ناوهڕۆك
سەرەتا
جنێودانی منداڵ (بە ئینگلیزی: Insulting children، بە عەرەبی: إهانة الأطفال)، دیاردەیەکی بڵاوە کە دەبێتە هۆکاری شەرمەزاری دایک و باوک، سزادان یان خۆشویستنی نابەجێ دەتوانێت ئەم کێشەیە زیاتر بکات، بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە دەبێت ڕێکارێکی گونجاو لەگەڵ تەمەنی منداڵ بەکاربهێنرێت.
هۆکارەکانی جنێودانی منداڵ
- زۆربەی کارەکانی منداڵ لە هەڵسووکەوتی دایک و باوکەوە سەرچاوە دەگرێت، منداڵ بەبێ ئاگایی ڕەفتارەکانی دایک و باوک هەڵدەگرێتەوە، ئەمەش پێی دەوترێت لاساییکردنەوە، دایک و باوک یەکەم نموونەی ژیانی منداڵن و چونکە خۆشی دەوێن و ئەوان بە پاڵەوانی بەهێزی خۆی دادەنێت، لەبەرئەوە هەڵسووکەوتەکانیان هەڵدەگرێتەوە. هەندێک کات لە نێوان هەڵگرتنەوەی ڕەفتارێک و دەرکەوتنی لە منداڵدا ماوەیەک دەخایەنێت، بۆ نموونە منداڵ وشەیەکی نەشیاوی لە باوک یان دایکییەوە بیستووە، بەڵام پاش چەند مانگ دووبارەی دەکاتەوە، ئەو ماوەیەش بەندە لەسەر بۆچوونی خودی منداڵ کە لە چ کاتێک و لەبەرانبەر کێدا دەیەوێت ئەو وشە ناشرینە بەکاربهێنێت.
- لە هەندێک خێزاندا دایک و باوک بەتوندی لەگەڵ منداڵدا هەڵسووکەوت دەکەن و منداڵیش ئازاد دەکەن، واتا ئەوان خۆیان جنێوی ناشرین بەکاردەهێنن و ئازادیش بە منداڵەکەیان دەدەن کە قسەی ناشرین بکات و جنێو بدات، هیچ کارێک بۆ ڕێگری لێکردنیان ناکەن و لە پەروەردەکردنیاندا هیچ ڕێکارێک بەکارناهێنن بۆئەوەی وا لە منداڵ بکەن واز لە جنێودان بهێنێت. پێویستە ئاماژە بەوەش بکەین ئەگەر دایک و باوک ئەو قسە ناشرینانە بە منداڵەکەی خۆیان بڵێن یان لە کاتی ئامادەبوونی منداڵ ئەو قسانە بەکەسێکی تر بڵێن، منداڵ فێری ئەو قسانە دەبێت و لەکاتی پێویست بەکاریان دەهێنێتەوە.
- جنێودان لە ناو منداڵاندا و پەیوەندی منداڵ لەگەڵ کەسانی دەورووبەری یەکێکی ترە لە هۆکارەکانی فێربوونی جنێو لە منداڵدا، زۆر جار منداڵان هۆکارن بۆ جنێودان و قسەی ناشرین لەیەکتریدا، لە باخچەی منداڵان، قوتابخانە و کۆڵان و هەر جێگایەکی تر کە منداڵان دەرفەتی یاریکردن و شەڕکردنیان بۆ بێتە پێشەوە، دەکرێت ئەم فێربوونە هەڵەیە ڕووبدات.
- یەکێکی تر لە هۆکارەکانی جنێودانی منداڵ، بریتییە لە بەکارهێنانی قسەی نەشیاو بۆ نیشاندانی ناڕەزایەتی خۆی
منداڵ بە بەکارهێنانی جنێو ناڕەزایەتی خۆی نیشان دەدات، ئەمە جۆرێک لە ڕەفتاری تۆڵەکردنەوەیە کە هەندێک لە منداڵان بەکاریدەهێنن، منداڵ وا هەست دەکات، تەنیا بە بەکارهێنانی ئەو جۆرە وشانە بەتاڵ دەبێتەوە و دەتوانێت ناڕەزایەتی خۆی نیشان بدات.
- پەیوەندی جنێودانی منداڵ بە پێکەنینی دەورووبەرەکەی، هەندێک جار کاتێک منداڵی بچووک بۆ یەکەم جار جنێوێک دەدات، دەبێتە هۆی پێکەنینی دەورووبەرەکەی، ئەم کاردانەوەیە هەر لە سەرەتاوە هانیدەدات کە ئەو قسانە بکات و وردە وردە دەبێت بە خوو تێیدا.
