ناوهڕۆك
ڕۆژانە پارچەیەك میوە، مردن بە جەڵتەی دڵ و مێشك كەمدەكاتەوە
ڕۆژانە تەنیا خواردنی پارچەیەك میوەی تازە ئەگەری مردن بە جەڵتەی دڵ و مێشك بە ڕاددەی ٣٣٪ كەمدەكاتەوە، ئەوەش ھێندەی ئەو بەرگریەیە كە دەرمانی دژە چەوری (ستاتین) بۆ ڕێگری لەو نەخۆشیانە دروستیدەكات، توێژینەویەكی زانكۆی بەنێوبانگی ئۆكسفۆرد وا دەڵێ.
لە توێژینەویەكی زەبەلاحدا كە لەسەر نیو ملیۆن ھاوڵاتی چینی ئەنجامدراوە، توێژەرانی ئۆكسفۆرد لە پەیوەندی نێوان شێوازی خۆراكی خەڵكی و ئەگەری مردنیان بە نەخۆشییەكانی دڵ و بۆرییەكانی خوێن كۆڵییانەو لە ماوەی حەوت ساڵدا.
ئەنجامدانی توێژینەوەكە لە چین ئاسانتر بوو، چونكە بەشێك لە چینیەكان ھەرگیز میوە ناخۆن، یان زۆر دەگمەن دەیخۆن.
دواتر دەركەوت ئەوانەی رۆژانە تەنیا پارچەیەكی ١٠٠ گرامی لە میوەی تازە (فرێش) دەخۆن، بە ڕاددەی ٣٣٪ ئەگەری مردنیان بە نەخۆشیەكانی دڵ و بۆریەكانی خوێن (جەڵتەی دڵ و مێشك) كەمترە بە بەراورد بەوانەی ھەرگیز میوە ناخۆن یان زۆر دەگمەن دەیخۆن.
دەرمانە دژە چەورییەكانی وەكوو (ستاتین)یش بە ھەمان ڕاددە، واتە ٣٣٪، ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و مێشك كەمدەكەنەوە، بەڵام ھەندێك كەس تووشی لێكەوتەی نەخوازراوی دەرمانەكە دەبنەوە وەكوو لەشداھێزران و ئازاری ماسولكەكان، بۆیە خۆیان لە بەكارھێنانی ئەو دەرمانە دەدزنەوە.
توێژەرەكان جەختیان كردەوە كە ئەوان بە ھیچ جۆرێك مەبەستیان نییە بەخەڵكی بڵێن كە لەبری دەرمانی دژە چەوری میوە بخۆن، بەڵكو ڕێنمایامان دەكەن لەگەڵ بەكارھێنانی دەرمانە دژە چەورییەكان، با سوود لە میوەش وەربگرن و ڕۆژانە بیخۆن تاكو دڵ و مێشكیان لە سودێكی زیاتر بەھرەمەند ببن.