هاوڕێیەتی نەکردنی منداڵ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-05-13:24:00 - کۆدی بابەت: 1978
هاوڕێیەتی نەکردنی منداڵ

ناوه‌ڕۆك

هاوڕێیەتی نەکردنی منداڵ

هەبوونی هاوڕێیەتی و پەیوەندییەکی دۆستانە لە نێوان دایک و  باوک و منداڵەکانیان، گرنگییەکی فرە زۆری هەیە، چونکە ئەم پەیوەندییە دەبێتە هەوێنی سۆز و خۆشەویستی لە نێوانیاندا.
زۆریک لە دایکان و باوکان پەی بەو ڕاستییە نابەن و ناچنە ناو بازنەی هاوڕێیەیت و دۆستایەتییەوە و لە دەرەوەی ئەو بازنەیە دەخولێنەوە!
بۆیە هەڵەیەکی دیکە، لەو هەڵە باوانەی کە باوان دەرهەق بە منداڵەکانیان دەیکەن، بریتییە لە فەرامۆش کردنی هاوڕێیەتی منداڵ، واتە پەیوەندییەکانیان تەنیا لە چوارچێوەی بازنەی دایکایەتی و باوکایەتیدا دەمێنێتەوە و هاوڕێیەتی منداڵەکانیان ناگرێتەوە.
ئەمەش بۆ چەند هۆکاریک دەگەڕێتەوە، لەوانە:

  • هەبوونی ناکۆکی و کێشە و بگرە و بەردەی خێزانی.
  • نزمی ئاستی ڕۆشنبیری و زانستی دایک و باوک.
  • هەست نەکردن بە بەرپرسیاریەتی.
  • بێبەش بوونی دایک و باوک لە سۆز و خۆشەویستی باوانیان لە سەردەمی منداڵیدا.
  • ئاشنا نەبوون بە شێوازگەلی پەروەردەیی و زانستی.
  • هەبوونی گرێی دەروونی.
  • پابەند بوون بە نەریتە باوەکانی کۆمەڵگە.
  • گەورەبوون لە ناو ژینگەیەکی توندوتیژ و ئاڵۆزدا.
  • چاولێکەری و لاساییکردنەوە.

ئەڵبەتە بەرپرسیاریەتی نەبوونی هاوڕێیەتی لە نێوان دایکان و باوکان و منداڵەکانیان، زیاتر لە ئەستۆی دایکان و باوکاندایە و دەبێ ئەوان ئەم بەرپرسیارییەتە لە ئەستۆ بگرن و تەحەمولی دەرەنجامە خراپەکانیشی بکەن، چونکە ئەوان نەیانتوانیوە تۆوی هاوڕێیەتی و سۆز و خۆشەویتی لە ناو کێڵگەی خێزاندا بڕوێنن، بۆ ئەوەی هەمووان لە بەروبوومەکەی بخۆن و بە بەختەوەری و ئاسوودەیی بژین و دوور بن لە هەموو کار و هەڵسوکەوتێکی نابەجێ و نەخوازراو.
هەڵبەتە زانا دەروونناسەکان پییان وایە کە هاوڕێیەتی بە شێوەیەکی گشتی دەبێتە هۆی گەشەکردنی منداڵ لە ڕووی دەروونی و کۆمەڵایەتی و جووڵەکردنەوە، هەروەها وا دەکات کە وا منداڵ هەست بە دوورەپەرێزی و گۆشەگیری نەکات و کەسێکی کۆمەڵایەتی بێت و 
هەست بە ترس و شەرمنی و ترسی چوونە ناو کۆمەڵگا نەکات و زیاتر پشت بە خۆی ببەستێت و بە بڕوابەخۆبوونەوە ڕووبەڕووی کێشە و ئارێشەکانی ژیان بێتەوە.
هەروەها زانایانی بواری پەروەردەش پێیان وایە هەبوونی پەیوەندی بە شێوەیەکی گشتی وادەکات کەوا منداڵ فێرە هاوکاری و کاری دەستە جەمعی ببێت و کەسایەتییەکی بەهێزی هەبێت و لە کاتی گەمە و یاریکردندا لە چەمکی هاوبەشی و هاوکاری و هەماهەنگی و هاوسەنگی و بەخشندەیی و قوربانیدان تێبگات و ئامادەباشییەکی زیاتری هەبێت بۆ خۆ گونجاندن لەگەڵ ژیگەی ماڵ و قوتابخانە و کۆمەڵگە.

