تایبەتمەندییەكانی منداڵانی داهێنەر

له‌لایه‌ن: - بەنان ئەحمەد بەنان ئەحمەد - به‌روار: 2023-02-13-23:50:00 - کۆدی بابەت: 11000
تایبەتمەندییەكانی منداڵانی داهێنەر

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

تایبەتمەندییەكانی منداڵانی داهێنەر (بە ئینگلیزی: Characteristics of creative children، بە عەرەبی: خصائص الأطفال المبدعين)، بۆ ئەوەی تێبگەین کە منداڵانی داهێنەر چ كارێكی جیاواز ئەنجام دەدەن، گرنگە سەرەتا بزانین کە داهێنان چییە. داهێنان ئازادترین شێوەی خۆ دەربڕینە. بە واتایەکی تر داهێنان بریتییە لە توانای بینینی شتەکان بە شێوازێکی نوێ، چارەسەرکردنی کێشەکان بەو ڕێگایانەی کە کەسی تر بیری لێ نەکردۆتەوە و پێشكەش كردنی بیرۆکە و بەرهەمی فكری نوێ و ناوازە. 

دەستنیشانکردنی داهێنان لە منداڵیدا بەرەنگارییەكی گەورەیە بەهۆی گرنگییەکەی لە گەشەکردنی فكری، سۆزداری و کۆمەڵایەتی منداڵاندا. توێژەران چەندین گریمانە و تیۆریان لەسەر چۆنیەتی ڕوونکردنەوەی داهێنان لە چوارچێوەیەکی زانستیدا پەرەپێداوە. بەڵام هێشتا لایەنەکانی بە تەواوی نەزانراون، بەڵام نزیکەی هەموو توێژەران لەسەر چەند تایبەتمەندییەکی هاوبەشی داهێنان هاوڕان، كە دایک و باوک دەتوانن بە دەستنیشانکردنی ئەم تایبەتمەندیانە لە منداڵەکانیاندا یارمەتیدەر بن لە پەرەپێدانی داهێنانەکانیان.

