ناوهڕۆك
تووڕەیی و ڕووگرژی دایک و باوک لە ماڵەوە
هەڵەیەک لەو هەڵە باوانەی کە هەندێ لە دایک و باوکان، دەرهەق بە منداڵەکانیان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە تووڕەیی و ڕووگرژی دایک و باوک لە ماڵەوە، ئەو تووڕەیی و ڕووگرژییەی دایک و باوکیش لە ماڵەوە بۆ چەندین هۆکاری جیاجیا دەگەڕێتەوە، لەوانە:
- دایک و باوک لە ناو ژینگەیەکی ناتەندروست و پڕ لە تەنگژە و بگرە و بەردە و کێشە پەروەردە کراون.
- هەبوونی ناکۆکی و بگرە و بەردە و دەمەقاڵی لە نێوان دایک و باوکی منداڵ.
- جیاوازی و ناهاوسەنگی ئاستی ڕۆشنبیری و زانستی دایک و باوکەکان.
- نەبوونی و هەژاری و هەبوونی کێشەی دارایی و باری سەختی ژیان!
- دەستوەردانی کەسوکاری ئەو جۆرە دایک و باوکانە لە کاروباری ژیانی تایبەتی ئەوان.
- خۆدزینەوە لە ئەرک و بەرپرسیارییەتی.
- بێباکی و کەمتەرخەمی.
- هەست نەکردن بە بەرپرسیارییەتی.
- پێکنەهێنانی پڕۆسەی هاوسەرگیری لەسەر بناغەی سۆز و خۆشەویستی و لێکتێگەیشتن و یەکتری خۆشویستن.
- نادیدە گرتنی ماف و بەرژەوەندییەکانی منداڵ و ئەندامانی دیکەی خێزان.
- هەبوونی نەخۆشی جەستەیی و دەروونی و بۆماوەیی.
- نزمی ئاستی ڕۆشنبیری دایک و باوک.
زیانەکانی ئەم هەڵەیە
ئەڵبەتە ئەگەر دایک و باوکەکان بەردەوام لە ماڵەوە تووڕە و ڕووگرژ بن و هیچ کاتێ خەندە و بزە لەسەر لێوەکانیان نەبینرێت، نەک هەر خۆیان، بگرە منداڵەکانیشیان زەرەرمەند دەبن، کە گرنگترینیان ئەمانەی خوارەوەن؛
- ئەو ماڵە هەمیشە پڕ کێشە و پێکدادان دەبێت.
- خۆشەویستی و سۆز و ڤیان لە نێوان دایک و باوک و منداڵەکانیان نامێنێت.
- هەموو ئەندامەکانی خێزانی هەست بە بێزاری دەکەن.
- ژیان لەو ماڵەدا دەبێت بە ژان.
- منداڵ، هەست بە نیگەرانی و دڵتەنگی دەکات و حەز ناکات بێتەوە ماڵەوە، بۆیە زۆربەی کاتەکانی خۆی لەگەڵ هاوڕێ و دۆستانیدا بەسەر دەبات و زۆرجار دووچاری لاساری و سەرپێچی و کاری خراپ دەبێت
- دایک وباوکەکان کۆنترۆڵیان بەسەر منداڵەکانیان نامێنێت، چونکە وتراوە: (باشترین دەسەڵات، ئەو دەسەڵاتەیە کە مرۆڤ بەسەر دڵەکاندا زاڵ بێت، نەک جەستەکاندا).
- ئەندامانی خێزان دووچاری چەندین نەخۆشی دەبن، وەک: دڵەڕاوکێ و خەمۆکی و بێئومێدی و ڕەشبینی و ...تاد.
- کارەکانی خێزان بە شێوەیەکی ڕێکوپێک بەڕێوە ناچن و جۆرە فەوزایەک تێیدا بەرپا دەبێت.
- کێشەکان قووڵ دەبنەوە و لەسەر یەکتری کەڵەکە دەبن، تا سەردەکێشێ بۆ جیابوونەوە و ماڵجیایی دایک و باوک لە لایەک و، دایک و باوک و منداڵەکانیان لە لایەکی دیکەوە.
- لە لایەنی خەڵکانی دیکەوە دەست لە کاروباریان وەردەدرێت.
