شەڕکردنی دایک و باوک لەپێش چاو منداڵ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-08-19:06:00 - کۆدی بابەت: 2091
شەڕکردنی دایک و باوک لەپێش چاو منداڵ

ناوه‌ڕۆك

شەڕ و دەمەقاڵێی دایک و باوک لە پێش چاوی منداڵ

شەڕکردنی دایک و باوک، بە تایبەتی لە پێش چاوی منداڵ، هێڵی سوورە، چونکە کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر هەست و سۆز و دەروون و گەشەی منداڵ جێدێڵێ.
مخابن هەندێ لە دایکان و باوکان بەبێ لەبەرچاوگرتن و پاراستنی کێشەکانی نێوانیان چارەسەر و یەکلایی بکەنەوە، لە پێش چاوی منداڵەکانیان، پەنا بۆ شەڕ و دەمەقاڵێ و یەکتر تۆمەتبارکردن و تۆمەت بۆ یەکتر هەڵبەستن و یەکتر ناشرینکردن دەبەن.

هۆكارەكان

ئەمەش بۆ چەندین هۆکاری جیاجیا دەگەڕێتەوە، لەوانە:

  • نەبوونی هاوسەنگی لە نێوان ماف و ئەرکەکان.
  • هەبوونی کێشە و بگرە و بەردەی خێزانی.
  • کەڵەکەبوونی کێشەکان و نەدۆزینەوە چارەسەر بۆیان.
  • ڕانەهاتن لەسەر گفتۆگۆ کردن لە کاتی یەکلایی کردنەوەی کێشەکاندا.
  • زاڵبوونی هەستی پیاوسالاری و نێرسالاری و گەورەسالاری!
  • خۆدزینەوە لە ئەرک و بەرپرسیارییەتی.
  • نەپاراستنی بەرژەوەندییەکانی منداڵ.
  • نەخوێندنەوەی منداڵ.
  • ناوشیاری و بێئاگایی دایک و باوک.
  • نەبوونی پرس و ڕاوێژ لە ناو خێزاندا.
  • درک نەکردن بە بەرپرسیارییەتی.
  • هەبوونی ڕق و کینە و ڕقئەستووری و هەستی تۆڵەسەندنەوە لە ناخی دایک و باوکدا.
  • دەستوەردانی کەسانی دیکە لە کاروباری خێزان.
  • خۆخاڵیکردنەوەی دەروونی.
  • نەبوونی سۆز و خۆشەویستی و یەکتر قبووڵکردن لە ناو ئەندامانی خێزاندا، بە تایبەتی دایک و باوک.

بێگومان ئەگەر شەڕ و دەمەقاڵێی دایک و باوک بەردەوام بێت، بە تایبەتی لە ناو خێزان و بەبەرچاوی منداڵەکانیانەوە، زیانێکی زۆر بە خودی دایکان و باوکان و منداڵەکانیان دەگەیەنێت.

زیانەكانی

کە گرنگترینیان ئەمانەن:

  • هەمیشە خێزان بەدەست کێشە و قەیرانەوە دەناڵێنێ.
  • ڕێز حورمەت و سۆز و خۆشەویستی لە نێوان ئەندامانی خێزان نامێنێ.
  • دایک و باوکەکان هەیبەتی خۆیان لای منداڵەکانیان لەدەست دەدەن.
  • شەڕ و دەمەقاڵێ، جێگەی دانو و ستاندن و گفتوگۆ دەگرێتەوە و لە لۆژیکی هێز بەسەر هێزی لۆژیکدا زاڵ دەبێت.
  • منداڵ، لە دایک و باوکییەوە فێرە شەڕ و دەمەقاڵێ دەبێت و لە ئایندەدا لاسایی ئەوان دەکاتەوە.
  • کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر گەشە هزری و دەروونی و زاسنتی و کۆمەڵایەتییەکانی منداڵ جێدێڵێ.
  • ڕۆژ دوای ڕۆژ کێشەکان زیاد دەبن و چارەسەرەکانیش ئەستەم دەبن.
  • زەمینە خۆش دەبێت، بۆ ئەوەی خەڵک زیاتر دەست لە کاروباری خێزان وەربدات.
  • حەزی تۆڵەسەندنەوە زاڵ دەبێ بەسەر حەزی لێبوردن و یەکتر قەبووڵ کردن و یەکتر خوێندنەوەدا.

چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە


بۆ ئەوەی دایک و باوک لە کەش و هەوایەکی ئارام و تەندروستدا منداڵەکانیان پەروەردە بکەن و بتوانن نەوەیەکی تێگەیشتوو و پێگەیشتوو پێشکەش بە کۆمەڵگە بکەن، دەبێ ئەم خاڵانەی خوارەوە لەبەرچاو بگرن:

  • خۆیان لە گشت جۆرە توندوتیژییەک بەدوور بگرن، لەوانەش شەڕ و دەمەقاڵێ، بە تایبەتی لە پێش چاوی منداڵەکانیان.
  • کێشە و ئارێشەکانیان بە ڕێگەی دانو و ستاندن و گفتوگۆ چارەسەر بکەن.
  • هەمیشە پەنا بۆ هێزی لۆژیک ببەن، نەک لۆژیکی هێز.
  • هەمیشە مەبدەئی پرس و ڕاوێژکردن پەیڕەو بکەن.
  • خۆیان بەدوور بگرن لە بەدگومان و دڵپیسی و ناوزڕاندن.
  • بەشێک بن لە چارەسەر، بەشێک نەبن لە کێشە.
  • خۆیان لە قسەی هەستبریندارکەر و زبر بپارێزن.
  • ڕێز لە یەکتری بگرن.
  • راجیایی بە شتێکی ئاسایی وەربگرن.
  • عەقڵیان زاڵ بێت بەسەر هەستیاندا.
  • لە کاتی تووڕەیی و تەنگژەکاندا ئارام و دانبەخۆداگر بن.
  • زیاتر کار لەسەر خاڵە هاوبەشەکانیان بکەن، نەک جیاوازەکان.
  • دایک و باوک بە یەکەم مامۆستا دادەنرێن بۆ منداڵەکانیان، بۆیە دەبێ لەو ئەرکە قورسەدا سەرکەوتوو بن و نموونەی دڵسۆزی و وەفاداری و دەمپاکی و نیازپاکی و دەستپاکی و ناخپاکی بن.


سەرچاوەکان



634 بینین