- لە هەندێک بارودۆخدا منداڵ دەتوانێت بە بەکارهێنانی قسەی ناشرین ئەوەی دەیەوێت بە دەستی بهێنێت، لەبەر ئەوە جنێودان بەڕێگایەک دادەنێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی و بۆ ماوەیەکی درێژ دەبێت بە بەشێک لە هەڵسووکەوتەکانی.
ڕێگا چارەکانی نەهێشتنی جنێودان لە منداڵدا
- دەبێت دایک و باوک بەتەواوی واز لە جنێودان بهێنن، هەروەها بۆ منداڵی ڕوون بکەنەوە کە ڕەفتارەکانی پێشتری هەڵە بووە.
- کۆنتڕۆڵکردنی پەیوەندییەکان و ئەو شوێنانەی منداڵ بۆی دەڕوات زۆر گرنگە، دەبێت منداڵ دوور بخرێتەوە لە شوێنە ناتەندروستەکان و هاوڕێی گونجاوی هەبێت. وا باشترە دایک و باوک لە تەمەنی ٢ ساڵی منداڵەوە کە دەست دەکات بە لاساییکردنەوە و وتنەوەی ئەو شتانەی گوێی لێ دەبێت گرنگی بەم لایەنە بدەن.
- دەبێت دایک و باوک بە وریاییەوە، فیلم کارتۆنەکان و فیلم و یارییە ئەلیکترۆنییەکان بۆ منداڵەکەیان هەڵبژێرن.
- کاردانەوەی توندی دایک و باوک، ڕەفتارە خراپەکانی منداڵ و بەتایبەت جنێو زیاتر دەکات، لەبەرانبەر جنێودانی منداڵ هیچ کاردانەوەیەک نیشان مەدەن و بەتەواوی پشتگوێی بخەن، بۆ ئەوەی هەست نەکات دەتوانێت کۆنتڕۆڵتان بکات.
- کاتێک گوێبیستی جنێوەکانی منداڵ دەبن پێمەکەنن، بەڵکوو قسەی لەگەڵدا بکەن، بۆی ڕوونبکەنەوە ئەگەر هەر ڕۆژێک قسەیەکی هەڵە نەکات پاداشت دەکرێت.
چیبکەین لەگەڵ جنێودانی منداڵ لە میوانی؟
ئەگەر منداڵەکەتان لەمیوانییەک یان لەبەردەم خەڵکدا جنێویدا، بیبەنە سووچێکەوە و پێی بڵێن دەبێت کۆتایی بەو ڕەفتارەی بهێنێت، ئەگەر وانەکات میوانییەکە بەجێدەهێڵن. بەڵام هەرگیز باجی ماددی پێ مەدەن، بۆ نموونە نابێت بڵێن بەو مەرجەی لە میوانییەکەدا جنێو نەدات خەڵاتێکی ماددی دەکەن، بەڵکوو تەنیا زەردەخەنەیەک بە خۆشەویستیەوە یان وتنی ئافەرین بەسە، ئەگەر منداڵەکەتان بەردەوام بوو لەسەر ڕەفتارە خراپەکەی، یەکسەر میوانییەکە بەجێبهێڵن. گرنگی مەدەن بە زۆرلێکردنی کەسانی تر بۆ مانەوەتان، لەبەر ئەو قسەیەی بە منداڵەکەتان وتووە ئەوێ بەجێبهێڵن. ئەگەر چەند جارێک ئەم سزایە دووبارە بکەنەوە، منداڵ تێدەگات کە تۆ بەڕاستتە و واز لە جنێودان دەهێنێت.
ئایا پێویست دەکات واتای جنێو بە منداڵ بڵێم؟
بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی جنێودانی منداڵی پێش قوتابخانە دەتوانن بەسادەیی بۆی ڕوونبکەنەوە. ئەگەر پێتان وایە منداڵەکەتان خۆی تێگەیشتنێکی هەیە بۆ قسەکەی، پرسیاری لێبکەن کە چۆن بیر لەم وشەیە دەکاتەوە، پاشان بە بەکارهێنانی وشەی سادە هۆکاری ئەوەی بۆ ڕوونبکەنەوە کە بۆچی ئەو قسەیه باش نییە.