- تەبایی و یەکڕیزی و هاوسەنگی نێوان ئەندامانی ئەو ماڵە تێکدەچێت.
- منداڵ لە زۆر ماف بێبەش دەبێت.
- منداڵ دووچاری لادان و لاساری و یاخیبوون دەبێت.
- خەڵک وەک پێویست هاموشۆی ئەو جۆرە ماڵ و خیزانانە ناکات! چونکە حەزی لە دەم و چاوی ڕووگرژ نییە! بۆیە دووچاری دابڕان و گۆشەگیری دەبن.
- ئەو جۆرە ماڵانە، لە هاوکاری و یارمەتیی خەڵک بێبەش دەبن.
- ڕووگرژی و تووڕەیی دایک و باوک، کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر هەست و سۆز و دەروونی منداڵ جێدێڵێ، بە تایبەتی لە ئایندەدا، وا دەکات منداڵ ببێتە کەسێکی تووڕە و ڕووگرژ و هەڵچوو و ناتوانێ وەک پێویستی خۆی لەگەڵ خەڵک و واقع بگونجێنێ و تووشی پێکدادان و بەریەککەوتن دەبێت.
- تووڕیی و ڕووگرژی دەبنە سەرچاوەی سەرەکی زۆرێک لە کێشە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکان.
چارەسەری ئەم هەڵەیە
بۆ ئەوەی خێزان لە کەش و هەوایەکی لەباردا ژیانی خۆی بگوزەرێنێت و هەمووان، بە تایبەتی مندال تێیدا هەست بە خۆشی و دڵئاسوودەیی بکات، دەبێ دایک و باوکەکان ڕەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکەن:
- پێویستە پەیوەندییەکانی دایک و باوک و منداڵ لەسەر بناغەی سۆز و خۆشەویستی و یەکتر قبووڵکردن و هاوکاری و هەماهەنگی دامەزرابێت.
- پێویستە دایک و باوک هەمیشە ڕووخۆش و کراوە بن، بە تایبەتی بە ڕووی منداڵەکانیان و خەڵکیدا.
- دەبێ ناکۆکییەکانی دایک و باوک، نەبن بە هۆکارێک بۆ لەباربردنی خۆشگوزەرانی و ئاسوودەیی و دڵنیایی ئەندامانی دیکەی خێزان.
- پێویستە کێشە کەسۆکییەکان لە ناو ژیانی خێزاندا ڕەنگ نەداتەوە، واتە، تێکەڵ بە ژیانی خێزان نەکرێت.
- پێویستە کێشەکان بە هەڵپەسێردراوی نەهێڵنەوە، بۆ ئەوەی چارەسەرکردنیان ئاسان بێت.
- دەبێ دایک و باوک درک بەو ڕاستییە بکەن کە تووڕەیی و ڕووگرژی لە ناو خێزاندا، دەبێتە هۆی لەباربردنی هەنگوینی شیرینی خۆشەویستی!
- بۆ ڕێگرتن لە سەرهەڵدانی نەخۆشی و ناخۆشییەکانی ژیان، دەبێت دایک و باوک و ئەندامانی دیکەی خێزان، لەو گوفتار و ڕەفتار و هەڵسوکەوت و کردارانە دوورکەونوە، کە دەبنە هۆی تووڕەیی و سەرهەڵدانی تەنگژەی خێزانی.
- دایک و باوک بەرپرسن لە دابینکردنی بەختەوەری و ئاسوودەیی دەروونی منداڵەکانیان، بۆیە دەبێ هەموو ئەو ڕێکار و هۆکارانە بگرنە بەر کە دەبنە هۆی کامەرانی و بەختەوەری خێزان.
- خێزان پێوستی بە کەش و هەوایەکی ئارام و لەبار هەیە بۆ ئەوەی بەها بەرزەکانی وەک: خۆشەویستی و هاوکاری و هەرەوەزی و تەبایی و یەکڕیزی و هەماهەنگی و ئەمانەتداری و دڵسۆزی و وەفاداری و دڵپاکی و نیازپاکی و متمانە تێیدا گەشە بکات و جوانی بە ڤیان و ژیان ببەخشێت!
سەرچاوەکان
742 بینین