ناوهڕۆك
فشار و با لە کوردستان
تێکڕای فشاری ئەتمۆسفێری ساڵانە لە کوردستاندا، لە دەوروبەری ١٠٠٠ میلیبار دایە، بەڵام ئەم ژمارەیە بە پێی بەرزی و نزمی پلەی گەرما دەگۆڕێ. لە هاویندا، لەبەر ئەوەی هەوا گەرم دەبێت، ئەم ژمارەیە کەم دەکات، هەتاکو دەگاتە ٧٥٠ میلیبار، لە زستاندا، ئەم ژمارەیە بەرز دەبێتەوە، هەتا دەگاتە ١٣٥٠ میلیبار، ئەم بەرز و نزمییە، زیاتر لە مانگەکانی ساڵدا دەردەکەوێت، وەکوو چاوەڕوانیش دەکرێت، لە مانگە هەرە گەرمەکاندا، کە مانگی حەوت و هەشتدا فشار لەو پەڕی نزمیدا دەبێت، لە مانگە هەرە ساردەکانیشدا (دوانزە و یەک)، فشار دەگاتە ئەو پەڕی بەرزی.
با لە کوردستان، لە ڕووی سەرچاوەی هەڵکردن و پەیدابوونییەوە، بەسەر دوو دەستەی سەرەکیدا دەبەش دەکرێت، کە هەر دەستەیەکیشیان بە جیا، لە چەند جۆرێکی تایبەت پێک دێن، کە ئەمانەی لای خوارەوەن:
با گشتییەکان
ەبەست لە با گشتییەکان، هەموو ئەو بایانەن کە لە دەرەوەی کوردستانەوە هەڵدەکەن و بەسەریدا دێن و تێپەڕ دەبن، وەکوو:
شەماڵ
بای شەماڵ، لە زۆربەی ڕۆژەکانی ساڵدا دێت، لە باکووری ڕۆژئاواوە بەرەو باشووری ڕۆژهەڵات دەست پێ دەکات، ئەمەش لە لایەکەوە، لەبەر ئەوەیە کە چیاکانی کوردستان بە هەمان شێوەی ڕەوتی باکان هەڵ کەوتوون بە ناچاری پەیڕەویان دەکەن، لە لایەکی دیکەشەوە، لەبەر ئەوەی لە نێوچە جیاجیاکانی کوردستاندا، جییاوازیەکی زۆر لە فشاردا هەیە، بنکەی فشاری نزمی کەرتی ئاسیا، لە هاویندا لە باکوردا لە رۆژئاوای هیندستان دایە، لەبەر ئەوە بای شەماڵ، بەرەو ئەو ناوچە فشار نزمانە دەچیت و ناتوانێ بۆ ناوچەکانی دیکە بڕوات، لەبەر ئەوەی لەو ناوچانە، بنکەی فشاری بەرز هەیە، بە تایبەتی لە نێوچە شاخاوییەکاندا، بای شەماڵ لە کەژەکانی پایز و زستان و بەهار هەڵدەکات و هەمان سەمتیشی هەیە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە، کە بنکەی فشاری نزم لە کەنداوی عەرەبی دایە و بنکەی فشاری بەرزیش، لە نێوچە شاخاوییەکان دایە.
هورە (بای پێچەوانە)
هورە لە زستاندا، لە زەریای ناوەندەوە بەرەو باشووری ڕۆژهەڵات دێت، ئەمەش لە لایەکەوە لەبەر ئەوەیە، کە بنکەی فشاری نزم لە کەنداوی فارسیدا کۆ بۆتەوە و بۆ لەی خۆی ڕایدەکێشێت، لە لایەکی دیکەشەوە، لەبەر ئەوەیە کە ڕووی چیاکان لە باکووری رۆژئاواوە بەرەو باشووری رۆژهەڵاتە.
بای هورە باران لەگەڵ خۆیدا ناهێنێت، چونکە ئەو شوێنەی لێوەی هەڵ دەکات، وشکانییەم هەر بۆیە کە لە هاویندا هەڵدەکات، گەرم و وشکە و لە زستانیشدا، سارد و وشکە.