تایبەتمەندییەكانی منداڵی داهێنەر

  1. منداڵانی داهێنەر، حەزێكی زۆریان بۆ زانین هەیە: زۆربەی منداڵان بە سروشتی خۆیان حەزیان بە زانینی شتەكانی دەوروبەریان هەیە، بەڵام منداڵانی داهێنەر زۆر زیاتر لە ئاسایی دەربارەی هەموو شتێك پرسیار دەكەن. ئەوان دەیانەوێت بزانن بۆچی و چۆن هەموو شتێک کاردەکات، تەنانەت ڕەنگە تۆ تا ئێستا بیرت لەو پرسیارانە نەکردبێتەوە یان وەڵامی هەموو پرسیارەکان نەزانیت. ئەگەر منداڵەکەت ئەم سیفەتەی هەبێت، دەتوانیت یارمەتی بدەیت بۆ پەرەپێدانی داهێنانەکانی بە ڕەخساندنی دەرفەتێک بۆ لێکۆڵینەوە لە بابەتە دڵخوازەكانی. یاریکردن ڕێگایەکی ترە بۆ پەرەپێدانی داهێنەری ئەم منداڵانە.
  2. داهێنەری منداڵ پەیوەندی بە هەبوونی یادەوەرییەکی بەهێزەوە هەیە: ڕەنگە جێگەی سەرنج بێت بزانین کە منداڵانی داهێنەر یادەوەرییان بەهێزترە لە منداڵانی تر. ئەم تایبەتمەندییەی منداڵانی داهێنەر وایان لێدەکات ئەو ئەزموونانەی هەیانبووە و لە یادەوەریدا هەڵیانگرتووە بەیەکەوە بیبەستنەوە و بیرۆکەی نوێ دروست بکەن. لە ڕاستیدا، بە واتایەکی تر، ئەوان هەم بەهۆی حەزی زۆریان بۆ زانین ئەزموونی زیاتریان هەیە و هەم بەهۆی بەهێزی یادەوەرییانەوە، زیاتر لە کەسانی دیکە بیر لە ئەزموونەکانیان دەکەنەوە.
  3. خەیاڵی بەهێز یەکێکە لە نیشانەکانی داهێنان لە منداڵدا: خەیاڵ ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێڕێت لە گەشەکردنی منداڵێکی داهێنەردا. جیهانی خەیاڵی و خەیاڵ كردن یەکەم هەنگاون بۆ پەرەپێدانی داهێنان. خەون بینین لە ڕاستیدا دۆخێکی زۆر چالاکانەی دەروونە کە تێیدا عەقڵ پەیوەندی لە نێوان ڕووداوە مەحاڵەکاندا دروست دەکات. منداڵانی داهێنەر لە خەیاڵی خۆیاندا چارەسەری جیاواز بۆ بابەتێک لەبەرچاو دەگرن و بیرۆکەی تێدا پەرەپێدەدەن. بۆ نموونە، ئەوان پارچە مۆسیقایەکی نوێ لە خەیاڵەکانیاندا خەیاڵ دەکەن، یان بۆ ئەركێكی كرداری وانەی زانست، تاقیکردنەوەیەکی نوێ بەو کەلوپەلانەی ناوماڵ دەكات کە بەکارناهێنرێن و شتی نوێی لێ دروست دەكات.
  4. حەزکردن بە هونەر یەکێکە لە تایبەتمەندییە جیاوازەکانی منداڵی داهێنەر: ئەگەر منداڵەکەت حەزێکی زۆر بۆ بوارە جیاوازەکان نیشان بدات کە مەرج نییە پەیوەندییان بە خوێندنەوە هەبێت، وەک هونەر، نیگارکێشی و مۆسیقا، ئەوا بە ئەگەرێکی زۆرەوە کەسێکی داهێنەرە. هونەر بەهۆی ئەوەی یاسا و دەستورێكی تایبەتی نییە، دەستی منداڵانی داهێنەر ئازاد دەکات بۆ بیرۆکە و جێبەجێکردن و هەر بۆیەش منداڵانی داهێنەر حەزیان لێیەتی.
  5. حەزی خوێندنەوەی كتێب لە منداڵانی داهێنەردا زیاترە: تایبەتمەندییەکی ئاشکرای منداڵانی داهێنەر، خۆشەویستی خوێندنەوەیە لە تەمەنێکی زۆر بچووکدا. ئەوان بە ئەگەری زۆرەوە ئەو كتێبانە هەڵدەبژێرن كە زۆر لە سەرووی ئاستی خوێندنەوەیانەوەیە و ئارەزووی خۆیان بۆ بابەتگەلێکی تایبەت وەک کەشوهەوا یان دایناسۆرەکان نیشان دەدەن. ئەو منداڵانەی کە حەزیان لە خوێندنەوەیە، خەیاڵی گەورەیان هەیە و چێژ لە ونبوون لەو جیهانە جیاوازانە وەردەگرن کە نووسەران دروستی دەکەن. منداڵانی داهێنەر بەهۆی پەرۆشی و حەزی زۆریان بۆ زانین دەربارەی جیهانی دەوروبەریان مەیلیان بۆ كتێب خوێندنەوە هەیە. ئەگەر بۆت دەرکەوت کە منداڵەکەت حەزی لە خوێندنەوەیە، یارمەتی بدە تا داهێنەرییەکەی بەهێزتر بكات بە پرسیارکردن لەوەی کە حەزی لە خوێندنەوەی چ جۆرە بابەتێکە.
  6. ڕیزبەندی كردن یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی منداڵی داهێنەر: لەوانەیە مەحاڵ بێت بۆ منداڵێک کە لە هەمان کاتدا ئەركەكانی قوتابخانە، مەشقی تۆپی پێ، پلەیستەیشن و چالاکییەکانی دیکە بکات، بەڵام منداڵانی داهێنەر دەتوانن ڕێكخستنیان بۆ بكەن و ئەو شتانە لە پێشینەدا دابنێن کە گرنگن. ڕێكخستن بەو مانایە نییە کە تاك بە تاكی ئەركەكان بە تەواوی بە ئەنجام بگەیەنرێت. ئەم تایبەتمەندییە واتە بڕیاردان لەسەر ئەوەی کە سەرەتا گرنگترین و سەرەکیترین بەش لە هەر بەرپرسیارێتییەک ئەنجام بدەیت و ئەوەی تر لە پاشاندا ئەنجام بدەیت.
  7. ئەو منداڵانەی توانای داهێنانیان بەرزە دەتوانن هەڕەشە بگۆڕن بۆ دەرفەت: منداڵانی داهێنەر بە زۆری کێشەکان وەک پردێک بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی بەرەو پێشەوە بچن. لەبەردەم بەربەستی کێشەکاندا ناوەستن، بەڵکو بە بەردەوامی بەدوای ڕێگایەکی تردا دەگەڕێن. هەندێک جار بە دروستکردنی بەرهەمێکی ناوازە یان هەوڵدان بۆ یارمەتیدانی کەسانی دیکە ئەم کارە دەکەن. ئەو دەروونناسانەی کە لێکۆڵینەوە لە گەشەکردنی دوای کارەسات دەکەن، بۆیان دەرکەوتووە کە زۆرێک لە منداڵان دوای ئەو سەختی و برینانەی کە خۆیان یان دەوروبەریان تووشی دەبن، توانای داهێنەری خۆیان نیشان دەدەن.
  8. منداڵانی داهێنەر لەوانی تر باشتر چارەسەری کێشەکان دەکەن: داهێنان چاویلکەیەکی ئەفسوناوی بە منداڵان دەبەخشێت. منداڵانی داهێنەر دەتوانن گۆشە شاراوەکانی بابەتێک ببینن و ئەنجامێک بەدەست بهێنن یان چارەسەرێک پێشکەش بکەن کە جیاواز و گونجاوتر بێت. ئەگەر منداڵێکت هەبێت ئاستێکی بەرزی داهێنەری هەبێت، بە ئەگەرێکی زۆرەوە بۆت دەردەکەوێت کە بەهۆی هێزی نائاسایی گفتوگۆ كردنیەوە، منداڵەکەت دەتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات و چارەسەری ناوازە بدۆزێتەوە کە لە دەرەوەی تێگەیشتن و توانای کەسانی دیکە بێت. 
  9. منداڵانی داهێنەر لەوانەیە لە قوتابخانە بێزار بن: زۆرجار منداڵانی داهێنەر بێزار دەبن لە کاری ڕۆتینی قوتابخانە و وانەکان. لەوانەیە هەست بکەن کە پێشتر هەموو شتێک دەزانن یان بێزار بن لە دووبارەکردنەوەی شێوازێکی تایبەتی فێرکردن. زۆرجار لە خەونەکانیاندا ون دەبن لەکاتێکدا مامۆستا وانە دەڵێتەوە. هەروەها لەوانەیە کێشەیان هەبێت لە تەواوکردنی ئەركەكانی قوتابخانە چونکە دەیانەوێت لەسەر شتەکانی تر بخوێننەوە یان بە شێوەیەکی جیاواز و كرداری فێربن. منداڵانی داهێنەر بەزۆری لەو پۆلانەدا سەرکەوتووتر دەبن کە خولیای داهێنەرانەی وەک دیزاینكردن یان نیگارکێشانیان تیادا دەوترێتەوە.

