توندوتیژی خێزانی بەرامبەر پیاو

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-16-20:58:00 - کۆدی بابەت: 2314
توندوتیژی خێزانی بەرامبەر پیاو

ناوه‌ڕۆك

توند و تیژی خێزانی بەرامبەر بە پیاو

لەوانەیە سەیر بێت کاتێک باسی ئەم جۆرە توند و تیژییە دەکرێت، یان بڵێن لەوانەیە هەبێت، بەڵام بە ڕێژەیەکی زۆر کەم، بە شێوەی حاڵەت هەیە و نەبۆتە دیاردە، ئەم بۆچوونە لەوانەیە ڕاست بێت ئەگەر تەنها باسی توندوتیژی جەستەیی بکرێت.
بە پێی ئاماری ڕێکخراوی یەکێتی پیاوانی کوردستان توند و تیژی جەستەیی دژ بە پیاوان لە بەرز بوونەوەیدایە و ئامار و ڕووداوەکانیش ژمارەی سەیر نیشان دەدەن، هۆکارەکانی ئەم توندوتیژیانەش جۆراوجۆرن، لە ساڵی ٢٠٠٨ دا ٢٣ حاڵەت، لە ساڵی ٢٠٠٩ دا ٥٦ حاڵەت، لە ساڵی ٢٠١٠ دا ٨٦ حاڵەت و لە ساڵی ٢٠١١ دا ١١١ حاڵەتی توند و تیژی دژ بە پیاوان لای ئەو ڕێکخراوە تۆمار کراوە، ٢١ حاڵەتی دەرکردنی پیاوانی بەساڵاچوو لە ماڵەوە هەبووە و ٣ حاڵەتیش لە لایەن هاوسەرەکانیانەوە کوژراون، بەڵام ئەگەر هات و باسی توندوتیژی دەروونی بکەین، ئەوا گومان دەکەن ڕێژەی بەکارهێنانی توندوتیژی دەروونی لە ئافرەت بەرامبەر بە پیاو، ئەگەر زیاتر نەبێت لە توندوتیژی دەروونی پیاو بەرامبەر بەئافرەت، ئەوا کەمتر نییە، بەڵام بە شێوەیەکی شاراوە و نەبینراو، هۆکاری باس کردنی بەکارهێنانی توندوتیژی بەرامبەر بە ئافرەت لە لایەن ئافرەتانەوە، بۆ بەهێزی توانای کۆمەڵایەتیی ئافرەت دەگەڕێنرێتەوە لە چاو توانای کۆمەڵایەتیی پیاو، چونکە کاتێک کێشەیەک یان گرفتێک لە نێوان ژن و مێردێکدا ڕووودەدات، ئەوا ئافرەتەکە زۆر بە ئاسانی دەتوانێت باسی کێشەی خێزانی بکات، جا لەگەڵ دراوسێی بێت یان لەگەڵ هاوڕێیەکی بێت یان لەگەڵ دایک و باوک و خوشک و برای بێت یان لەگەڵ ماڵی خەزوورانی بێت یان لەگەڵ هاوکارانی بێت لە کار، واتە دەتوانێت گرێی دلی خۆی لای زۆربەی خەڵک بکاتەوە و پشوویەکی دەروونی وەربگرێت، لەوانەشە بەهۆی ئەم باس کردنەوە لەگەڵ خەڵک کۆمەڵێک پێشنیار و ڕێگا چارەی دەست بکەوێت و بیر و بۆچوونەکانی بگۆڕێت لەسەر کێشەکە و لەگەڵ مێردەکەی ئاشت ببێتەوە، بەڵام ئەگەر سەرجنی توانای کۆمەڵایەتیی پیاو بدەین، دەبینین توانای کۆمەڵایەتیی پیاو لاوازە لە چاو توانای کۆمەڵایەتیی ئافرەت، پیاو ناتوانێت قسە لە لای هەموو کەسێک بکات و گرێی دڵی خۆی بۆ هەموو کەسێک بکاتەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە زۆر جار دەبینین هەوڵی شاردنەوەشی دەدات، شەرم دەکات ئەگەر هاتو خەڵک بزانێت کێشە و گرفتی خێزانی هەیە، ئەگەر هاتوو پرسیاریشی لێ بکەی بەوەی بۆ بێزەوقی یان بۆ بێتاقەت دیاری یان چیتە دەڵێ کێشەیەکت هەیە، لە وەڵامدا دەڵێ نا هیچ کێشەیەکم نییە، تەنیا کەمێک ماندوون یان نەخۆشم بۆیە وا دیارم، بەمەش ناتوانێت پشوویەکی دەروونی بدات و هاوکاری و سوود وەرگرێت لە پێشنیار و ڕێگاچارەی کەسانی دەوروبەری، بەڵکو خەمێکی تری بۆ زیاد دەبێت بەوەی هێز و تاقەتی لەوە سەرف دەکات کەس نەزانێت کێشە و کەم و کوڕیی هەیە، بێ خەبەر لەوەی بوونی کێشە حاڵی بەردەوامی ژیانی مرۆڤە و هەتا لە ژیاندا مابێت تووشی کێشە و گرفت دەبێتەوە.


سەرچاوەکان



1727 بینین