ناوهڕۆك
شارەزایی لە ڕێگاکانی وانە گووتنەوە
ڕێگاکان و شێوازی وانە گووتنەوە، لە ئامرازە گرنگەکانی پرۆسەی فێربوونە. هەموو ئەو پرۆگرام و بەرنامە و ئامادەکارییەی کە لە سەرەتاوە دەکرێت داهات و ماندوو بونێکی زۆری لێ خەرج دەکرێت، سەرەنجامەکەی دەکەوێتە دەست مامۆستا، ئەویش بە ڕێگایەک لە ڕێگاکان دەیگەیەنێت، جا ئەگەر ڕێگاکە گونجاو بوو، ئەوا ماندوو بوونەکەی بە فیڕۆ ناڕوات و ئامانجەکانی پەروەردە دێنە دی، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەگەر ئەو ڕێگایەی کە مامۆستا بەکاری هێناوە گونجاو نەبوو، لە هەمان کاتدا ئامانجی خۆی نەپێکا، ئەوا تەواوی پلان و نەخشە و هەوڵەکانی حکومەت و وەزارەتی پەروەردە، بێ بەرهەم دەبێت و ئەو ئامانجەی دیاری کراوە مەبەستی خۆی ناپێکێت، دەتوانین بڵێین هەموو لایەک سەیری ئەو (٤٥) دەقیقەیە دەکەن کە مامۆستا دەچتە پۆل، ئەویش وەستاوە لەسەر ئەو ڕێگایەی کە مامۆستا خۆی هەڵی دەبژێرێت و قەناعەتی پێی هەیە و ناتوانێت بە سەریدا بسەپێنرێت، بەڵام ڕێگاکە هەرچیەک بێت دەبێت زانستی بێت و لە ئاستی تێگەیشتنی قوتابیان بێت و ئەو ڕێگایە بێت کە پەروەردە قبوڵی بکات، کەواتە ڕێگاکانی وانە گووتنەوە شێوازی دەربڕین، دوو خاڵی بنچینەیی پرۆسەی فێربوونە. زۆرێک لە مامۆستایان ڕێگاکانی وانەگووتنەوە و شێوازی وانە گووتنەوە بەیەک شت لە قەڵەم دەدەن، بەڵام لە ڕاستی دا ئەم دووانە دوو شتی لێک جیاوازن.
ڕێگاکانی وانە گووتنەوە: ئەو شێوە کردارەیە کە مامۆستا بە هۆیەوە زانیارییەکەی دەگەیەنێتە قوتابی، واتە ڕێگایەکە بۆ گەیاندنی زانیاری.
شێوازی وانە گووتنەوە: ئەو جۆرە جوڵان و هەڵس و کەوت و قسە و دەربڕینانەیە، کە مامۆستا دەیان کات و دەریان دەبڕێت، لە کاتی شیکردنەوەی وانەکە، جا ئەم شێوازە توند و تیژ و ترسێنەرە یاخود ڕووخۆش و قسە خۆش و دەم بە خەندەیە، ڕوون و ڕۆشنە یاخود ئاڵۆز و تێکەڵە، خاو و بێزارکەرە یاخود گەرم و گوڕ و سەرنج ڕاکێشە........هتد.