ناوهڕۆك
فتق
فتق چییە؟
سک خاوەنی دیواری ماسولکەییە کە پاڵپشتیی لەش دەکات و یارمەتی جووڵە دەدات و ئەندامەکانی ناوەوە دەپارێزێت.
فتق (HERNIA) هاتنەدەرەوەی بەشێکی لەشە لە دەرچەیەک یاخود خاڵێکی لاوازی ماسولکەوە هەروەها وەکو دەرپەڕینی بۆریەک وایە لە ناوەوە بەناو بۆشاییەکدا.
نیشانەکانی:
بەشێوەیەکی ئاسایی فتق ئازاری نییە و لە شێوەی دەرپەڕیوێک لە ناوچەی سک یان ژێر ڕاندا دەردەکەوێت بەتایبەت لە کاتی (پێکەنین، کۆکە، زەبر بۆ نموونە هەڵگرتنی تەنێکی قورس)، زۆرجار دەتوانرێت دەرپەڕیوەکە بخرێتەوە جێگەی خۆی، هەروەها لەوانەیە تێبینی ئەم نیشانانەش بکرێت:
نیشانە گشتییەکان:
• گەورەبوونی فتقەکە بە تێپەڕبوونی کات.
• هەستکردن بە تێری.
• ئازارێکی قووڵ بەتایبەت لە دەوروبەری فتقەکە.
• ئازار لە کاتی بەرزکردنەوەی شتێکدا.
نیشانە تایبەتەکان:
• ئازاری سنگ.
• دڵەکزێ.
• گرفتی قووتدان.
هۆکارەکان:
یەکگرتنی زەبر یان هێز و لاوازی ماسولکە هۆکاری ڕوودانی ئەم حاڵەتەن، ئەمانەی دێن هەندێک هۆکارن کە دەبنە هۆی لاوازی ماسولکە و ئەو زەبرەی بەهۆیەوە حاڵەتەکە ڕوودەدات:
• حاڵەتی زگماکی، لە ماوەی گەشەکردنی کۆرپەلە لە منداڵدانی دایکدا ڕوودەدات و لە کاتی لەدایکبوونیشدا دەردەکەوێت.
• هەڵکشانی تەمەن.
• گرفتەکانی پاش ئەنجامدانی نەشتەرگەری وەک درووستبوونی برین لە شوێنی نەشتەرگەرییەکە.
• ڕاهێنانی قورس یاخود بەرزکردنەوەی شتێکی قورس.
• کۆکەی درێژخایەن یان نەخۆشییەکانی هەناسەدان.
• دووگیانیی بەتایبەت ئەگەر سکەکە دووانە بوو.
• قەبزی(هۆکارە بۆ دروستکردنی زەبر لەسەر ڕیخۆڵەکان).
• قەڵەوی.
• ئاوبەند یان ئیسقایی(Ascites).
• جگەرەکێشان.
• پێشینەی بۆماوەیی.
جۆرەکانی:
• فتقی ئەشکەنج یان لای کەمەر (Inguinal):
باوترین جۆری حاڵەتەکەیە و پیاوان زیاتر تووشی دەبن هەروەها لەوانەیە لە ئافرەتانی دووگیانیشدا ڕووبدات، بەهۆی ئەوەی چەوری یاخود بەشێکی ڕیخۆڵە ڕووەو ژێرڕان پاڵدەنێت لە خاڵێکی لاوازی خوارەوەی سکدا.
لەوانەیە گرفتێکی زگماکی بێت یان بەهۆی یەکێک لەم هۆکارانەوە ڕووبدات:
- هەڵکشانی تەمەن کە بەهۆیەوە ماسولکەکان لاواز دەبن.
- کۆکەی درێژخایەن.
- زەبرێکی بەھێز.
• فتقی ڕان (Femoral):
جۆرێکی ناباوە و ئافرەتان زیاتر تووشی ئەم جۆرە دەبن، بەڵام مەترسیدارە هەروەها نیشانەی لەپێشینەی نییە، لە ناکاو ڕوودەدات و بەشێکی ماسولکە دەردەپەڕێت و ڕەق دەبێت، شوێنی دەرپەڕینەکە زۆر بەئازارە هەروەها لەوانەیە نەخۆشەکە ئازاری سک و دڵتێکچوون و ڕشانەوەی هەبێت.
• فتقی سک (Ventral):
لەم جۆرەیاندا دەرپەڕینەکە لە نێوان سنگ و سکدا روودەدات.
• فتقی نەشتەرگەری (Incisional):
پاش نەشتەرگەری لە ناوچەی سکدا لەوانەیە فتق ڕووبدات و بەشێکی ماسولکە دەربپەڕێتە دەرەوە، بەتایبەت کاتێک کە شوێنی نەشتەرگەرییەکە میکڕۆبە هەوکردنی هەبێت.
• فتقی دەرچەیی(Hiatal):
ئەم جۆرە لە کاتێکدا ڕوودەدات کە بەشی سەرەوەی گەدە دەردەپەڕێتە دەرەوەی ماسولکەی ناوپەنچک بەرەو ناوەوەی سنگ، پێناچێت فتقەکە بە ئاسانی ببینرێت بەڵام دڵەکزێ و ئازاری سنگ و ترشێتی لە دەمدا لە نیشانەکانی ئەم جۆرەن، ئەو کەسانەی تەمەنیان ٥٠ ساڵە یان زیاترە لەگەڵ ئافرەتانی دووگیان ئەگەری تووشبوونیان بەم جۆرە زیاترە لە کەسانی دیکە، گۆڕینی شێوازی ژیان هەروەها دەرمان و کەمکردنەوەی ژەمەکانی خۆراک، چارەسەرن بۆ ئەم جۆرەی فتق.
دیاریکردنی حاڵەتەکە:
زۆر جار پزیشکی پسپۆڕ بە ئاسانی دەتوانێت حاڵەتەکە بناسێتەوە تەنها بە پشکنینی جەستەیی(بەدەستی پزیشکەکە خۆی)، لەوانەیە پزیشکەکە داوا لە نەخۆشەکە بکات کە بکۆکێت بۆ ئەوەی کرداری دیاریکردنی حاڵەتەکە ئاسانتر بێت، ئەگەر هاتوو پزیشکەکە دڵنیا نەبوو لە دیاریکردنەکە، بۆ دڵنیابوونەوە کۆمەڵێک پشکنینی وێنەیی ئەنجام دەدات، وەکو:
- سۆنەر(ULTRASOUND).
- CT-SCAN.
- تیشکی ڕەنینی موگناتیسی (MRI).
چارەسەر:
تاکو ئێستا کاریگەرترین ڕێگا بۆ چارەسەری فتق نەشتەرگەرییە، پێویستیی ئەنجامدانی نەشتەرگەری بەپێی قەبارەی فتقەکە و قورسی نیشانەکان دەگۆڕێت، دەشێت بەستنی پشتوێنی فتق یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی نیشانەکان و دەرپەڕیوەکە لە شوێنی خۆی بهێڵێتەوە.
لێکەوتەکان:
- مۆربوونەوە یان سووربوونەوەی دەرپەڕیوەکە.
- ئازاری زۆر و بەردەوام.
- دڵتێکچوون.
- ڕشانەوە.
- تا.
- بێ توانایی لە خۆ خاڵیکردنەوە لە بای ناوسک.