ناوهڕۆك
کارکردن بە منداڵ بە مەبەستی خۆ دەوڵەمەند کردن
هەڵەیەک لەو هەڵە باوانەی کە هەندێ لە دایکان و باوکان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە کارکردن بە منداڵ بە مەبەستی کۆکردنەوەی پارە و پووڵ و سەروەت و سامان، ئەمەش بۆ چەند هۆکارێکی جیاجیا دەگەڕێتەوە، لەوانە:
- چاوچنۆکی دایک و باوک.
- هەژاری و دەستکورتی دایک و باوک.
- چاولێکەری و لاسایی کردنەوەی خەڵکی دیکە.
- ئاشنا نەبوون بە مافەکانی منداڵ.
- لاوازی ئاستی زانستی و ڕۆشنبیری دایک و باوک.
- بیر نەکردنەوە لە ئایندەی منداڵ.
- هەڵپەرستی و بەرژەوەند خوازی.
- بیرتەسکی و کورتبینی.
ئەڵبەتە ئەگەر دایک و باوک، هەر لە سەرەتای منداڵییەوە، منداڵەکانیان بخەنە سەر کار و کەسابەت و ناچاریان بکەن تاکو کار بکەن، زیانێکی زۆر بە بەرژەوەندی ئەوان دەگەیەنێ و چارەنووسیان بەرەو هەڵدێر دەبات، کە خۆی لەم چەند خاڵەدا دەبینێتەوە: - ئەم کارە پێچەوانەی جاڕنامەی مافی مرۆڤ و مافی منداڵە.
- منداڵ لە مافە سەرەکییەکانی بێبەش دەبێت، وەک خوێندن و گەشەکردن بە شێوەیەکی سروشتی.
- منداڵ لەمیانەی کارکردن، ڕووبەڕووی توندوتیژی کەسانی لەخۆگەورەتر دەبێتەوە و زۆرجار دەستدرێژی دەکریتە سەری.
- زۆرجار جەستەی ناسکی منداڵ بەرگەی کارکردن ناگرێ و تووشی کێشەی هەقیقی دەبێتەوە.
- لە دۆست و هاوڕێیانی دوادەکەوێ.
- بێبەش دەبێ لە یاری و لە دۆستان و هەڤاڵانی دادەبڕێت.
- منداڵ لە پەروەردە و فێرکردن دوور دەکەوێتەوە.
- دایک و باوک و خێزان و کۆمەڵگە لە توانا و بەهرە هزری و زانستییەکانی بێبەش دەبن.
- ئەم جۆرە منداڵانە زیاتر لە منداڵی دیکە چەواشە و دەستخەڕۆ دەکرێن.
- زۆرجار لە کۆمەڵگە دادەبرێن و دەبنە منداڵی گۆشەگیر و دوورەپەرێز.
- ئەو جۆرە منداڵانە کە گەورە بوون، ویست و کەسایەتییەکی لاوازیان دەبێت.
- منداڵ لە ئایندەدا، هەمان ئەزموونی خۆی بۆ نەوەکانی دەگوازێتەوە و بە شێوەیەکی کردەیی لە ژیانی خۆیدا پڕۆڤە دەکات!
چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە
بۆ ئەوەی منداڵ لەدەست ئەم کێشەیە ڕزگاری ببێت و لە ئێستا و ئایندەدا کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر گشت قۆناغ و کایەکانی ژیانی دروست نەکات و لە خوێندن و فێربوون و وەرزش و بەهرەکانی دیکەی ژیان بێبەش نەبێ، پێویستە لەسەر دایک و باوک و کەسوکارەکانی، کەوا ئەم هەنگاوە گرنگانە بهاوێژن:
- دەبێ دایک و باوک، وەک مرۆڤێکی ئازاد سەیری منداڵ بکەن، نەک وەک کۆیلە!
- دەبێ دایک و باوکەکان ئەرک و بەرپرسیارییەتی خۆیان بە ڕێکوپێکی و جوانی جێبەجێ بکەن.
- نابێ دایک و باوکەکان، منداڵ بۆ کاری نابەجێ و ناپەسەند بەکاربێنن.
- پێویستە مافەکانی منداڵ بپارێزن.
- دەبێ خۆیان لە چاوچنۆکی و چاوبرسییەتی بەدوور بگرن.
- نابێ لە پێناو پەیداکردن و کۆکردنەوە پارە و پوول و سەروەت و سامان و خۆ دەوڵەمەندکردن، کار بە منداڵ بکەن، مەگەر کارێکی مالەوە بێت، ئەویش دەبێ جۆری کارەکە گونجاو بێت لەگەل تەمەن و ڕەگەزی منداڵەکە، بۆ ئەوەی هەست بە بەرپرسیارییەتی بکات و لە ئایندەدا ببێتە کەسێکی بەرپرسیارییەتی وەرگر.
- نابێ بە پاساوی هەژاری، کار بە منداڵ بکرێ یان لە خوێندن و فێربوون بێبەش بکرێت.
- نابێ بەهۆی هەبوونی فشارەوە، دایک و باوکەکان فشار بۆ سەر منداڵ دروست بکەن.
- بەپێی ماددەی یەکەمی جاڕنامەی مافەکانی منداڵ، منداڵ تا تەمەنی ١٨ سالی، هەر بە منداڵ هەژمار دەکرێ، بۆیە دەبێ وەک منداڵ سەیر بکرێت و ناچار بە ئەنجامدانی کاری قورست نەکرێت.
سەرچاوەکان
943 بینین