ناوهڕۆك
ڕووخانی ورەی منداڵ
هەڵەیەکی دیکە لەو هەڵە باوانەی کە هەندێ لە دایکان و باوکان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە ڕووخانی ورەی منداڵ،، واتە، ئەو جۆرە دایک و باوکانە لە بری بەرزکردنەوەی ورەی منداڵ، لە کاتی شکست و کەوتنەکاندا، هەروەها لە بری ئەوەی بۆ کار و کۆششێکی زیاتر و بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باشتر هان بدرێت، پەنا بۆ بەکارهێنانی هەندێ ڕستەی نەشیاو و نەگونجاوی وەک: تۆ کەسێکی فاشیلیت، تۆ کەسێکی ساقیتی، تۆ کەسێکی دۆڕاوی، تۆ کەسێکی ... و ... دەبەن و ناخ و دەروونی منداڵ تێکدەشکێنن و وا دەکەن کە ورەی دابەزێت و لە کاتی کەوتندا، نەتوانێ هەستێتەوە و لەسەر قاچەکانی خۆی بوەستێتەوە و بەرەو ئامانجەکانی هەنگاو بنێت.
ئەمەش بۆ چەندین هۆکاری جیاجیا دەگەڕێتەوە، لەوانە:
- ئەو جۆرە دایک و باوکانە، ڕەشبین و بەدبینن و، بە شێوەیەکی ڕەشبینانە سەرەدەری لەگەڵ منداڵەکانیان دەکەن.
- ئەو جۆرە دایک و باوکە، نازانن هانی منداڵ بدەن و بەرەو ئاڕاستەیەکی ئەرێنی و ڕاستەڕی ڕێنمایی بکەن.
- لە ئاستێکی لاوازی زانستی و ڕۆشنبیری بەهرەمەندن.
- بە شێوەیەکی نەرێنی بیردەکەنەوە و هەنگاو دەنێن.
- چاو لە کەسانی دەوروبەری خۆیان دەکەن.
- هەستی تۆڵەسەندنەوە بەسەیاندا زاڵە.
- کەسانی تووڕە و دانبەخۆدانەگر و نائارامن.
- کەسانی خۆشباوەڕن و زوو بڕیار دەدەن.
- ئاشنا نین بە بنەما زانستی و پەروەردەییەکان.
- زوو زوو هەڵدەچن و کاردانەوە لە خۆیان نیشان دەدەن.
- بیر لە بەرژەوەندی و ئایندەی منداڵ ناکەنەوە.
- چارەسەری گونجاویان نییە بۆ کێشەکان و زۆرجار کێشە بە کێشە چارەسەر دەکەن.
ئەڵبەتە بەردەوام بوونی دایک و باوکەکان لەسەر ئەم ڕێڕەوە، مەترسیدارە، وا دەکات هەم خۆیان و هەم کۆمەلگەش زەرەرمەند بێت،
هەمیش منداڵەکانیان بەهرە و تواناکانی خۆیان لەدەست بدەن و ڕووبەڕووی مەترسی جددی ببنەوە، کە گرنگترینیان ئەمانەن:
- منداڵەکان بەم وشە ورە ڕووخێنەرانە، وزەیان دەڕووخێ و بڕوا و متمانەیان بە خۆیان نامێنێ و ناتوانن لەسەر پێیەکانی خۆیان بوەستن.
- منداڵەکان ناتوانن پشت بە بەهرە و تواناکانی خۆیان ببەستن.
- منداڵەکان لە ژیاندا ڕووبەڕووی کێشە و گرفتی گەورە دەبنەوە.
چونکە بەرگەی ئەو کێشە و گرفتانە ناگرن و چارەسەریان پێ نییە. - منداڵەکان لە کار و ئەرکەکانیاندا سەرکەوتوو نابن و بە دڵەڕاوکێ و دردۆنگی کار دەکەن.
- دایک و باوکەکان ناتوانن بە شێوەیەکی چاک سوود لە توانا و بەهرەکانی منداڵەکانیان وەربگرن و توانا و بەهرەکانیان دەپووکێتەوە.
- کۆمەڵگە زەرەرمەند دەبێت، چونکە وزە و سەرچاوەیەکی زۆری هزری و زانستی و مرۆڤی لەدەست دەدات.
- ئەو جۆرە منداڵانە لە دەرفەتگەلێک بێبەش دەبن کە لە ژیاندا بۆیان دەڕەخسێت.
- ژینگەی خێزان دەبێتە سەرچاوەی کێشە و گرفتەکان.
- لەگەڵ گەورەبوونی منداڵەکان، کێشەکانیشیان گەورە دەبێت.
- ئەگەر منداڵەکان لە بەهرە و توانایەکی چاکیش بەهرەمەند بن، بەو شەرەدەرییە نەرێنییە کە دایک و باوکەکانیان لەگەڵیان ئەنجامی دەدەن، ناتوانن ئەو بەهرە و توانایانە بخەنە کار و سەرمایەگوزاری بکەن.
چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە
هەموو مرۆڤێک، نەخاسمە منداڵ، لە ژیانی ڕۆژانەدا پێویستی بە هاندانو پالپشتیکردن هەیە، بۆ ئەوەی لەسەر کاری چاک بەردەوام بێت و بتوانێ باشتر سوود لە بەهرە و تواناکانی خۆی وەربگرێت و چاکتر هەوڵ و دەرفەتەکان بقۆزێتەوە و هەمبەر کێشە و ئارێشەکانی ژیان خۆڕاگرتر بێت.
جا بۆ ئەوەی منداڵ بە شێوەیەکی ئاسایی گەشە بکات و سوود لە توانا و بەهرەکانی خۆی وەربگرێت، دەبێ دایک و باوکەکانی ڕەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکەن:
- پێویستە دایک و باوک هەمیشە پشت و پەنای منداڵەکانیان بن و لە دۆخە سەخت و دژوارەکاندا بەجێیان نەهێڵن.
- دەبێ دایک و باوک بزانن چۆن و بە چ شێوەیەک ڕەفتار و سەرەدەری لەگەڵ منداڵەکانیان دەکەن، نەخاسمە لە دۆخە ناخۆشەکاندا.
- دەبێ دایک و باوک پەی بە بەهرە و تواناکانی منداڵەکانیان ببەن.
- نابێ دایک وباوک، شتێک لە منداڵ داوا بکەن، کە بەدەر بێت لە بەهرە و تواناکانی ئەو.
- نابێ دایک و باوک، وشەی ورە ڕووخێن بەکاربێنن، بەڵکو پێویستە لە بری ئەوە، هانی منداڵ بدەن بۆ کار و کۆششی زیاتر و بەدەستهێنانی سەرکەوتنی گەورەتر،
- نابێ دایک و باوک، منداڵەکانیان بە منداڵی خەڵکانی دیکە بەراورد بکەن.
- دەبێ دایک و باوک، ژینگەیەکی لەبار و گونجاو بۆ گەشەکردنی منداڵ لە گشت ڕوویەکەوە، بە تایبەتی لە ڕووی هزری و جەستەیی و زانستی و کۆمەڵایەتی و دەروونییەوە لە ناو خێزان فەراهەم بکەن.
- دەبێ دایک و باوک ئاشنا بن بە بنەما زانستیی و پەروەردەییەکان.
- دەبێ دایک و باوک لە کاتی پێویست سەردانی کەسانی پسپۆڕ و شارەزا بکەن و سوود لە توانا و بەهرەکانیان وەربگرن.
- برەودان بەو هۆکارگەلانە، کە دەبنە هۆی بەرزکردنەوەی ورەی منداڵ.