ناوهڕۆك
ڕووەکی سروشتی لە کوردستان
ڕووەکی سروشتی هەروەک لە ناوەکەدا دیارە ئەو ڕووەکانە دەگرێتەوە کە لە خۆوە دەڕوێن، ڕووەکی سروشتی بە گشتی لە کارلێکی نێوان ئاو و هەوا و بەرزی و نزمی ڕووی زەوی و خاکدا بەرهەم دێت.
بەو پێیەی جیاوازییەکی ئاشکرا لەو ئاو و هەوای ڕووی زەوی هەرێمدا هەیە، جیاوازییەکی هاوتاش لە ڕووەکی سروشتدا بەدی دەکرێت، ئەم جیاوازییەش لە نێوان دارستانی چیاکان و کورتەگیای دەشتەکان بە ڕوونی دیارە.
هەرێمی کوردستان دابەش دەبێتە سەر دوو پشتێنەی سەرەکیی ڕووەک، ئەوانیش پشتێنەی دارستانەکان و کورتەگیا (سهوب)، هەروەها ڕووەکی سروشتی دیکەش هەن کە لە وەرزی باران باریندا گەشە دەکەن.
ناوچەی دارستان و گژوگیا شاخاوییەکان
زۆربەی دارستانە سرووشتییەکان دەکەونە باکوری ڕۆژهەڵاتی هەرێمەوە، درێژبوونەوەی دارستانە سروشتکردەکان شێوەیەکی کەوانەیی وەردەگرێت کە لە باکووری ڕۆژئاواوە بە ئاڕاستەی باشووری ڕۆژهەڵات درێژ دەبێتەوە، ئەمس هەمان ئاڕاستە و جێکەوتە کە هێڵەکانی باران لە ناوچەکەدا دەیگرنەبەر.
هەروەها زۆربەی ئەو دارستانانەی لە بەرزایی ٦٠٠-٢٠٠٠٠م ڕوواون واتە دەکەونە ناوچەی ئاو و هەوای دەریای ناوەڕاستەوە کە زستانی سارد و هاوینان فێنک و مامناوەندییە، ڕادەی دابارینی ساڵانە لەو ناوچەدا لە نێوان ٥٠٠-١٢٠٠ ملم دایە، جیاوازی بڕی دابارین لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر بۆتە هۆی جیاوازی چڕی دارستانەکان.
ئەو ڕووبەرەی کە دارستانی سروشتی دایدەپۆشێت بە نزیکەی (٦) ملیۆن دۆنم مەزندە دەکرێت، و بە شێوەیەکی جیاواز لە دەڤەرەکانی هەرێمدا بڵاو بوونەتەوە.
سێ کۆمەڵەی سەرەکیی دارستانی سروشتی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە
دارستانە کراوەکان
ئەو دارستانە پەرت و بڵاوبونەوانە دەگرێتەوە کە چڕییەکی دیاری کراویان نییە، بەڵکو لە کۆمەڵە درەخت و دەوەنی تاک و تەواو لێرە و لەوێ پێکهاتوون و مەودای فراوانیان لە نێواندایە. ڕووبەرەکەی نزیکەی ٤٨٪ ی ڕووبەری سەرجەم دارستانە سروشتییەکان پێک دێنێت، دەتوانین لەم جۆرە دارستانەمان لە چیای شنگال، گۆیژە و سەفین بەرچاو بکەوێت.
دارستانە چڕە مامناوەندییەکان
چڕیان مام ناوەندییە و بەهۆی بڕینی هەڕەمەکی بۆشایی و ناوچەی بێ درەختیان تێدا پەیدا بووە. ڕووبەرەکەیان بە نزیکەی ١٦٪ی ڕووبەری سەرجەم دارستانەکانە، لە ناوچەی سوارەتووکە و قەرەداغ و ئەتروش و چۆمان.
دارستانە چڕەکان
چڕییەکەیان زۆرە، جۆری درەختەکانیان چاکە و دەتوانرێ لە بەرهەمهێنانی کەرەستەی دارین لە تەختە و ....هتد بەکار بهێنرێت، ڕووبەرەکەیان بە ڕێژەی ٢٦٪ی کۆی ڕووبەری دارستانەکان پێکدێت.
ناوچەی گژوگیا
بە زۆریی ڕووەکەکانی لە ناووچەی زورگ دا هەیە و بە چاکترین لەوەڕگای هەرێم دادەنرێت، چەندایەتی و دابەش کردن و تایبەتمەندی گژوگیایەکەشی بەپێی ئەو جێگەیەی لێی دەڕوێت جیاوازن، لە سنووری خوارووی ئەم ناوچەیەدا گیا و ڕووەکی بیابانی زیاتر پێوە دیارە، بەڵام لە ناوچە شاخاوییەکان دەچێت، ئەم جیاوازییەش چۆنیەتی ئاو و هەوا و بەرزی و نزمی ڕووی زەوی دەردەخەن، ئەوەتا باران لە باشووری ناوچەکە ٢٠٠ ملمە، بەرز دەبێتەوە بۆ ٤٠٠ملم لە سنووری باکوری ناوچەکە. لە ڕووەکە بەناوبانگەکانی ئەم ناوچەیە گژوگیا جۆراوجۆرەکان وەک کەنگر و تۆڵەکە ...هتد.