خوازبێنی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-12-23:47:00 - کۆدی بابەت: 2212
خوازبێنی

ناوه‌ڕۆك

خوازبێنی - داخوازی

ئەو گەنجەی کە پێشتر لە نێو خەون و خەیاڵدا دەژیا، ئێست خودا وای بۆ ڕەخساندووە، کە کچێکی خۆشبوێت، چیتر بە شێوەی خەیاڵپڵاوی و سەراباوی ژیان بەڕێ ناکات، چونکێ خەریکە شەمەندەنەفەری ژیان بەجێ دەهێڵێت. ئەویش وەک هاوڕێکانی هەلی داخوازیکردنی کچێکی بۆ هاتووەتە پێش، سستی نواندن و فەرامۆشکردنی ئەم داوا سروشتییە، ئەنجامی خراپی لێدەکەوێتەوە.
خوازبێنی دایک و داپیرەکانی ئێمە لە ڕابردوودا بە شێوەیەکی پەنهان بووە، واتا لە کاتی ئەڵقەگۆڕینەوە زاوا و بووک یەکتریان دەبینی... (یان لە ڕۆژی گواستنەوە، بۆ یەکەمین جار چاویان پێک دەکەوت). دەنا هیچ کامیان ڕۆژێک لە ڕۆژان، بۆ چرکەیەکیش یەکیان نەدەدیت. لەم بارەوە چیرۆکی سەیر و سەمەرە دەگێڕنەوە، ژن خواستن و ژن هێنان وەک شێر و خەت وابووە، کوڕ و کچ قسەیان هەبووە. ئەگەر کوڕ و کچەکە قسەیەکیان کردبێێت، دەیان تاوانباریان خستوونەتە پاڵ و بە بێحەیا و بێشەرم لە قەڵەمیان داون!
ئەو گەنجە خوازبێنیکەرەی کە بە ڕادەیەکی زۆر هۆگری دایکی خۆیەتی، حەز دەکات ئەو کچەی داخوازی دەکات کتومت لە شێوەی دایکی بێت، ئەمەش زۆر جار گرفتی گەورە دروست دەکات، چونکە سروشتی هیچ کەسێک لە کەسێکی دیکە ناچێت، نەخوازەڵڵا دایک کە لە چاوی کوڕ و کچەکانی زۆر جیاوازە و هیچ ژنێکی دیکە لەو ناچێت.
گەنج دڵی بە کچێکی بێکەس دەسووتێت، لەبەر ئەوە داخوازیی دەکات و دەیهێنێت، وا دەزانێ بەزەیی پێدا هاتنەوەکەی خۆشەویستییە، خۆی و ئەو کچە دەخاتە نێو بەدبەختی و کڵۆڵی... چونکە بەزەیی و خۆشەویستی لە یەکتر جیاوازن، لەم بارەشەەو ڕووداو زۆرن، چیرۆکی ناخۆش دەگێڕنەوە. هاوسەرگیری دەبێت لەسەر بنچینەی ڕازیبوون و شایەنبوون و خۆشەویستی هەردوولا بێت، نەک لەبەر بەزەیی و چشتێکی دیکە... ئەگەر تۆ موسڵمانێکی ڕآستینە بیت، لە ڕوانگەیەکی دیکە یارمەتی بدە و بە جۆرێکی تر دەستباری ژیانی بۆ بگرە.
ئەو کوڕەی لەسەر خۆشەویستییەکی ڕآستینە داخوازیی کچێک دەکات، زۆربەی کات باشترین ئەنجام بەدەستەوە دێنێت. گوتمان خۆشەویستی ڕاستینە، واتاڵ خۆشەویستی ساختە و شەهوەتبازی و هەموو ئەو هەوڵانەی بە ناوی خۆشەوسیتییەوە دەدرێن دەچنە دەرەوەی ئەم قسەیەی ئێمە.
