوە كاریگەریە باشەكە سێ ئەوەندە زیاتر دەبێ لەوەی تەنیا ١٠٪ی دانیشتن كەمبكەیتەوە».