با خۆماڵییەکان
مەبەست لە با خۆماڵییەکان، هەموو ئە بایانەن کە لە زستاندا یاخود لا هاویندا، لە یەکێ لە نێوچەکانی کوردستانەوە هەڵدەکەن، هۆکەشی بۆ جیاوازی پلەی گەرما و فشارە دەگەڕێتەوە، ناوی باکانیش بە ناوی ئەو شوێنانەوە ناو دەنرێن، کە باکەیان لێوە دێت، هەندێ لەو با خۆماڵییانەش ئەمانەن:
قەهرە: ئەم جۆرە بایە بە تایبەتی لە گوندەکانی سەر بە نێوچەی مامەسێنەوە هەڵ دەکات و بە درێژای ڕووباری فەهلیان دێت، لە ڕووی کاتی هەڵکردن و پلەی گەرما و زیانبەخشینیدا، زۆر لە بای میترالی فەڕەنسا دەچێت.
سام: ئەم بایە لە نێوچەی مێشانەوە هەڵدەکات، بەرەو باکووری ڕۆژهەڵات دەڕوات، ئەم بایە یەکێکە لە با گەرمە خۆماڵییەکان.
ئاشوب: ئەم بایە لەسەر ڕوودی بوێری ئەحمەدی ژووروەوە هەڵدەکات. بۆ پوش و خواردەمەنە گیانلەبەران، بایەکی زۆر زیانبەخشە.
ئاب دەرخت بو: ئەم بایە لە بەهاراندا پەیدا دەبێت، لە ناوچەی سەر روودی بوێر ئەحمەدەوە هەڵدەکات.
کوێرە با: لە لەی باکووری ڕۆژهەڵاتی نێوچەی بەهمەئی ئەحمەدییەوە دێ و لە سەراتای پایز هەڵدەکات.
بەر ڕۆژ: ئەم بایە لە رۆژئاواوە بەرەو نێوچەی بەهمەئی ئەحمەدییەوە دێ و لە وەرزەکانی بەهار و هاوین و پایزدا هەڵدەکات.
گردلیلە: ناوچەی بوێر ئەحمەد ژێرێ، کانگای هەڵکردنی ئەم بایەیە، سمەتێکی دیاری کراوی نییە. بە بڕوای خەڵکی نێوچەکە هەڵکردنی ئەم بایە شەڕلەگەڵ خۆیدا دێنێت.
بای مەیدان: بایەکی خۆماڵی گەرمە لە ناوچەی بوێر ئەحمەدی گەرمەسێرەوە هەڵ دەکات.
بای چۆغان: بە دژوارترین بای ناوچەی بوێر ئەحمەدی ژێرێ دادەنرێت، بە زۆری لە زستاندا بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ هەڵدەکات، بایەکی بەهێزە و توانای لە ناوبردنی مرۆڤی هەیە.
ڕەشەبا: ئەم بایە لە زستان و هاویناندا، بە شەو و بە رۆژ، لە ناوچەکانی سلێمانی، کۆیە، ڕانیە، هەڵدەکات بۆ ماوەی چەندین رۆژ بەردەوام دەبێت، لە زستاندا سەرما و لە هاویندا گەرما لەگەڵ خۆی دەهێنێت، ئەم بایە لە هەندێک ناوچەدا بە زریان بەناوبانگە.
هەنوو: بایەکی ساردە، لە ناوچەی کوردستان هەڵدەکات، سەمتەکەی لە ڕۆژئاواو و باکووری ڕۆژئاواوە بەرەو رۆژهەڵات دەڕوات.
بای ڕووس: لە کۆتای هاوین و سەرەتای پایزدا لەناوچەی قروە هەڵدەکات، بایەکی ساردە.
بای چەپ: لە هاویندا بەو ناوچانەی بە سەریاندا تێدەپەڕێت فێنکای لەگەڵ خۆی دێنێت، ئەم بایە بۆ گیا سوود بەخشە، بەڵام لە زستاندا ساردە، ئەم بایە بە تایبەتی لە ناوچەی قروەوە هەڵ دەکات.
بای بزن کوژ: بایەکی ساردە لە پایز و زستاندا لە ناوچەی پارێزگای کوردستانەوە هەڵدەکات.
جگە لە با خۆماڵییانەی لەسەرەوە باسمان کردن، هەندێک بای دیکەش هەن وەکوو بورجی پیرێژن، بای دارئاوس... هتد.