ناوهڕۆك
حوکمی تاکڕەوی
لەم شێوە حومکڕانیەدا تاکە کەسیك دەسەڵاتدارە و پیادەی حوکم دەکات، بە شێوەیەک بە مافی کەسێتی خۆی دادەنێت و گشت دەسەڵاتەکانی حوکم لە ژێر دەستی ئەودا دەبێت و ئەو بەڕێوەی دەبات، ئەمەش یا میراتگری یا بە دەستکەوت. لە سێبەری ئەو جۆرە ڕژێمانەدا بەرپرسان و لایەنگران بۆ دەبێت و لە ژێر دەستی تاکە کەسێک فەرمانڕەوایی دەکرێت، ڕا و بۆچوونی گەل هیچ نرخێکی نابێت تاکە کەسەکەی کە فەرمانڕەوایی دەکات دەست بەسەر کار و دەستی بەسەر ماف و ئازادی هاوڵاتیاندا گرتبێت.
کە دەبێتە دوو بەش:
پاشایەتی بێ سنوور
پاشایەتی بێ سنوور پشت بە میراتگری دەبەستێت، بەو مانایەی گواستنەوەی دەسەڵات بە پشتاو پشتە، سەرۆکی وڵات لە سێبەری ئەم جۆرە ڕژێمانە جا بە ناوی میر بێت یا سوڵتان یان پاشا یا ئیمپراتۆر یا بە هەرناوێک داڕێژرابێت تەنها سەرچاوەی دەسەڵاتە و خاوەنی هێز و بڕیارە، دەسەڵاتێکی دیاری کراوی سنوورداری نییە، بەڵکو سەربەستە لە بەڕێوەبردن و بڕیاردان بە بێ هیچ چاودێر و سانسۆرێک، میللەت بە گشتی دەکەوێتە ژێر ڕکێف و فەرمان و بڕیارەکانی ئەوەوە، دەبێت هەمووش گوێڕایەڵی فەرمانەکانی بن.
ڕژێمی پاشایەتی بێ سنوور لە سەدەکانی کۆن و سەدەکانی ناوەڕاستدا باو بووە، بەڵام لە کاتی ئێستادا نەماون، یان زۆر بە دەگمەن ماون، ئەم ڕژێمانە گۆڕاون بۆ پادشایەتی دەستووریو سنووردراو، بەڵام پاشماوەیان لە زۆر شوێنی جیهان ماوە.
ڕژێمی دیکتاتۆری کۆماری
ئەم جۆرە ڕژێمە شێوەیەکە لە شێوەکانی فەرمانڕەواییکردنی تاکە کەسی بونیاد نراوە کە تاکە کەسێک دەسەڵات بەڕێوە دەبات، بەڵام ئەم جۆرە فەرمانڕەواییەتیە بە میراتگری و پشتاوپشت نابێت، بەڵکو بە سەپاندنی هێز و کودەتا تاکە کەسێک دەسەڵات دەگرێتە دەست و دەبێتە سەرچاوەی گشت دەسەڵاتەکان و خاوەنی سەرجەم بڕیار و فەرمان و لەکار لابردنێک، دەبێت میللەت بە گشتی گوێڕایەڵی و سەر دابنەوێنێ بۆی، بە بێ هیچ سەرپێچی و گفتوگۆ کردنێک لەسەر بڕیارەکانی نابێت هیچ بۆچوونێک لەسەر ڕا و بۆچوونی ئەودا بێت و بەرهەڵستکاری فەرمانەکانی بکرێت.
دیکتاتۆریەت ڕژێمێکی تاکە کەسییە و پشت بە گەل نابەستێت، بایەخ بە ڕای گشتی خەڵک نادات، دەسەڵاتی بەسەر گشت دەزگاکانی دەوڵەتەوە هەیە، دەسەڵاتێکی فراوان و ڕەهای هەیە، هەدنێ جار بڕیارەکانی لە سەرووی یاساوەن، ئەو تاکەش بە دیکتاتۆر ناسراوە بە مانای فەرمانڕەوایەکی ناڕەوا یان سەرکوتکەر یان فەرمانڕەوای خۆسەپێنەر، ئەم دیکتاتۆرەش بە ڕێگەی زەبری هێز و شۆڕش یان ڕێگەی کودەتای سەربازی (انقلاب العسکري) یان لە ڕێگەی هەڵبژاردنی لە لایەن گەلەوە دێتە سەر دەسەڵات، بەڵام پاش ماوەیەک دەسەڵاتی خۆی دەسەپێنێ و هەموو دەسەڵاتەکان دەخاتە ژێر دەستی خۆیەوە، بە هەمان شێوە گەر گەل ئەنجومەنی نوێنەرایەتی هەبێ ئەوا ئەنجومەنەکەش لە ژێر فەرمانی ئەودا کار دەکات، نابێ دژایەتی فەرمانی ئەو بکرێ نموونەی ئەم ڕژێمانە زۆرن، ڕژێمی (سەدام حسێن) یەکێک بوو لەم شێوازی حوکم کردنە.
ئامانجەکانی دیکتاتۆر چییە؟
دیکتاتۆر (پاشا بێت یان سەرۆک کۆمار) بۆ هێنانە دی ئامانجەکانی و درێژەدان بە دەسەڵاتی پشت بەم ڕێگەیانە دەبەستێ:
- حوکمی تاکڕەوی حیزبی لە وڵاتدا، واتە تاکە حیزبێک کە لە وڵاتدا ڕێی پێدراوە حیزبی دیکتاتۆر خۆیەتی و ڕێگە بە دروستبوونی پارتی ڕامیاری دیکە نادات، هەروەها گشت سەندیکا و ڕێکخراوە ئافرەتی و کرێکاری و خوێندکاری و قوتابی...هتد. هەموو هەر لە ژێر دەسەڵاتی خۆیەتی و سەر بە پارتی فەرمانڕەوایە. نموونەی ڕژێمی نازی لە ئەڵمانیا و فاشی لە ئیتاڵیا.
- دەست بەسەرداگرتنی گشت هۆیەکانی ڕاگەیاندن و دەزگاکانی پڕوپاگەندە لە پێناو بەرژەوەندییە تایبەتیەکانی خۆی.
- هەندێ جار پەنا دەباتە بەر پڕۆسەی هەڵبژاردن بۆ چەواشەکردنی خەڵکی و لە پێناو پیشاندانی جۆرێک لە خۆدەرخستن بەوەی حکومەت لە بەرژەوەندی گەل و وڵات کار دەکات.
- دیارترینیشانەی حوکمی دیکتاتۆری بریتییە لە زۆرداری و توندوتیژی و خوێنڕشتن و شەڕ و کوشتار و جینۆساید کردنی هاونیشتیمانیان.