هەیە لەبەر بڕوانامە و کارێکی جیاواز، داخوازی کچێک دەکات، بەڵام هیچ خۆشەویستییەکی بۆ نییە.. ئەم تەرزە ژن و مێردەش بە زۆری بە تەڵاق کۆتایی بە ژیانی هاوسەرگیرییان دێت. ئەو کچەی شوو بە شوانێک دەکات لەسەر بنەمای خۆشەویستی زۆر باشترە لەو ژنەی لەسەر بنچینەی بڕوانامە و پیشەیەکی جیاواز، شوو بە کوڕێک دەکات...
گەنج هەیە بە ڕێبواری کچێکی بینیوە، بە هەڵسوکەوتی سەرسام بووە، ڕاستەوخۆ چووەتە داخوازیکردنی، هاوسەرگیری بەم پەلە پەلیە زۆر جار ئاکامێکی ناخۆشی لێ دەکەوێتەوە. زۆرن ئەو کچ و کورانەی بەم شێوەیە ژیانی هاوسەرگیریان پێکهێناوە، لە دوایدا ژیانیان بووەتە ژاری مار، هەزاران داخ و حەسرەتیان هەڵکێشاوە و خۆزیەیان خواستووە، بەڵام تازە کار لە کار ترازاوە و داری خۆزیا تازە بەر ناگرێت.
حەز دەکەم کەمێکیش ڕوو لە کچەخاتوون بکەم و پێی بڵێم:
کچی باش، ئەو ڕۆژەی کوڕێک دێتە خوازبێنیت، خۆت گرژ و مۆن مەکە، خێرایی لێدانی دڵت با کار نەکاتە سەر هەڵسوکەوتت، کە چوویتە ئەو ژوورەی کوڕەکەی لێیە، بە نەرمە بزەیەکەوە سڵاو بکە. لە کاتی دانیشتن هەوڵبدە خۆت کۆنترۆڵ بکەیت و بەسەر خۆتدا زاڵ بیت.
قسەکانت نە هێندە ڕەق و لە ڕوو بن، دانیشتوان هەست بە دڵرەقیت بکەن، یان بە بێ شەرمت لەقەڵەم بدەن، نە هێندەش شەرمن بیت نەتوانی قسە بکەیت و داواکارییەکانت بخەیتە ڕوو. هەتا دەکرێ مەسەلەی زێڕ و جل و بەرگ لەگەڵ کوڕەکە یەکلایی بکەوە، نەک لە نێو مەجلیس هەر یەکە و قسەی خۆی تێبخات و ببێە گەڕەلاوژە، قسەی ساردوسڕ بترازێتە نێو دانیشتنی خوازبێنییەکەت.
کچە شیرینەکەی خۆم:
جلوبەرگ بە تەنیا هیچ نییە ئەگەر بە شێوەیەکی کراوە، ڕووخساری شیرینی خۆت نیشان نەدەیت. ئەگەر جوانی و شەنگیت بەم جۆرە نەبوو، ئەوە خەندە و ڕووی خۆشت جوانییەکەت تەواو دەکەن. بۆیە با دەمت زەردەخەنەی هەر بەسەرەوە بێت، زەردەخەنە باشترین کلیلە کە دڵی کوڕە داخوازیکەرەکەت بکاتەوە، خەندە و پێکەنین، نەنگی و لەنگیی ڕووخسار دادەپۆشێت.
بەڵام وریابە! زەردەخەنەکەت لە کانگەی ڕآستییەوە سەرچاوە بگرێت، نەک بە شێوەیەکی ساختە خۆت بخەیتە ئەو حاڵەتە.
یەکەم بینین، کاریگەریی زۆر لەسەر دڵی هەردوولا پەیدا دەکات، دەبێ هەردوولا هەوڵ بدەن بە جوانترین و باشترین شێواز خۆیان بۆ ئەو ڕۆژە ئامادە بکەن، کە بناغەی ژیانێکی دوور و درێژی لەسەر دادەمەزرێت.


سەرچاوەکان



8960 بینین