ناوهڕۆك
ناساندن
سلێمانی (بە کورمانجی: Silêmanî، بە عەرەبی: السلیمانیة) شارێکی باشووری کوردستانە کە ناوەندی پارێزگای سلێمانییە. لە ئینگلیزی بە هەردوو شێوەی Sulaymaniyah و Slemani دەنووسرێت. ئیبراهیم پاشای بابان لە ١٤ی تشرینی دووەمی ١٧٨٤ شارەکەی دروست کردووە، ئەمەش کاتێک پایتەختی میرنشینەکەی لە قەڵاچوالانەوە گواستووە بۆ سلێمانی.
ژمارەی دانیشتووانی سلێمانی
دانیشتووانی سنووری پارێزگای سلێمانی لە ساڵی ١٩٩١ زیاتر لە ٩٥١ هەزار كەس بوون، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢١ گەیشتۆتە زیاتر لە دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار كەس. لە بەشی یەكەمی ئەو ڕووپێوەدا پارێزگای سلێمانی لە ساڵی ٢٠٢١ لە ڕووی كارگێڕییەوە بڵاوی كردووەتەوە، لە ساڵی ١٩٩١دا، پارێزگای سلێمانی لە (سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان، ڕاپەڕین) و یەكە كارگێڕییەكانی تری پێكهاتووە و ژمارەی دانیشتووانی ٩٥١.٧٢٣ كەس بووە، هەر بۆیە لەپێناو خستنەڕووی فراوانبوونی شارەكە و گۆڕانكاریی لەم ڕووبەرەدا، كۆی ژمارەی دانیشتووانی ساڵی ٢٠٢١یش بە كۆی ئەو ناوچانە خەمڵێنراوە كە دەكاتە ٢.٥٤٦.١٦٢ كەس.
سلێمانی گەورەترین پارێزگای عێراقە لەڕووی ژمارەی یەكەی كارگێڕییەوە و كۆی گشتی ڕووبەری سلێمانی بە ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین و پارێزگا هەڵەبجەوە ٢١٠٧١ كیلۆمەتر دووجایە. بەپێی ئاماژەكانی گەشەپێدانی هەزارە (Millennium Development Goals) لە ١٩٩٠ بۆ ٢٠١٥ سلێمانی پێشەنگی هەرێمی كوردستان و عێراقە.