منداڵان داهێنەرن، تەنها پێویستیان بە پشتیوانی هەیە

داهێنان تایبەتمەندییەکی نائاسایی نییە کە لە هەندێک منداڵدا هەبێت و لە هەندێکی تردا نەبێت. هەر منداڵێک کە لەدایک دەبێت داهێنەرە و ئەم بابەتەش بە نیشانەیەکی تایبەت بە خەڵکی دەوروبەری خۆی نیشان دەدات. منداڵەکەت داهێنەرە، هەرچەندە لەوانەیە ئەو تایبەتمەندییانەی نەبێت کە لەم بابەتەدا باسمان کرد. داهێنەری منداڵ پەیوەندی بە هەڵسوکەوتی کەسانی دەوروبەریەوە هەیە، سەرکوتکردن و هاندانیان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە گەشەکردنی داهێنەری منداڵدا.
ئەگەر دایک و باوک بیت ئەوە سروشتییە بەردەوام نیگەرانی خوێندنی منداڵەکەت بیت، بەڵام ئەگەر هەستت بە نیشانەکانی داهێنان کرد لە منداڵەکەتدا ئەوە ئەو تایبەتمەندییەی سەرکوت مەکە بە فشارخستنە سەری بۆ ئەوەی سەرنجی لەسەر خوێندنەکەی بێت. هانی بدە لەو بوارانەدا کار بکات کە حەزی لێیە. باوەڕت پێی هەبێت. باوەڕت بە ئەوە هەبێت کە منداڵەکەت دەتوانێت کاری گەورە بکات بە داهێنان لە هەر بوارێکدا کە بەهرەی تێیدا هەبێت.


سەرچاوەکان



150 بینین