زیانەکانی هاوڕێیەتی نەكردنی منداڵ

هاوڕێیەتی نەکردنی منداڵ لە لایەن دایک و باوکییەوە، هەر تەنیا زیان بە منداڵ ناگەیەنێت، بەڵکو دایک و باوک و خێزان و کۆمەڵگەش لێی زەرەرمەند دەبن، گرنگترین ئەو زیانانش ئەمانەی خوارەوەن:

  • منداڵ هەست بە نامۆیی و تەنیایی دەکات، بە تایبەتی لە ماڵەوە.
  • منداڵ لە سۆزی هاوڕێیەتی دایک و باوک بێبەش دەبێت.
  • منداڵ لە دایک و باوکییەوە فێرە فەرمان کردن و خۆسەپاندن و تاکڕەوی دەبێت.
  • منداڵ ناتوانێ دەردی دڵی خۆی بۆ دیاک و باوکی باس بکات و کلیلی نهێنییەکانی ڕادەستی ئەوان بکات.
  • منداڵ دەکەوێتە ژێر یاسای (ئەفسەر و سەرباز)وە، واتە دەرفەتێکی ئەوتۆ بۆ دانوستان و گفتوگۆ نامێنێتەوە و هەر ئەمر و فەرمانێک لە لایەن دایک و باوکی منداڵەوە دەربچێت، ئەو وەک سەربازێک بێ سێ و دوو جێبەجێی دەکات.
  • منداڵ دووچاری گۆشەگیری و دوورەپەرێزی دەبێت.
  • منداڵ بۆ قەرەبوو کردنەوەی سۆز و خۆشەویستی و هاوڕێیەتی دایک و باوکی، ڕوو لە دەرەوە دەکات و زۆرجار دەبێتە ڕەفیقی کەسانی لاسار و یاخی و سەرەڕۆ.

چارەسەر کردنی ئەم هەڵەیە

پیویستە دایکان و باوکان هەر لەسەرتاوە پەیوەندییەکی دۆستانە و توندوتۆڵ لەسەر بناغەی سۆز و خۆشەویستی و ڕێزگرتنی لەگەڵ منداڵەکانیان دروست بکەن و گوێیان لێبگرن و دەرفەتی ئەوەیان پێ بدەن گوزارشت لە ڕا و بۆچوونی خۆیان بکەن و خاوەن شوناسی کەسایەتی خۆیان بن، هەروەها هانی منداڵەکانیان بدات بۆ ئەوەی پەیوەندییەکی پتەو و دۆستانە لەگەڵ کەسوکاریان هەبێت، چونکە هەبوونی ئەم جۆرە پەیوەندییە سوودێکی زۆری دەبێت بۆ خودی دایکان و باوکان و منداڵان و تەنانەت کۆمەڵگەش، گرنگترین ئەو سوودانەش ئەمانەن:

  • منداڵ هەست بە ئاسوودەیی دەروونی دەکات.
  • دەردی دڵی خۆی لای دایک و باوکی باس دەکات و نهێنییەکانی خۆی لێێان ناشارێتەوە.
  • فێرە زۆر بەهای مرۆڤی و کۆمەڵایەتی دەبێت، وەک: بەهای دڵسۆزی و قوربانیدان و لێبوردەیی و بەخشین و هاوکاری و هەماهەنگی و پرس و ڕاوێژ و کاری هەرەوەزی و ... تاد.
  • لە گۆشەگیری دووردەکەوێتەوە.
  • کێشەکانی خۆی لە ڕێگەی دانوستان و هەڤپەیڤینەوە چارەسەر دەکات.
  • لە خۆسەپاندن و تاکڕەوی دوور دەکەوێتەوە.


سەرچاوەکان



697 بینین