ناوهڕۆك
گوێ نەدان بە تەندروستی منداڵ
هەڵەیەک لەو هەڵە باوانەی کە زۆرێک لە دایکان و باوکان دەرهەق بە منداڵەکانیان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە گوێ نەدان بە تەندروستی منداڵەکانیان، بە واتایەکی دیکە، ئەو جۆرە دایک و باوکانە لە خەمی تەندروستی منداڵەکانیاندا نین و وەک پێویست ئاوڕی لێنادەنەوە و تەنانەت ئامادە نین پارە و کاتی خۆیان بە قوربانی تەندروستی منداڵەکانیان بکەن.
ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، لەوانە:
- بێ ڕەحمی و چاوچنۆکی دایک و باوک.
- هەست نەکردنی دایک و باوک بە بەرپرسیارییەتی خۆیان.
- خەمساردی و بێباکی دایک و باوک لە ئاست منداڵەکانیان.
- هەژاری و دەستکورتی دایک و باوک و خێزان.
- بێکاری و نەبوونی کار.
- فرەکاری و سەرقاڵی و نەبوونی کاتی پێویست بۆ چاودێری و بەدواداچوون کردن بۆ تەندروستی منداڵ.
- نزمی ئاستی ڕۆشنبیری و زانستی دایک و باوک.
- نەخوێندەواری دایک و باوک.
- درک نەکردن بەو مەترسییانە، کە بەهۆی نەخۆشییەکانەوە ڕووبەڕووی منداڵ دەبێتەوە.
- هەبوونی ژمارەیەکی زۆری منداڵ.
زیانەکانی ئەم هەڵەیە
بێگومان ئەگەر تەندروستی منداڵ لە لایەن دایک و باوکییەوە پشگوێ خرا و فەرامۆش کار، نەک هەر خودی منداڵەکە، بگرە دایک و باوک و خێزان و کۆمەڵگەش، کەم تا زۆر زەرەرمەدن دەبن، کە دەتوانن ئەو زیانانە لە چەند خاڵێکدا چڕ کەینەوە:
- ئەگەر تەندروستی مندال نەخرێتە ژێر چاودێرییەکی وردی پزیشکییەوە، منداڵ ڕووبەڕووی کێشە گەلێ دەبێتەوە، لەوانەش، ئەگەری ئەوەی هەیە بمرێت یان دووچاری نەخۆشییەکی کوشندە و درێژخایەن بێت.
- منداڵ بە حوکی ئەوەی مرۆڤێکی ناسکە، بۆیە زوو زوو دووچایر نەخۆشی دەبێت، لەم سۆنگەیەوە، ئەو نەخۆشییانە، چ درێژخایەن بن یان کورتخایەن، ئەگەر بە شێوەیەکی زانستییانە چارەسەر نەکرێن، کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر تەندروسی منداڵ جێدێڵێت و بەرەو هەڵدێر دەبات.
- هەر جۆرە نەخۆشییەک ڕووبەڕووی منداڵ ببێتەوە، زیانێکی زۆر بە جەستە و مێشکی منداڵ دەگەیەنێت.
- گوێ نەدان بە تەندروستی منداڵ، وا دەکات لە ئایندەدا دایک و باوکەکان باجێکی زۆری ماددی و مەعنەوی بدەن، چونکە مندال ئەمانەتێکە، لە ئەستۆی ئەواندایە، بۆیە بە زایەکردنی ئەو ئەمانەتە، چارەنووسی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە!
- ئەگەر نەخۆشییەکانی منداڵ لە کاتی خۆیدا چارەسەر نەکران، ئەوا تەشەنە دەکات و چارەسەرکردنی ئەستەم دەبێت.
- منداڵ بە شێوەیەکی ئاسایی گەشە ناکات.
- منداڵ دەبێتە بار بەسەر شانی خێزان و کۆمەڵگە و حکومەتەوە.
- منداڵی نەخۆش، هەست بە تام و خۆشی ژیان ناکات.
- منداڵی ناتەندروست، لە ئەرک و کار و ژیانی خۆیدا سەرکەوتوو نابێت.
چارەسەری ئەم هەڵەیە
- پێویستە دایک و باوکی منداڵ تا ئەندازەیەکی باش لە ڕۆشنبیریی تەندروستی بەهرەمەند بن، بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوەیەکی ڕاست و دروست سەرەدەری لەگەڵ تەندروستی مندالدا بکەن.
- پێویستە دایک و باوک وەک پەرژینێک بن بۆ پاراستنی منداڵ لە نەخۆشییەکان، چونکە پاراستن لە چآرەسەرکردن باشترە!
- منداڵ دەبێ هەر لە سەرەتاوە، بخرێتە ژێر چاودێری پزیشکییەوە، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی تەندروست گەشە بکات و لە نەخۆشییە درم و کوشندە و درێژخایەنەکان پارێزراو بێت.
- نابێ تەندروستی مندال ببێتە قوربانی بەرژەوەندییە ماددیەکانی دایک و باوک.
- نابێ تەندروستی مندال ببێتە قوربانی چاوچنۆکی و ڕەزیلی دایک و باوک،
- نابێ تەندروستی منداڵ، بە پاساوی هەژاری، یان فرەکاری، یان فرە منداڵی و ...تاد پشگوێ بخرێت و فەرامۆش بکرێت.
- دەبێ دایک و باوکەکان بزانن کە یەکێک لە مافەکانی مندال بریتییە لە هەبوونی بیمەی تەندروستی.
- نابێ بە پاساوی جیاجیا، منداڵەکانی خۆیان لە مافی خوێندن و فێربوون و یاری و وەرزشکردن بێبەش بکەن، چونکە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە تەندروستی منداڵەوە هەیە.
- پێویستە دایکان و باوکان و قوتابخانە و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، رێنمایی و ئامۆژگاری منداڵ بکەن، بۆ خۆ پاراستن لە نەخۆسییەکان.
- ئەرکی دایک و باوکە، خەرجی چارەسەرکردنی نەخۆشییەکی منداڵەکانیان بگرنە ئەستۆ.
- ئەرکی دایک و باوکە خۆراک و پۆشاکی تەواو بۆ منداڵەکانیان دابین بکەن، بۆ ئەوەی لە بەدخۆراکی و سەرما و گەرما و نەخۆشییەکان پارێزراو بن.
- ئەرکی دایک و باوکە شوێنی حەوانەوە و نووستن، بۆ منداڵەکانیان دابین بکەن.
- دەبێ دایکان و باوکان دڵنیا بن لە تەندروستی جگەرکۆشەکانیان.
- ئەو دایک و باوکانەی کە دەرهەق بە تەندروستی منداڵەکانیان، کەمتەرخەم و بێباکن، پێویستە لە لایەن حکومەتەوە ڕێکاری یاساییان بەرامبەر بکرێت و سزا بدرێن.
سەرچاوەکان
802 بینین